ئەوروپا و سەردەمی تاریکی
4 مانگ لەمەوپێش
د. سەردار عەزیز
جارێکی تر سەردەمی فاشیزم و کۆمیونیزم ئەوروپا و ئەمریکا دەگرێتەوە.
ئەم ڕەوتانە ناو بە ناو کاتێک دیموکراسی و لیبراڵیزم و ئابوری کراوە توشی قەیران دەبێت، خێرا، وەک ڕێگاچارە و چارەسەر سەرهەڵئەدەن.
کۆمیونیزم یان سۆشیالیزم لە گەڵ فاشیزمدا، وەها وێنای یەکتر دەکەن کە دوو هێزی دژ بە یەکن.
بەڵام هەردوکیان خۆیان بە بەدیلی لیبرالیزم لە قەڵەم دەدەن.
دەکرێت بەم دوو هێزە بڵێین هێزی سەردەمی قەیران.
لە دۆخی قەیراندا، مرۆڤەکان بە دوای بەدیل و چارەسەردا دەگەڕێن، زۆرجار فشاری قەیران دەرفەتی ئەوەیان بۆ ناهێڵێتەوە هەتا بە هێمنی و کاوەخۆیی هەموو لایەنەکانی دۆخەکە ببینن.
بۆیە زۆرجار چارەسەری گشتگیر و ئاسان دەبێتە دەرمانی دەردەکان.
بە جۆرێک هەتا دۆخەکە قەیراناوی بێت چارەسەرەکان خەیاڵاویی و وەهمی تر دەبن.
ئەمە ئەو دۆخە ئایدیۆلۆجییەیە کە خەڵک بڕوا دەهێنن بە بڕوا.
بەو مانایە ناتوانن عەقڵانیانە ئەوەی بڕوایان پێیەتی هەڵیبسەنگێنن.
بەڵکو لە ناچاریدا بڕوای پێدەهێنن. بڕواهێنان ئامادەبونە بۆ قبوڵکردن بەبێ گومان و پرسیار.
لە هەمانکاتدا فاشیزم و سۆشیالیزم، لە زۆر ڕوەوە هاوبەشن.
هەردوو بڕوایان وەهایە کە مێژوی مرۆڤایەتی لە سەر ململانێ بونیادنراوە، لە ئەنجامدا دەبێت ئەوان سەربکەون و نەیارەکانیان ملکەچ یان لەناوببرێن.
ئەم باوەڕە بۆ مێژوو لە هەمانکاتدا یانی بڕواهێنان بە توندوتیژی وەک ئامرازی سیاسەت.
هەردوو فاشیزم و کۆمیونیزم بە هیچ شێوەیەک سڵ لە بەکاربردنی توندوتیژی ناکەنەوە بۆ گەیشتن بە ئامانج.
لە ڕاستیدا هەردوولا بڕوایان وەهایە توندوتیژی پێداویستییە.
لەم ڕۆژانەدا لە ئیمێڵێکدا کە لە خانەی بیری هێرتجەوە هاتبوو، دێڕێکم بینی مایەی حەپەسان بوو.
کێڤن ڕۆبەرت کە بەرپرسی خانەی بیرەکەیە، بڕوای وەهایە دەبێت واشنتۆن بسوتێنن هەتا ئەمریکا بگەڕێنینەوە.
دەکرێت ئەم دێرە بە هەردوو شێوازی واقیعی و میتافۆرییش بخوێنرێتەوە.
بەڵام خواستی وێرانکردن بۆ گەیشتن بە ئامانج لە کرۆکی هەردوو ئایدیۆلۆژیاکەدایە.
هەردوو ئایدلۆژیا لە مێژویاندا هەمیشە بەرهەمهێنانی کەسی بەهێز و خاوەن دەسەڵاتی پاشایانە، دیاردەیەکی دووبارەبوەوەیە.
چونکە هەردوو ئایدەلۆژیاکە یۆتۆپیایین، هەبونی کەسێکی کاریزمی پێویستە بۆ ئەوەی خەڵک سەر گەرم بکات و هێندە بیر لە ئاڵۆزییەکانی واقیع نەکەنەوە.
لە هەمانکاتدا هەردوو بڕوایان وەهایە کە کەسێک دەتوانێت لە بڕی هەموان بیربکاتەوە و چارەسەری کێشەکان بکات.
هەر هەمان کێڤن ڕۆبەرت کاتێک کە دادگا بڕیاری لێبوردەیی و پارێزبەندی بۆ ترەمپ دەرکرد، ئەو وەهای دەبینی کە بڕیارێکی تەندروستە لە پێناو گەڕانەوەی ئەمریکا.
