نەرمین مەعروف: ئەو پارەیەی ئەمڕۆ عێراق ناردی بۆ مووچەی مانگی ٨ە نەک مانگی ٧
3 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 550 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان نارد و پەرلەمانتارێكیش دەڵێت: ئەو پارەیەی عێراق ناردویەتی بۆ مووچەی مانگی ٨ە نەک مانگی ٧.
د.نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، عێراق تەنیا بڕی ٣٥ ملیار و ٤٢٦ ملیۆن دینار بۆ مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەران دەنێرێت و بڕی ٥٥٠ ملیار دیناریش وەک مووچەی فەرمانبەرانی شارستانی بۆ مانگی ئاب بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم ناردوە، مووچەی مانگی 7 خراوەتە بری ئەو پارە زیادانەی، كە لە مووچەی مانگەكانی پێشوو بۆ هەرێم نێردراوە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو پارەیەی ئەمڕۆ نێردرا بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی ٨ی فەرمانبەرانی مەدەنی هەرێمی كوردستانە، نەک مانگی ٧.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، عێراق تەنیا بڕی ٣٥ ملیار و ٤٢٦ ملیۆن دینار بە شایستەی هەرێم دەزانێت بۆ دابینکردنی موچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێم. ئەمە لە کاتێکدایە دوو مانگە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە.