گرعزێر و سیبا شێخ خدر؛ ١٤\٨ یادی قوربانیانی کوشندەترین کردەی خۆکوژی لە عێراق
3 مانگ لەمەوپێش
ڕێناس حەسەن
ئەمڕۆ١٤\٨ حەڤدە ساڵ تێ دەپەرێ بەسەر گەورەترین تەقینەوەی خۆکوژی لە عێراق و یادی قوربانیانی ئێزیدی لە شارەدێی گرعزێر دەکرێتەوە. لە ١٤\٨\٢٠٠٧ لە چەند کردەیەکی خۆکوژیدا چوار بارهەڵگری بۆمبڕێژکراو لە شارۆچکەی باعجی عەرەبی سونە نشینەوە روودەکەنە ناوەندی شارەدێی گرعزێر و گوندی سیبا شێخ خدری ئێزدی نشین و چوار تەقینەوەی خۆکوژی جیا ئەنجام دەدەن و نزیکەی ٤٠٠ ئێزدی دەبنە قوربانی. لە مێژووی عێراقدا ئەم کردەوە خۆ کوژییە بە گەورەترین تەقینەوە هەژماردەکرێت کە زۆرترین قوربانی و برینداری لێ کەوتەوە.
تا ئێستا ئامارێکی ووردی زیانەکان لە بەردەستدا نییە، بەڵام ژمارەی قوربانیانی ئەم تەقینەوەیە بە نزیکەی ٤٠٠ قوربانی و زیاتر لە ١٠٠٠ بریندار دەخەمڵێنرێ جگە لە ڕوخان و کاولبوونی سەدان ماڵ و موڵک و دوکانی هاوڵاتیانی ئێزدی.
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان و پرسیارە، ئەم کردەوە خۆکوژییە بەو ڕێژە زۆرەی زیان و قوربانییەوە، نە ئەو کات و نە ئێستاش سەرنجی لایەنە دەسەڵاتدارەکانی عێراق و کوردستانی ڕانەکێشا. تەنانەت میدیای ناوخۆ و دەرەکیش هیچ گرنگییەکی ئەوتۆی پێ نەدا.
لەو کاتەدا ئەم کارەساتە کوشندەترین تەقینەوەی خۆکوژی لە عێراق و دووەم کوشندەترین تەقینەوەی خۆکوژی بوو لە جیهاندا لە دوای هێرشەکەی قاعیدە لە ١١ی سێپتێمبەری ٢٠٠١ بۆ سەر ئەمریکا.
لە کەتێکدا تەقینەوەکەی ١١ی سێپتێمبەر هاوکێشەی سیاسی جیهانی گۆڕی، تەقینەوەکەی ١٤ی ٨ی گرعزێر و سیبا شێخ خدر، وەک لاشەی بەشێک لە قوربانییەکان کە هیچ پارچەیان نەدۆزراوەیەوە، لە مێژوو و یادگەی خەڵکیدا وون بووە.
ئەوانەی یادی قوربانیانی ئەم کارەساتە دەکەنەوە لە کەسوکاری قوربانییەکان و جڤاکی ئێزیدییان تێ ناپەڕێ.
ئەم کردەوە خۆ کوژییەی دژ بە هاوڵاتیانی ئێزیدی لە گەرمەی ململانێی خێڵەکی و مەزهەبی نێوان ساڵانی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٠٩ و هەروەها جموجۆڵی هێرش و خۆکۆژی چەکدارانی گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکانی سەر بە قاعیدە لە عێراق، ڕویدا.
رووداوەکانی ئەو ساڵانەی دژ بە ئێزیدیەکان، بە تایبەت لە شنگال و موسڵ زەنگێکی مەترسیداربوون و پشتگوێخستنیان لەلایەن دەسەڵاتەوە بووە ڕێخۆشکەر و بنچینەی جینۆسایدی هاوڵاتیانی ئێزدی بە دەستی گروپی تیرۆرستی داعش لە بەرەبەیانی ٣ی ٨ی ٢٠١٤دا. لە دەستوری نوێی عێراق ٢٠٠٥دا، شنگال کە دەکەوێتە پارێزگای نەینەواوە، دەبێت بە بەشێک لە "ناوچە جێناکۆکەکان" لە نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان.
قەزایەکی وەک شنگال دەبێتە ناوچەی ململانێی دەسەڵات و خەڵکەکەی قوربانی یەکەمی ئەم ململانێیانەن.
دانیشتوانی قەزای شنگال پێک دەێت لە ئێزدی و عەرەبی سونە و شیعە و ژمارەیەکی کەمی مەسیحی. قەزاکە لە چەندین شارەدێ و گوند پێک دێت، کە زۆربەی دانیشتوانەکەی پەیڕەوانی ئاینی ئێزیدین و بە کرمانجی دەدوێن.
لە دوای ٢٠٠٥ەوە ، حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری کارگێڕی و بەڕێوەبردنی ناوچەکە دەگرێتە دەست تا ساڵی ٢٠١٤ و داگیرکاری داعش.