ئەم دۆخە لە ستالین و ماو و کیم و زۆری ئەوانی تری سورەکانیشدا دەبینین.
ئەمەش هۆکاری ڕەفتاریی کەڵتیانەیە.
نە فاشیستەکان و نە سۆشیالیستەکان بڕوایان بە تاک نیە.
بەڵکو تاک دەبێت لە هەناو کۆدا بتوێتەوە.
ئەو کۆیە ڕەنگە نەتەوەبێت لە کەیسی فاشیستدا، یان کۆمۆنە بێت لە کەیسی کۆمیونیزمدا.
بڕوانەبون بە تاک هاوئاهەنگە بە بڕوانەبون بە ئازادی، بە جیاوازی، بە ڕای خەڵک، بە گفتوگۆ، بە پرسکردن، بە لێبوردەیی و سنگفراوانی و زۆر خەسڵەتی تر.
فاشیستەکان و کۆمیونیستەکان ئەم خەسڵەتانە بە خەسڵەتی لیبرالەکان دادەنێن و نەفرەتی لێدەکەن.
لە میانەی ململانێیان لە گەڵ لیبرالەکاندا هەردوو فاشیست و چەپەکان ئەدەبیات و فەلسەفەی هاوبەشیان بەرهەم هێناوە، لە هەمانکاتدا بیرمەندە فاشییەکان بوون بە سەرچاوەی بیری چەپەکان.
بۆ نمونە، کەسێکی وەک کارل شمت، تێزەکانی لە لایەن چەپ و فاشیستیشەوە بەکار دەبرێت.
هەروەها هایدگەر بیرمەندی گەورەی هەردوو بەرەکەیە، لەم دواییانەشدا نیتچە و برێکی زۆری بیری پۆستمۆدێرن.
لە هەناو مێژودا زۆر چەپمان بینی بوون بە فاشیست، زۆر فاشیست بوون بە چەپ، بۆ نمونە میلۆسۆڤیچ یان پوتین.
ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە هەمیشە چەپەکان خۆیان بە خاوەن دەوڵەمەندی فیکریی و کەلتوریی دەزانن و فاشیست وەها لە قەڵەم دەدەن کە لە ڕوی فیکرەوە هەژاره.
ئەمە بە زەقی لە کارەکانی بیرمەندی ئیتالی نۆربەرت بۆبیودا Norberto Bobbio دا دیارە.
قەیرانی گەورەی فاشیزم و کۆمیونیزم ئەوەیە کە ناتوانن حوکم بکەن، چونکە ئەوان دەیانەوێت واقیع دروست بکەن، نەک حوکمی بکەن.
دروستکردنی واقیع هەمیشە پرۆژەیەکی پڕ توندوتیژییە و جگە لە کوشتوکوشتار و بێ نرخبونی مرۆڤ هیچی تری لە مێژودا بەرهەم نەهێناوە.
سەردەمی ئەوە بە سەرچوو کۆمەڵگا بە یەک جۆر لە بیر حوکم بکرێت، یان زۆر خراپتر، تاقە کەسێک خۆی لێبببێت بە بیرمەندی مرۆڤایەتی و لە ئەشکەوتی دابڕاوی خۆیدا بڕیار و چارەسەر بۆ مرۆڤایەتی دەستنیشان بکات، وەک ماو دەیکرد.
دەبێت ئەوە لە بەرچاو بگرین کە فاشیزم، هێندەی کەلتورە، هێندە ئایدەلۆژیا نیە، وەک جۆن بۆرینساید لە ڕۆمانی درۆکانی باوکمدا واڵای دەکات.
کەلتور بەمانای ئەوەی بەشێکە لە ژیانی ڕۆژانەی پیادەکراوی کۆمەڵگاکان.
بۆیە فاشیزم هەم مۆدێرنە و هەم نامۆدێرن.
کۆمیونیستەکان و فاشیستەکان یەکتریش تەواو دەکەن، چەپ کە نەیاری خێزانی تەقلیدیە، دەبینین مناڵی خێزانە هەڵوەشاوەکان سەرکردەی فاشیستەکانی ئەمڕۆن، جۆرجیو میلۆنی، هەم خۆی دایکێکی تاقانەیە و هەم لە خێزانێکی هەڵوەشاوەوە هاتوە.
هەروەها جۆردن بۆردیلۆ، لە خێزانێکی شکستخواردووەوە هاتوە