دووبارەنەکردنەوەی ئەزموونی شکست
2 مانگ لەمەوپێش
داستان بەرزان
دەسەڵاتی بێهیوایی
حوکمڕانی پاش ڕاپەڕین لە باشووری کوردستان نمونەیەکی بەرجەستەیە لە ئەزموونێکی پڕ لە شکست و مەینەتی بۆ مرۆڤی کورد، ئەوەش جۆرێک لە نائومێدیی مەترسیداری لەگەڵ خۆیدا هێنایە ئاراوە، چونکە ڕۆژگارێک خەونی گەورەی هەر کوردێک ئەوەبوو کە خۆی حوکمی خۆی بکات! بەڵام کاتێک ئەم خەونە بوو بە ڕاستی و بەشێکی کوردستان کەوتە دەست ئەو حزبانەی خۆیان بە خاوەنی ئەزموونەکە دەزانی، پێیان وابوو ئەوەی بەدەستهاتووە تەنیا ئەوان خاوەنین و دەتوانن مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. سەرئەنجام هەر بەو جۆرەشیانکرد، بەڵام دواجار چیمان بینی؟ چیمان لەگەڵ دەسەڵاتێکی کوردییدا ئەزموونکرد؟ چۆن مۆرڤی ئێمە هەستی پەشیمانی تێگەڕا و گەیشتە ئەو باوەڕەی دەسەڵاتی سەدامی دیکتاتۆر باشتربوو؟
بە کورتی جگە لە حوکمڕانییەکی نادادپەروەر، کە لە پێناو مانەوەی خۆیاندا بوو، لەسەر حسابی دەستبەرداربوون لە زۆر بەهای بنچینەیی کوردبوون، هیچی دیکەمان نەبینی! ئەوەی ئەزموونمانکرد سیستمێکی شەقوشڕی شکستخواردووبوو کە نمونەی لە دنیادا کەمە! ئەو باوەڕەشی بەشێک لە مرۆڤی ئێمە پێیگەیشتوون دیمەنێکی ئەوپەڕی کارەساتبارە کە دوای سێ دەیە لە حوکمی خۆماڵی؛ هیوا بە سەردەمی دەسەڵاتێکی ستەمکاری وەک بەعس بخوازێت! ئەمە ئەو ساتەوەختەیە کە دەبوو سیاسییەکانی ئەم بەشەی کوردستان زۆر بە قووڵی لەسەری بووەستن و بە هۆیەوە بە زۆر لایەنی خۆیاندابچنەوە، ئاخر بە ئاشکرا دەبینن خەریکە گەلێکی گەورەی خاوەن خاک و زمان و کۆی ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی دیکەی هەر گەلێکی ڕەسەن و زیندوو، لەسەر دەستی ئەوان بەرەو چ ئاقارێکی شەرمهێن ڕۆیشتووە و دەڕوات! بەڵام هێندەی ڕوون بێت سیاسییەکانی ئێمە زۆر لەوە چاوقاییمتر و لوتبەرز و بێباکترن کە شتانێکی وەها شۆکیان بکات.
بە گشتیی ئەو دەسەڵاتەی لە پاش ڕاپەڕین هاتەئاراوە، ڕووبەرێکی گەورە لە بێهیوایی لە گیانی تاکی ئێمەدا چاند، کارێکیکرد هیچ ئومێدێک نەمێنێتەوە بۆ ژیانێکی شایستە، بەجۆرێک مرۆڤی کوردی لەم بەشەی کوردستاندا بچووککردەوە و هەستی خۆبەکەمزانی تێدا چاند، تا ئەوەی هەست بە نەمانی ئیرادە و سەنگ و قورسایی خۆی بکات و هاوشێوەی کاراکتەری چەمشید خان لە ڕۆمانی (چەمشیدخانی مامم)ی (بەختیار عەلی)دا، هەر _با_ یەک بتوانێت لەگەڵ خۆیدا بیبات!