وەک ناوچە جێناکۆکەکانی دی، شنگال وەک پەراوێزخراوترین ناوچە دەمێنێتەوە لە نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە رووی خزمەتگوزاری گشتی و بژێوی ژیان و ئاسایش و سەقامگیری.
لەگەڵ دروستبوونی شەڕی خێڵەکی و مەزهەبی لە عێراق و زیادبوونی چالاکی تیرۆستی گروپە توندڕەوەکانی وەک قاعیدە لە دوای ٢٠٠٤ەوە، دانیشتوانی شنگال و دەوروبەری وەک ناوچەیەکی فرە دینی و فرە نەتەوەیی پەراوێزخراو، دەبێتە یەکێک لەو ناوچانەی کە کاریگەریەکانی ئەم ململانێیەی بە زەقی تیادا دەردەکەوێ.
لە ناو ئەمانەشدا، بە دیاریکراوی جڤاکی ئێزیدی وەک پێکهاتەیەکی نا-موسوڵمان بەمەبەستەوە بە ئامانج دەگیرێن. دانیشتوانی ئێزدی دەبنە قوربانی تەقینەوەی خۆکوژی و هێرشی ناوبەناوی قاعیدە و خەمساردی حکومەت و دەسەڵات لە پاراستنیان.
لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ مافی کەمینەکان، لە ٢٠٠٤دا و تەنیا لە سێ مانگدا، ٢٥ حاڵەتی کوشتن و ٥٠ حاڵەتی توندوتیژی بەرامبەر ئێزیدیان تۆمارکراوە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری شیکاگۆ، حازم عەڤداڵ، ڕزگاربویەکی جینۆسایدی ٢٠١٤ و دەرچوی زانکۆی شیکاگۆ دەڵێت، "لەو ساڵانەدا، ئەستەم بوو بزانی کێ نەیارتە.
هێرشیان دەکرد و تێکەڵ بە کۆمەڵگا دەبوونەوە.
ژیان بۆ ئێمە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٣ - ٢٠١٤ بە تەواوەتی وەستا. ژیان ببوە ترسێکی بەردوام."
لە ڕوی بژێویەوە، زۆربەی هاوڵاتیانی ئێزیدی شنگال پێش هاتنی تیرۆرستانی داعش لە ٢٠١٤دا، بە کاری ئاژەڵداری و کشتوکاڵیەوە سەرقاڵ بوون.
بەهۆی کەمی هەلی کار و سەختی بژێوی ژیان، پیاوان و تەنانەت منداڵەکانیشیان بۆ کار روویان دەکردە سەنتەری شارەکانی کوردستان و شارەکانی دی عێراق.
فەلاح حەسەن کە خەڵکی شنگالە زۆر جار بۆ کار لەگەڵ چەندین هاوڕێی دی هاتونەتە هەولێر.
کاتێک بە سۆرانی دەدوێ وا دەزانی خەڵکی هەولێرە سۆرانیەکی هێندە باش فێربووە و دەڵێت، "بۆ ماوەیەکی زۆر لە هەولێر کاری بیناسازیم کردووە، چەندین ساڵ لەوێ بووم و بەهۆی ئەو کارانەوە فێری سۆرانی بووم".
لە گەرمەی شەڕی خێڵەکی و گروپە توندڕەوە ئیسلامیەکان، ئەو هاوڵاتییە ئێزیدیانەی بەهۆی کارەوە یان خوێندنەوە هاتوچۆی نێوان شنگال و شارەکانی دی عێراقیان دەکرد، ببونە ئامانجی ئەم گروپە توندڕەوانە.
لە ٢٠٠٧دا چەکدارانی گروپە توندڕەوە سوننەکان هێرشدەکەنە سەر پاسێک کە ٢٣ کرێکاری ئێزدی هەڵگرتبوو کە لە کارگەیەکی موسڵ کاریان دەکرد و سەرجەم سەرنشینانی پاسەکەیان کۆمەڵکوژکرد.
جگە لەمە چەندین هاوڵاتی دی ئێزیدی لە ناو موسڵ و دەوروبەری لێرە و لەوێ دەکوژران.
ئەم رووداوانە ترس و دڵەڕاوکێی زۆر دروست دەکەن، بە سەدان خوێندکاری زانکۆ و پەیمانگاکانی موسڵ دەستبەرداری خوێندن دەبن و هەندێکیشیان روودەکەنە زانکۆکانی کوردستان.
بەڵام، هێشتا مەرگ بەرۆکی ئێزیدیان بەرنادات و ئەمجارە بە چوار ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری بۆمبڕێژکراو هێرش دەکرێتە سەرئێزیدیانی هەردوو کۆمەڵگەی گەر عزێر و سیبا شێخ خدر.
هەرچوار بەرهەڵگرەکە ١٤ی٨ لە هەمان کتادا و لە کاتژمێر ٧:٢٠ی ئێوارە دەتەقێتەوە و بە سەدان زیانی گیانی و مادی لێ دەکەوێتەوە.
