لە ماوەی 10 شەودا لە شاری سلێمانی دوو کەس لەلایەن دوو کارمەندی هێزەکانی کۆماندۆوە کوژراون
6 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
شەوی ڕابردوو لە گەڕەکی شاری سلێمانی بەهۆی دروستبوونی دەمەقاڵێوە گەنجێک کوژرا و کەسێکی دیکەش برینداربوو، بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان بێت ئەو کەسەی تەقەی کردووە کارمەندێکی هێزەکانی کۆماندۆیە.
دوای رووداوەکە بەرێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "شەوی 27ی تەموزی 2024 لە گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان دوو هاوڵاتی دروست دەبێت، بەداخەوە دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی کەسێک، ڕاستەوخۆ هێزەکانی ئاسایش گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و تۆمەتباری ڕووداوەکە دەستگیردەکەن، لەپێناو سەروەربوونی یاسا کارمەندێکی (هێزەکانی کۆماندۆ) بە تۆمەتی هاوکاریکردنی بکوژەکە، لەلایەن کۆماندۆی کوردستان ڕادەستی هێزەکانی ئاسایش کرا".
لە ماوەی ئەم مانگەدا ئەمە دەبێتە دووەم حاڵەتی کوشتن لە گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی کە کارمەندانی هێزەکانی کۆماندۆ تیادا تۆمەتبارن و بەپێی راگەیەندراوەکانی ئاسایشی سلێمانی بێت هەردوو کارمەندەکەی کۆماندۆ دەستگیرکراون.
رووداوی یەکەم لە شەوی 16ی تەموزی 2024 بوو کە کارمەندێکی هێزەکانی کۆماندۆ دەستڕێژی گولـلەی لە مێردامنداڵێک بەناوی "شا ڕەوەند" کرد و کوشتی، هەروەها رووداوی دووەم ئەمشەو 27ی تەموزی 2024 بوو کە کارمەندێکی هێزەکانی کۆماندۆ تەقەیکردووە و بەهۆیەوە کەسێک بە ناوی "ئاری ڕزگار" کوژرا و کەسێکی دیکەش برینداربوو.
بەپێی ئەو زانیارییانە بێت کە هاوڵاتی وەریگرتووە، کەیسی هەردوو رووداوەکە لە ئاسایشی سلێمانی و لەئێستادا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
هێزەكانی كۆماندۆ لە شاری سلێمانی هێزێكی راهێندراوی پڕچەكە و لەلایەن بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە سەرپەرشتی دەكریت.