گرنگى په‌روه‌رده‌ی ژینگه‌یى له‌ناوه‌نده‌کانى خوێندن

6 ساڵ لەمەوپێش



ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د مه‌ولود

ژینگه‌ ناوه‌ندێکى سروشتیه‌ مرۆڤ و زینده‌وه‌ره‌کانى به‌ئارامى تێدا ده‌ژیت، ئه‌مه‌ش واى کردوه‌ ژیانى مرۆڤ به‌رده‌وام بێت و چالاکیه‌کانى رۆژانه‌ى خۆى به‌ رێکوپێکى ئه‌نجام بدات، له‌ئێستادا پرسى ژینگه‌ بابه‌تێکى هه‌ستیارى نێو پرسه‌کانه‌ له‌ جیهاندا، بۆیه‌ لێکۆڵینه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ى زانستى بۆ ده‌کرێت و کۆنفرانس و کۆڕو کۆبونه‌وه‌ى جه‌ماوه‌رى بۆ ده‌به‌سترێت، تاوه‌کو له‌رێگه‌ى ئه‌م هه‌وڵانه‌وه‌ بنه‌ماکان و رێگاکانى خزمه‌تکردن به‌ژینگه‌ ده‌ستنیشان بکرێن و ببن به‌بناغه‌یه‌ک بۆ ئه‌وه‌ى کارى جدى له‌سه‌ر بنیات بنرێت، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا په‌روه‌رده‌ی ژینگه‌یى که‌ بۆ یه‌که‌م جار له‌کۆنگره‌ى ستۆکهۆلمى سالى 1972 وه‌کو  کۆڵه‌گه‌یه‌ک له‌کۆله‌گه‌کانى پاراستنى ژینگه‌ دانیپیانرا، ده‌کرێ به‌هۆکارى رزگاربونى سامانى سروشتى هه‌ژمار بکرێت له‌و پیسبونه‌ى که‌هه‌ساره‌که‌مان له‌ئێستا و داهاتودا توشى ده‌بێت، ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین ئه‌م کاره‌ هه‌وڵ و ماندوبونێکى زۆر باشى ده‌وێت له‌سه‌رجه‌م بواره‌کانى ژینگه‌پارێزىو په‌روه‌رده‌ی ژینگه‌یى له‌گه‌ڵ له‌دایکبونى منداڵ له‌لایه‌ن خێزانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات، پاشان له‌گه‌ڵ قۆناغه‌کانى خوێندن درێژه‌ى ده‌بێت.
په‌روه‌رده‌ى ژینگه‌یى تایبه‌ت نیه‌ به‌چه‌ند که‌س و گروپێک به‌ڵکو ئه‌رکى هه‌موو تاکێکى کۆمه‌ڵگایه‌ به‌بێ جیاوازى به‌تایبه‌ت ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ بڕیاره‌کانیان کاریگه‌رى ڕاسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆى ده‌بێت له‌سه‌ر زیادکردن و که‌مکردنه‌وه‌ى گرفته‌ ژینگه‌ییه‌کان، چونکه‌ هه‌ستکردن و ژیرى ژینگه‌یى به‌ته‌نها به‌س نیه‌ بۆ پاراستنى ژینگه‌، به‌ڵکو پێویسته‌ هه‌ستکردن به‌ به‌رپرسیاریه‌تى ژینگه‌یى ببێته‌ ئاکارو خوڕه‌وشت و له‌ناو ناخى تاک بچه‌سپێت، تاوه‌کو کارى جدى و بابه‌تى له‌پێناو بکرێ، هه‌مو هه‌وڵدانێکى له‌م جۆره‌ش بۆ ئه‌و ئاڕاسته‌یه‌ هه‌نگاو ده‌نێت که‌ڕۆڵى تاک له‌ناو کۆمه‌ڵگادا زیادبکات و سه‌نگى خۆى هه‌بێت، تاوه‌کو ببێته‌ که‌سێکى خاوه‌ن بڕیارو ژینگه‌ پارێز، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ پێویسته‌ گه‌شه‌ى هۆشیارى ژینگه‌یى له‌ رێگه‌ى په‌روه‌رده‌ى ژینگه‌یى دروست ببێت، جا چ په‌روه‌رده‌ى نافه‌رمى که‌ئه‌مه‌یش خۆى له‌ رێکخراوه‌کان و خێزان و ده‌زگاکانى حکومه‌ت و مزگه‌وته‌کان و هۆکاره‌کانى راگه‌یاندن .....