میری ئەو کاتەی ئێزیدیان، میر تەحسین بەگ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی گاردیان، دەڵێت کردەوە خۆکوژییەکەی ١٤ ی ٨ جێی سەرسوڕمان نەبوو، لە کاتێکدا هاوڵاتیانی ئێزدی بە ئامانج دەگیرێن لەلایەن گروپە توندڕەوەکانی ناوچەکەوە و لەلایەن دانیشتوانە عەرەبەکانی گوندەکانی سەر سنوری سوریا، ڕێگری دەکرێت لە گەیشتنی کەرەستەی خۆراکی و سوتەمەنی بۆ شنگال.
پێش داگیرکاری داعش، بە سەدان خوێندکاری ئێزیدی بۆ درێژەدان بە خوێندن روویان دەکردە زانکۆ و پەیمانگاکانی موسڵ بەو پێیەی نزیکترین شارە لە شنگالەوە.
بەهەمان شێوە ئەم خوێندکارانە دەبوونە ئامانجی چەکدارانی گروپە توندڕەوەکان.
لە زانکۆی موسڵدا لە ٢٠١٣دا نامیلکە و پەیام بڵاودەکرێتەوە بۆ خوێندکارانی ئێزیدی و هەڕەشەیان لێ دەکرێ کە نەیەن بۆ زانکۆ دەنا دووچاری مردنی خۆیان دەبنەوە.
لە ئاکامی ئەم هەڕەشە و ترساندنە، بە هەزاران خوێندکاری ئێزدی دەستبەرداری خوێندن دەبن. ئەم جۆرە رووداوانە بەردەوامییان دەبێت و سەرەتای هێرشەکانە بۆ سەر شنگال کە لە مانگی ٨ی ٢٠١٤دا و لەلایەن گروپی تیرۆرستی داعش بە شێوەیەکی سیستماتیکی و کوشندە ئەنجام دەدرێ.
دەیان هەزار ئێزیدی دەکوژرێ و کۆی دانیشتوانی ئێزیدی لە شنگال و ناوچەکانی دی کە زیاترە لە ٤٠٠هەزار هاوڵاتی ئاوارە دەبن، زیاتر لە ٥هەزار ژن و منداڵی ئێزیدی دەڕفێندرێت کە تا ئێستاش چارەنوسی زیاتر لە ٢٧٠٠ ژن و منداڵ نادیارە.
بە پێی ئاماری حکومەتی هەرێم، لە دوای ٢٠١٤وە زیاتر لە ١٢٠ هەزار ئێزدی بۆ وڵاتانی ئەوروپا کۆچیان کردووە، کە ئەم ڕێژەیەش %١٥ی دانیشتوانی ئێزیدییە لە عێراق و کوردستانیان.
ئەم مێژووە و ڕووداوەکانی هەفتەی ڕابردوو ئەو ڕاستییە دەردەخەن کە جڤاکی ئێزدی پارێزراو نین لە بەرامبەر گروپ و لایەنە توندڕەوەکاندا.
هیچ کام لە دەسەڵاتی عێراق و کوردستان نەیانتوانییوە پاراستنی پێکهاتەی ڕەسەنی ئێزدی لەو هەلومەرجەی لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا ڕەخساوە بەو جۆرەی پێویست دەکات بگرنە ئەستۆ.
بە جۆرێک کە بیری توندڕەوی و گوتار و ڕەفتار دژی جڤاکی ئێزیدی بەردەوامی هەیە و لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بە زەقی لە ناو کۆمەڵگەی کوردستانیشدا ڕەنگدانەوەی هەیە.
بە پێی ئاماری سەکۆی شنگال بۆ دایالۆگی کراوە، تەنیا لە ٩ ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ١ میلۆن هەڕەشە و گوتاری ڕق و کینە ئاڕاستەی جڤاکی ئێزدی کراوە.
زۆربەی ئەم گوتارانە لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە ئاڕاستە کراوەن و لە نێویاندا، مەلا و کادری حیزبە ئیسلامییەکان و کەسانی ناوەندە ئەکادیمیەکان و هونەرمەند هەن.
هەموو ئەم کارەسات و ماڵوێرانیانەی پێش جینۆسایدی ٢٠١٤ بەسەر جڤاکی ئێزدیاندا هات نەبوونە پێشهات و زەنگی ئاگادارکردنەوە تا بەر بە هێرشی داعش و جینۆسایدی ئێزیدیدا بگیرێت.
تەنانەت ئەم کارەساتەنە نەبونەتە وانەیەک بۆ درککردن بەو ڕاستیەی قبوڵنەکردنی ئێزیدیان وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەنی کۆمەڵگەی کوردستان و هاندانی بیر و ڕەفتاری ڕق و کینە بەرامبەر پەیڕەوانی ئاینی ئێزدی، ئاکامەکەی ماڵوێرانی و زەمینەسازییە بۆ سڵ نەکردنەوە لە دووبارەبونەوە و ئەنجامدانی کرداری جینۆساید.