لە12ى ئۆکتۆبەرەوە بۆ 16ى ئۆکتۆبەر

6 ساڵ لەمەوپێش



زانا ئەحمەد
ڕەنگە ئەم دوو بەروارە بۆ هەر هاونیشتیمانییەکى باشورى کوردستان دوو ڕۆژى دیارو پڕ لە یادەوەرى بێت و لەو ڕۆژانەبێت، کە پانتاییەکى زۆرى لەهزرى تاک بەتاکى کوردا داگیر کردووە و لەبیرکردنى ڕوداو دیمەنە تراژیدیەکانى ئەو رۆژانە لاى هەریەکەمان هەروا کارێکى ئاسان نەبێت. ڕۆژى 12ى ئۆکتۆبەر کاتێک سەرۆکى بەرزترین دام دەزگاى تەشریعى دەیویست وەک هەر ڕۆژێکى ترى ئاسایى بڕواتەوە بۆ باڵەخانەى پەرلەمان و ئەداى ڕۆڵ و کارەکەى بکات، بەڵام لەلایەن کۆمەڵێک چەکبەدەستى موچەخۆرى حکومەت و جێبەجێکەرى فەرمانى حزب، ڕێگرى لێدەکرێت، ئیتر ئەم ڕێگریکردنە وا دەکات نزیک بە دوو ساڵ و نیو باڵەخانەى پەرلەمان زیاتر لەباڵەخانەیەکى دواى کاولکاری و ئاڵۆزیەکانى جەنگ بچێت نەک باڵەخانەى پەرلەمان. بمانەوێت یاخود نا ئەو رۆژە دەلاقەى کردەوە بۆ یاساشکێنى لە هەرێمى کوردستان و بوویە هەوێنى داهێنانى چەندین ڕوداوى نەخوازراوى دیکە کە ئێستاشى لەگەڵ دابێت تاک بە تاکمان بەدەست دەرهاویشتەکانى ئەو ڕوداوەوە دەناڵێنین، سیستمى پاشەکەوتى موچەو گرانکردنى سوتەمەنى و ....هتد لە نموونە دیارەکانى دەرهاویشتەى ئەو ڕوداوەن.

ئەگەر بۆ نەتەوەکانى دیکە 16ى ئۆکتۆبەر ڕۆژێکى ئاسایى بێت، ئەوا بۆ کورد نەک ڕۆژێکى ئاسایى نیە، بەڵکو ڕوداوەکانى ئەو ڕۆژە و ڕۆژانى دوایى هێندە ناخهەژێنن کە گەورە و بچوکى کورد ناتوانن بە ئاسانى لەیادى بکەن و دیمەن و ڕوداوە تراژیدیەکانى ئەو ڕۆژە لەبیر خۆیان ببنەوە، چونکە لە چەند کاتژمێرێکى کەمدا زیاتر لە نیوەى خاکى هەرێمى کوردستان هەڕاجفرۆشکراو بوویە قوربانى ریفراندۆمى سەربەخۆیى و ململانێى ناوخۆى حزبەکان.

ئاخر گەلى براینە ئاسان نیە دەریایەک خوێنت لە پێناو ئازادکردنى ئەم نیشتیمانەدا بەخشیبیت، بەڵام لە کون فەیەکونێکدا زیاتر لە نێوەى تەسلیم بە پۆستاڵ لەپێیەکانى حەشد و سوپاى عێراقى بکەیت.! هەرچەندە ئەم دوو ڕوداوە نموونەى دەیان ڕوداوى ترى هاوشێوەن کە بەدرێژاى خەباتى ڕزگاریخوازى گەلى کورد تۆمار کراون، بەڵام بەحوکمى جۆرو تازەیى ڕوداوەکان ڕەنگە زیاتر لە هەر ڕوداوێکى تر مێشکى تاک بەتاکى کوردى داگیر کردبێت. بەشێک لەو ڕوداوانەش هۆکار گەلێکى وەهایان دروستکردووە، کە ڕیگرى تەواو بکەن لە دروستبوونى کیانى سەربەخۆى کوردى و هۆکار بوون بۆئەوەى بەدرێژاى مێژوو کوردببێتە ئەکتەرێکى ژێر دەستەو بەزیو لەشانۆى سیاسى عێراقدا. بۆیە گرنگە لە ئێستاوە سەرجەم هێزولایەنەسیاسیەکان ئاوڕیک بۆ ڕابردووبدەنەوە و پلان و بەرنامەیەکیش بۆ داهاتوو دابڕێژن، بۆئەوەى چیتر ئەم هەرێمە لەژێر ڕەحمەتى مەترسى ئەم گروپ و ئەو گروپ و ئەم وڵات و ئەو وڵاتدا نەبیت، چونکە ئێستا ناوچەکە بەرەو ململانێ و جەنگێى هەرێمى هەنگاو دەنێت و پێناچێت کوردیش ئاسان بتوانێت بەکەمترین زیان لەم کێشمەکێشم و ململانێیەدا ڕزگارى بێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار