گەل چی دەویست؟

10 مانگ لەمەوپێش




ئەم نووسینە زنجیرە وتارێکە هەفتانە، د. ئەحمەد فاتح محەمەد دەینووسێت

"بەشی یەکەم"

لە دوای تێپەڕینی زیاتر لە سێ دەیە بەسەر حوکمڕانیی کوردییدا لە هەرێمی کوردستان، کاتی هاتووە بپرسین: ئایا شۆڕش و قوربانییدان و ماڵوێرانییەکانی گەلی کورد، بۆ ئەم جۆرە لە دەسەڵاتدارێتیی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان بوو؟! ئەم پرسیارە پرسیارێکی بونیادییە و دەبێت هەڵوەستەی لەسەر بکرێت.

گەلی کورد لە هەرێمی کوردستاندا و لە هەزارەی سێهەم و لە سەردەمی زیرەکیی دەستکرددا مافی خۆیەتی بپرسێت: ئایا وەک گەلانی دونیا شایستەی حوکمێکی خۆماڵیی ڕەشید نین وەک ئەوەی دەگوترێت؟ گەل دەپرسێت ئەمە چ سەردەمێکی ناشرین و بێمۆراڵە کە دەسەڵاتی خۆماڵیی تەی دەکات؟ لە دوای «٣٠» ساڵ لە حوکمڕانیی گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان نەفرەت لەم دەسەڵاتە دەکات و بگرە بە سەرچاوەی ئاشوب و نەهامەتیی و ماڵوێرانییشی دادەنێت.

ماوەی نێوان ١٩٩١ بۆ ٢٠٠٣، پڕمەینەتییترین ساڵانێکە کە گەلی کورد تێیدا ژیاون، هەر لە تاڵانکردنی دامودەزگا خزمەتگوزارییەکانی حکومەتەوە بۆ دابەشبوونە ناتەندرووستەکانی نێو پەرلەمان و حکومەتی فیفتیی بەفیفتیی و تۆخکردنەوەی مۆرکی حزبایەتی بەسەر تاک و کۆمەڵگادا تا دەگات بە شەڕی براکوژیی و دەستێکەڵکردن لەگەڵ وڵاتانی دەرەکییدا بۆ شکاندنی ئیرادەی یەکتری؛ پاشان لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ٢٠٢٤، پاشەکشێی یارییکەرانی ناو کایەی حوکمڕانیی کوردیی بە بەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە لە تەواوی ئاستەکانی وەک سەربەخۆیی ئابووریی موزەییەف و بەرهەمهێنانی ئۆپۆزسیۆنێک کە لە بری ئومێد وەهمی دەرخواردی خەڵک دا، دەبینرێت.

جگە لەوانەش پشتگوێخستن و لە بیرکردنی ماددەی ١٤٠ و ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی وەهمی و وتێکچونی هاوسەنگیی هێز و لەدەستدانی بەشێکی خاکی کەرکوک، ڕیزێک شکستی دیکەی دەسەڵاتن سەرئەنجامیش بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و ڕەوتی پۆپۆلیستییەوە هیوا و خەونی چەندین ساڵەی گەلیان بە کۆرپەیی و لەناو لانکەدا خنکاند.

هەربۆیە ئەمڕۆ گەلی کورد لە بێئومێدتریین قۆناغەکانی خۆییدا دەژی و تێیدا ڕەشبینیی سنوورەکانی دیاردەشی تێپەڕاندووە و بووە بە فاکتێکی دانەبڕاو لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و بەرەو سەرگەردانبوون و ونکردنی ئاڕاستەی ئێستا و داهاتوو پەلکێشیان دەکات، بە ڕادەیەک کە بە ئاشکرا نەفرەت لە هەموو پیرۆزییەکانی خۆی دەکات؛ لە کاتێکدا مێژوو شاهیدی ئەو ڕاستییەیە، کە ئەم گەلە ستەمدیدەیە لە ڕابردوودا هەمیشە گەلێکی فیداکار و گیانبەختکەر بووە بۆ خاک و وڵاتی خۆی.

کەواتە ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لە سایەی حوکمڕانیی نادرووست و ناجۆری خۆماڵییەوە هاتووەتە بەرهەم.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار