zhyr

گەل چی دەویست؟

2 هەفتە لەمەوپێش



د. ئەحمەد فاتح

بەشی شەشەم/ ئەزمونێکی شکستخواردوو

 

لە دوای رووخاندنی ڕژێمی سەدام حوسێن، هەموو عێراق و وڵاتانی ئیقلیمیی و جیهان، چاویان لەسەر سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بوو، کە  زیاتر لە دوانزە ساڵ ئەزموونی حوکمڕانییان هەبوو، دەیانویست بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دەرفەتە مێژووییەدا دەکەن و بە قازانجی گەلەکەیان دەیقۆزنەوە! بەڵام ئەوەبوو سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەئەزمونێکی شکستخواردووەوە ڕوویان کردە بەغداد، ڕوویان کردە پایتەختێکی سیاسیی کە لەڕووی سیاسیی وسەربازیی وئیداریی- ەوە تازە لێکهەڵوەشابوو، شتێک نەمابوو بەناوی دەوڵەتی عێراق، وەک ئەوەی مێژوو گەڕابێتەوە بۆ ساڵی ١٩٢١ و لەسەروەختی دروستکردنەوەی مەملەکەتی عێراقییدا بین.

 

بەر لە چوونە بەغداد

لە بنەڕەتدا کێشەی کورد و نەتەوەی کورد(نەوەک کاستی سیاسیی)، کێشەی خاک و سنوور بوو، کێشەی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بوو، شۆڕش و جووڵانەوە سیاسییەکانی کورد لەسەر کەرکوک و ئەو ناوچانە بوون و لەپێناویاندا قوربانیی وخوێنی زۆر بەخشرا.

بەڵام هەر دوو حزبی سیاسیی و سیاسییەکانی کورد زۆر کورتبیین بوون، ئەگەر دوای ڕاپەڕیین ئەزمون و ئەقڵیەتی شاخیان بۆ شار گواستبێتەوە، بێگومان لەدوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن، بەشێک لە ئەزمونی شکستخواردووی حکومڕانیی کوردیی خۆیان گواستەوە بۆ بەغداد. گەل دەیویست لەدوای ڕووخانی ڕژێم، کورد یەکگرتوو بێت، کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان کە قووڵایی خەباتی کوردستانییانەن لە ئامێز بگرێت، بەڵام ئێمە لە هەرێمی کوردستان و لەسایەی شەرعییەتی شاخەوە شکستخواردووبووین و تا ئەوکاتیش ئەلف و بێی دەستوور و یاسا و ئیدارەمان بونیاتنەنابوو، لەبری ئەو بنەما سەرەکیانەی حکومڕانی، خاوەنی ئەزموونێکی تاڵی پڕ لە  کوشتن و بڕین و توندوتیژیی بووین، بۆیە چیتر گەمژەییە وابزانین ئەم ئەزموونە بەکرداریی دەتوانێت کەرکوک و ئەو ناوچانە لە ئامێز بگرێتەوە. هەر بۆیە دەبینین لەبری ئەوەی خۆمان لە کەرکوک بەهێز بکەین، حزبەکانی دەسەڵات بەسەر بابا گوڕگوڕدا دەفڕن تا لە بەغداد لەبری شەڕی دەوڵەتسازیی، خەریکی پشکی حزبیی و غەنیمە و داگیرکردن و تاڵانیی بن. جگە لەوانەش چەقی ململانێکانیان لە بەغدادی پایتەخت کە دەبوایە بۆ چارەسەری بودجە و دابینکردنی دەرمان و مافەکانی دیکەی هەرێم بێت، گۆڕا بۆ مسۆگەرکردنی کۆشک و تەلار و کورسی  بۆ حزب و بنەماڵەکانیان.

 

چۆن لە بەغداد کوردستانمان لە بیرکرد؟

وەک چۆن دوای ڕاپەڕیینی بەهاری ١٩٩١ هەردوو حزب و شۆڕشگێرەکانی شاخ بەها و بەرنامەی شۆڕش و حزبەکانیان پەراوێز خست، بەهەمان شێوە کە ڕوومانکردە بەغدادیش هەموو کوردستانمان لەبیرکرد و بەقەدەرێکی نادیارمان سپارد؟

لە کاتێکدا گەل دەیویست لەڕووی پیشەسازیی وبازرگانیی و ژیاریی و کشتوکاڵیەوە هەرێمێکی بەهێزمان هەبێت، دەیویست ژێرخانێکی ئابووریی پتەومان هەبێت، بەڵام هەردوو حزبی دەسەڵات کاریان لەسەر ئەوەکرد کوردستان ببێتە خاوەنی ئابوورییەکی بەرخۆر، تا هەمیشە لەچاوەڕوانیی بودجەی بەغدادا بێت و سەرجەم موچەخۆرانی کوردستان بەدەست کێشەی ئابووریی و قەیرانی داراییەوە بناڵێنن. هەرچی داهاتی ناوخۆی هەرێمیشە میللەتی لێ بێبەشکرا و بۆ  پڕکردنی خەزێنەی حزب و گیرفانی بەرپرسەکان تەرخانکرا. سەرئەنجام ئەوەی لەسایەی سیاسەتی حکومەتی کوردییەوە بەرهەم هات، لە لایەک نائومێدی و چەوسانەوەی گەلی کورد بوو، لە لایەکی دیکەشەوە شکستهێنان بوو لەوەدا کە ببێتە هاوبەشێکی بەهێز و ڕاستەقینەی بەغداد، کە گەل هیچ کاتێک چاوەڕێی ئەم دوو ئەنجامەی نەدەکرد و بە هیچ جۆرێک ئەم چارەنووسەی نەدەویست!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار