سینەما بەلاش
3 هەفتە لەمەوپێش
ڕەحمان غەریب
لەسەرەتای راپەڕین و پێكهێنانی یەكەمین حكومەتی هەرێمی كوردستان تا هەنوكە هەرێم قەیرانی حوكمڕانی هەیە، سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵانەی بۆ گۆڕانكاری و دیموكراتیزەكردن دراون، نەتوانرا ژیانی سیاسی دێموكراسی بەهێز دروستبێت و پەرەی پێبدرێت، هەر دەورانێك قەیران رادەستی قەیرانمان دەكات و ژێردەستی سیاسی رادەستی داگیركاریمان دەكات.
دەنگدەری كوردستان ویستییان بوو هەرێمەكەیان لەڕووی ئابوورییەوە، ئەمنییەوە، كۆمەڵایەتییەوە سەقامگیر بێت، بەهرمەندیش بێت بەو شەرعییەتەی گەل بە هێزە سیاسییەكانی دەبەخشێت، سەرباری ساختەكاری لە دەنگەكانیان، پێنج جار چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان.
چینی سیاسی دەسەڵاتدار، مۆدێلێك لە حوكمڕانییان پێشكەشكردوون، كە"برا" بەشی بوو، بەشبەشكاری لە پۆست و پارەو دەسەڵات، لە گومركی مەرزەكان تا دەگاتە نەوت وغازەكە بۆ دەرمان هێلكەو جگەرەو دوگ تا سەندیكاكان و دەرمانی بەسەرچوو، ئەمە سروشتی حوكمڕانییەكەیان بووە.
ئێستا لەم كاتی بانگەشەیە، ئەوەی لە فەزای گشتی دەسوڕێتەوە، خستنەروووی چارەسەرو دەربازبوون نییە لەو قەیرانە، بەڵكو گوتارێكی پۆپۆلیستی كروزانەوەو خۆزەلیلكردنە بەئامانجی مۆنۆپلكردنی زیاتر، ئینجا زیندانیكردنی خەیاڵی دەنگدەر لە نێوان دوو گوتاری توندی یەكتر سڕینەوە، كە كێشەدارن، گرەنتی نیین بۆ كۆكردنەوەی دەنگدەر.
لوتكەی گاڵتەجاڕی گوتاری وەرگرتنەوە دەسەڵاتە لە پارتییەوە بۆ یەكێتی، یان بەپێچەوانەوە، كە گوتارێكی ساختە و فریودەر و دووڕووە، پێچەوانەی ڕاستی مێژووی هاوپەیمانی "برا" بەشییە، سادەتر: گوتاری مایەپووچبوونی شەراكەتی دوو گروپە بۆ پاوانخوازی زیاترو و كەڵكەكردنی سەرمایە لەسەر ئەم وێرانەیەی ناومان ناوە نیشتمان.
هاوڵاتی بەدبەخت یادگەی لاوازیش بێت، ئەوەی بیرنەچۆتەوە تا چوارشەممەی رابردوو ئەوەی لەهەرێمدا حوكمییان كردوە، یەكێتی و پارتی بوون، نەك نەوەی نوێ و بەرەی گەل، ئێستا ئەم ژینگە دەمارگیرو تۆقێنەرەی كە لەبانگەشەدا دروستیان كردوە، ئەم برەودانەیان بە روحی شارچێتی و ناوچەگەری، ئینجا تاوانباركردن و تەخوینكردن، دەبێت هەر "بۆ حەلاوەخانی باسكەن"، چونكە بەرهەمی پراكتیكی دەسەڵاتی سیاسییانە، نەك یەكێتی بە تەنها، نەك پارتی بە تەنها، بەڵكو هەردووكیان .
ئەم شەڕ و دڵڕەشەییە، ئەم هەموو دەمامكە، بۆ سەلماندنی ئەوەی كێ دەسەڵاتی لەكام ناوچەیە نەبوە، كێ دەسڵاتداری بێدەسەڵات بووە، بیربردنەوە دەنگدەرە لە جەوهەری كێشەكە، كە بێتواناییانە لە دامەزراندنی سیستمێكی سیاسی دێموكراسی كە ڕێز لە ئازادی و كەرامەتی ئینسانی بگیرێت، نەك كورتبكرێتەوە بۆ ئەوەی كێ ئەكتەری سەرەكی و كێ لاوەكی بووە.
شەحنكردنی توندڕەویو توندوتیژەیو هەڵبەستنی درۆی شاخدار، چاندنی تۆوی ترس و سام و رقو كینە، پارچەپارچەكردنی پەیكەری كۆمەڵگا، لە پێناو زامنكردنی دەنگ، دیمەنێكی ترسناكە زەمینەیەك دەرەخسێنێت تا دەهێنەری ئەم فیلمە ترسناكە، هەمووان خەڵتانی خوێن بكات، بە سینەما بەلاشەكەیشیانەوە.