چاندنی تۆوی هیوا
ئەوەی گرنگە لە کۆی ئەزموونی پڕ لە تاڵی و نەهامەتی حکومڕانیی کوردییەوە ڕەچاوی بکەین، ئەوەیە کە لە ئێستادا دەتوانین بە چ شێوازێک هەر نەبێت بڕێک لەو ناهەموارییانەی کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی دوای ڕاپەڕینەوە دووچاری بووین کەم بکەینەوە؟
خۆشبەختانە هێندەی نەماوە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، چونکە ئەم پڕۆسەیە لە تەواوی دەوڵەتانی دیموکراسییدا وەک ئامرازێکی گرنگ تەماشادەکرێت بۆ دەستکارییکردنی سەرجەمی جومگەکانی حوکمڕانی؛ ئەگەر لە ئاست ویست و بەرپرسیارێتی خەڵکدا نەبن. هەر لەم سۆنگەیەوە پێویستە مرۆڤی ئێمە بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم خولەی هەڵبژاردندا بکات و نەبێتە ئامرازێک بۆ بەجێگەیاندنی خواستی کەسانێک کە پێشتر ژیانیان وێرانکردووە، بە تەنیاش ئەوە بەس نییە، بەڵکو دەبێت زۆر باش لەوەش تێ بگات ئەو کاتەی بڕیاری نەچوون بۆ دەنگدانیش دەدات، نەچوونەکەی خزمەت بە مانەوەی ئەم دەسەڵاتە شکستخواردووەی هەرێمی کوردستان دەکات.
بۆیە تاکە شتێک کە دەکرێت ڕۆڵی هەبێت لە گۆڕینی ئەم کەشە پڕ لە نائومێدییەدا؛ ئەوەیە تاکی ئێمە لەوە تێبگات چیتر ئەم حکومڕانییە بۆ ئەوە ناشێت بەردەوام بێت و لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. چونکە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵانی ڕابردوودا دروشمەکانی وەک (گۆڕانکاریی ڕیشەیی و چاکسازیی سەرتاسەریی و..هتد)مان، بینی کە نەک هەر نەبوون بە کردار، بەڵکوو بوون بە بەهانەیەک تا هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن هەوڵی درێژکردنەوەی دەسەڵاتی خۆیانی پێبدەن.
ئێستا پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە ئێمە دەبێت چی بکەین؟ بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە بە تەنیا دروستکردنی ئومێد نییە، ڕاستە ئێمە نائومێدین بەڵام نابێت بەپیر هەر ئومێدێکی ساختەشەوە بچین. بۆ ئەوەی لەم گێژاوە خنکێنەرەدا هەر چڵە پوشێکمان لێ نەبێت بە قەیاغی پەڕینەوە، دەبێت لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنێکی ورد، لە ڕێگەی دەنگەکانمانەوە دەرفەت بەو هێزە تازانە ببەخشین کە پێشتر بەشداریی حکومەت و دەسەڵاتیان نەکردووە، چونکە هەرنەبێت تاقیکردنەوەیان دەبێتە جۆرێک لە بەڵگە لەسەر نەبوونی حزب و لایەنی باشتر لەمانەی کە ئێستا ئەم هەرێمە بەڕێوە دەبەن.
گرنگە تاکی ئێمە بە وشیارییەوە بڕیار بدات کام هێز هەڵدەبژێرێت کە دیسانەوە نائومێدی بۆ ناکاتەوە بە چارەنووس. ئەوەش بێگومان لە ڕێگەی بەشداریکردنەوە لە هەڵبژاردنێکی خاوێندا دروست دەبێت، چونکە هەر خودی بەشداریکردن لەو پرۆسەیەدا هەنگاوێکی ڕیشەییە بۆ گەڕانەوەی هیوا و ڕەتکردنەوەی ئەم دۆخەی باڵادەستبووە. خۆشبەختانە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان زەمینەیەکی لەبارە بۆ گەڕانەوەی هیوا، چونکە زیاد لە چەند هێز و قەوارەیەکی سیاسی بەشدارن تێیدا، تاکو گەل بڕیاریان لەبارەوە بدات و هەڵیانبژێرێت. لە هەر بارێکدا هەوڵی ئێمە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەزموونی شکست، مانایەکی گەورە دەداتەوە بە ژیانی تێکشکاوی خەڵکی کوردستان؛ کە لە ڕابردوودا بەوپەڕی ئومێدەوە ڕاپەڕینی ئەنجامدا و کەچی دواجار دەستکەوت و پاداشتەکەی چنینەوەی برینی قووڵی نائومێدیی بوو.