هتد ده‌بینێته‌وه‌، یاخود په‌روه‌رده‌ى فه‌رمى که‌ له‌باخچه‌ى ساوایان ده‌ستپێده‌کات بۆ خوێندنگاکان و پاشان بۆ کۆلێژ و په‌یمانگاکان، ده‌کرێ له‌رێگه‌ى ئه‌مانه‌وه‌ زۆرترین کار بکرێت به‌تایبه‌ت له‌رێگه‌ى ده‌سته‌به‌رکردنى هۆشیارى ژینگه‌یى لاى خوێندکارو ده‌وڵه‌مه‌ندکردن و ئاراسته‌کردنى ئه‌م هۆشیاریه‌ بۆ ئاکارو هه‌ڵسوکه‌وت و ره‌وشتێکى جوان له‌گه‌ڵ ژینگه‌، ئینجا زانیارى ژینگه‌یى تێکه‌ڵى سه‌رجه‌م وانه‌کان بکرێت، ئه‌م تیکهه‌ڵکێشیه‌ش له‌وانه‌یه‌که‌وه‌ بۆ وانه‌یه‌کى تر ده‌گۆرێت، هه‌ر وانه‌یه‌ک به‌پێى سروشتى خۆى، سه‌رکه‌وتنى ئه‌م شێوازه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه‌ سه‌ر قه‌ناعه‌ت و بڕوای خودى مامۆستایان، چونکه‌ بۆچونه‌ باشه‌کانیان کاریگه‌رى ده‌بێت بۆ ئاراسته‌کردنى قوتابیان بۆ گرنگیدان به‌ ژینگه‌، پاشان راهێنان و پێگه‌یاندنى خوێندکار له‌سه‌ر شوێن و پێگه‌ى خۆى له‌سه‌ر زه‌وى و چۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌کردنى له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر و ده‌رخستنى کاریگه‌رى و زانست و ته‌کنه‌لۆژیا له‌ پێشخستنى په‌یوه‌ندى خوێندکار و ژینگه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ ده‌توانین ئاگاداربین له‌هه‌نگاوه‌کانى بوارى پاراستنى ژینگه‌، هه‌روه‌ها به‌ به‌رده‌وام ڕێکخستنى په‌یوه‌ندى پۆزه‌تیڤى نێوان قوتابى و ژینگه‌و به‌هێزکردنى ڕۆڵى خوێندکار له‌بوارى پاراستنى ژینگه‌ و دۆزینه‌وه‌و داڕشتنى ئه‌و کارانه‌ى ده‌بنه‌هۆى که‌مکردنه‌وه‌ى کاریگه‌ریه‌ نێگه‌تیڤه‌کان له‌سه‌ر پرسى پاکڕاگرتن و پاراستنى ژینگه‌ى ناوه‌نده‌کانى خوێندن له‌ڕاستیدا گرینگى په‌روه‌رده‌ى ژینگه‌یى وایکردووه‌ که‌ وڵاتان له‌سه‌ر ئاستى دونیا سیسته‌مێک بۆ پاراستنى ژینگه‌ دابنێن و له‌ڕێگه‌ى کۆنفرانس و وۆرکشۆپ و توێژینه‌وه‌ى زانستى بۆ دروستکردنى ڕه‌وشتێکى به‌رزو هه‌ڵسوکه‌وتێکى ته‌ندروست و خه‌مخۆرانه‌ له‌پێناو کارکردن بۆ ئه‌و ژینگه‌یه‌ى که‌ ژیانى هه‌موو لایه‌کمانى پێوه‌ به‌نده‌، مرۆڤ پێوسیتى به‌ په‌روه‌رده‌ى ژینگه‌یى هه‌یه‌، تاوه‌کو له‌و رێگه‌یه‌وه‌ بنه‌ما سه‌ره‌کیه‌کانى ژینگه‌ بناسێت و بگات به‌ به‌رهه‌مێکى ته‌ندروست و ئاوێکى خاوێن، بۆ ئه‌وه‌ى به‌و هۆیه‌وه‌ پارێزگارى بکات له‌خودى خۆى، هه‌روه‌ها بۆ یارمه‌تیدانى تاک و وه‌ده‌ستهێنانى هۆشیارى ژینگه‌یى، تاوه‌کو زانیارى جۆراوجۆرى له‌باره‌ى ژینگه‌ و گیروگرفته‌ ژینگه‌ییه‌کان ده‌ستبکه‌وێت، هه‌وره‌ها رۆل و کارامه‌یى خۆى له‌و ناوه‌نده‌ بخاته‌گه‌ڕ بۆ چۆنیه‌تى ده‌ستنیشانکردنیان و دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى گونجاو بۆیان. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار