zhyr

لە نێوان مەرگی(جۆرج فلۆید و ئاری چایچی)دا ڕووداو هاوشێوە و ئەنجام جیاواز

3 مانگ لەمەوپێش



د. شێرکۆ حەمەئەمین

 

یەکەم:

جۆرج فلۆید پیاوێکی تەمەن ٤٦ ساڵی ڕەشپێستی ئەمەریکی بوو، لە ٢٠٢٠/٥/٢٥ لەلایەن پۆلیسێکەوە دوای ئەوەی، بۆماوەیەک ئەژنۆی لەسەر ملی دانا، گیانی لەدەستدا. هەموومان ئێستا ئەم چیرۆکەمان دێتەوەیاد.

دوای ئەو ڕۆژەو لە ٥/٢٦ بەگشتی لە هەمو ویلایەتەکانی ئەمەریکا و چەند شوێنێکی دیکەی جیهان خۆپیشاندان و ناڕەزایی خەڵک دەستیپێکرد، هەتا پۆلیسەکە سزای یاسایی خۆی وەرگرت.

ئەمە بەڵگەی زیندووێتی خەڵک و بەرزی گیانی بەرپرسیارێتییە، بە پێچەوانەی لای خۆمان، کە زۆری قسە و کەمپینی سۆشیال میدیا و کەمی کردار تائاستی نەبوون، سیمایەکی دیاری ئێستامانە.

تازەترین چیرۆکی لای خۆشمان کوشتنی بەناحەقی ئاری چایچییە، لەلایەن چەکدارێکی کۆماندۆوە، کە ڕاستەوخۆ سەرۆکی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکایەتییان دەکات و زۆرجار پۆشاکی ئەوان دەپۆشێ و سەردانیان دەکات و دەستخۆشییان لێدەکات.

دیارە ئەمە یەکەم چیرۆک و دوا چیرۆکیش نابێت، پێشتر لەهەولێر لەسەرلایتی ئۆتۆمبیل بارزان کوژرا و نمونەی تریش، کە بەپێی ئامارەکان لە دەڕۆژی ڕابوردوودا ‌ئەمە دووەم حاڵەتی کوشتنە لە گەڕەکی ڕاپەڕین لەلایەن هەمان هێزەوە، بەڵام بەداخەوە، وەک هەر ڕوداوێکی دیکە چەند ڕۆژێک سۆشیال میدیا پڕدەکات و دواتر کەفوکوڵەکە دەنیشێتەوە و سەرۆکیش پەیامێک دەدات و دەڵێت، خۆم پارێزەری کوژراوەکەم، یان لە پشتەوە بە فشار و سوڵحی عەشائیری کۆتایی بە چیرۆکەکە دێت.

جا ئێستا خۆتان لە نێوان خۆمان و ئەمەریکادا داوەری بکەن و بزانن ئەوان لەکوێن و ئێمە لەکوێین؟!

 

دووەم:

نمونەیەکی دیکە، هەفتەی ڕابووردوو٧/٢٢  بڕیاربوو، لە دژی داگیرکاری تورکیا لەبەردەم باخی گشتی گردبوونەوەیەک ئەنجامبدرێت، ئاسایش بەهێزێکی زۆرەوە پێش وەختە شوێنەکەیان تەنی و ڕێگەی چالاکییەکەیان نەدا، دواتر ژمارەیەک لەو چالاکوانانە چوونە سەراو بەندەش گەشتمە لایان، لەگەڵ دەسپێکی خوێندنەوەی بەیانەکە، کە چەند کەسێک بووین، هێزەکانی ئاسایش بەجلی ڕەشەوە گەشتنە شوێنەکە و بووە ڕاکێشان و پیاکێشان و  هاوڕێیەک برینداربوو، ڕێک کاتژمێر ٦:٣٠ ی خولەکی ئێوارە لە سەرا، کە جمەی دەهات و بەشی زۆر خەڵکی ناڕازی و تێکۆشەری دێرینن، بەڵام  نەکەس تێکەڵ بوو،  نەبوون بە بەشێک لە چالاکییەکە.

ئێتر ئەمە دەیسەلمێنێت، کۆمەڵگا لە چ دۆخێکدایە و دەسەڵاتی بنەماڵەیی و دەستبارەکانیان ئیستیعمارئاسا چییان بەم کۆمەڵگایە کردووە؟ وەک خۆیان دەڵێن: "ئەوەی بەعس بەم کۆمەڵگایەی نەکرد ئێمەکردمان".

بۆیە من لای خۆمەوە داوای لێبوردن لە ڕۆحی ئاری چایچی و قوربانییەکانی دیکە و کەسوکاریان دەکەم و ڕۆحیان شادبێت.

ماوەتەوە بڵێیین، وا بڕوات وەک سەردەمی هیتلەر لەسایەی ئەم بێدەنگییەوە نۆرەی هەموومان دێت، ئەوسا ئیتر کەس نامێنێت تا بەرگریمان لێبکات!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار