ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو کوێ؟
2 هەفتە لەمەوپێش
د. سەردار عەزیز
ساڵێک لەمەوپێش ئیسرائیل گەورەترین لێدانی بەرکەوت لە لایەن حەماسەوە. ئەمە بە جۆرێک بوو کە وەها پۆلێن دەکرا کە گەورەترین کوشتاری جولەکە بێت پاش جەنگی جیهانی دووەم. ئەم لێدانە ئیسرائیلی پەشۆکان، ئەو ترس و سامەی بەرامبەر ئیسرائیل هەبوو کەوتە ژێر گومانەوە. بە تایبەتی هەموو ئەو ئەفسانەیەی کە لە دەوری موساد هەڵچنرابوو وەک بێ بنەما دەردەکەوت.
لە وەڵامی ئەمەدا ئیسرائیل دەبوو نەک تەنها شەڕی حەماس بکات، بەڵکو هەوڵی ئەوە بدات کە چۆن بتوانێت جارێکی تر ئەو ترسەی کە پێشوو تر هەبوو لە ئیسرائیل، کە بنەمای سیستەمی ڕەدعی ئیسرائلی بوو، بونیادی بنێتەوە. چونکە ئەگەر وڵاتان و هێزەکانی دەوروبەری ئیسرائیل ترسیان بشکێت و بگەنە ئەو باوەڕەی کە دەتوانن دەست لە ئیسرائیل بوەشێنن و سزای گەورەیان بەرنەکەوێت ئەوا ئیسرائیل بونی وجودی لە مەترسیدایە.
هەر لە سەرەتاوە خواستی ئیسرائیل و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە بەریەکەوتندابوو. هەموو وڵاتانی دونیا باسیان لە مەترسی پەرەسەندنی شەڕەکە دەکرد و ئەگەری تێوەگلانی حیزب اللە و ئێران بە تایبەتی. ئەم ترسی شەڕی ئیقلیمییە وەک کارتێکی فشار بە کار دەهات دژ بە ئیسرائیل. بەڵام لە ناو ئیسرائیلدا تێگەیشتنەکان جیاوازبوون. بۆ ئیسرائیلیەکان شەڕەکە ئامانجی سەرەکی مانەوە یان لە ناوچونی ئیسرائیل بوو. هەرچەندە چەپی ئیسرائیلی ڕەهەندی شەخسیشی لە شەڕەکەدا دەبینی بەوەی نەتانیاهوو ئامانجی ئەوەیە کە دادگایی نەکرێت لە سەر گەندەڵیی.
لە هەمانکاتدا لە پاشخانی ستراتیژی ئیسرائیلیدا پرسی غەزە و دیموگرافیا و داهاتوی فەلەستینیەکان هەبوو، بۆیە هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر بە مەبەستی لێدانی داهاتوی پرسی فەلەستینیەکانیش سودی لێوەرگیرا.
پاش تێپەڕبونی ساڵێک بە سەر شەڕەکەدا، ئێمە لە بەردەم واقیعێکی نوێداین. ئەم واقیعە نوێیە خۆی لە باڵادەستی ئیسرائیل و تێکشکانی بەرەی موقاوەمە و خۆ بە دوور گرتنی ئێرانە لە ململانێکە. ئەوەی فاکتەری سەرەکییە لەم واقیعە نوێیەدا، تەکنەلۆجیا و زانیارییە هەواڵگرییەکانە. هەر لە سەرەتاوە ڕەهەندێک کە بە هێند وەرنەدەگیرا لە تێگەیشتن لەم شەڕە، رەهەندی زانیاریی و بە تایبەتی هۆشمەندی زیرەک بوو.
ئیسرائیل وەک وڵاتی باڵا لە تەکنەلۆجیای سەربازی و هۆشمەندی زیرەکدا، توانای بە دەستهێنانی زانیاری زۆر و دەستەوەشاندنی پڕوکێنەری هەیە. ئەمە لە کاتێکدا بە هۆی نەخوازراوی سیستەمەکانی ناوچەکە هەمیشە ئاسانە کە لە ناو سیستەمەوە هاوکاریی دەزگای هەواڵگریی بکرێت. ئەمەیە کە هەمیشە وڵاتی دیموکراسی لە جەنگدا براوەیە بەرامبەر وڵاتی نادیموکراسی، چونکە زۆر بە سادەیی وڵاتی دیموکراسی ترسی ناوخۆی نیە، بەڵام وڵاتی نادیموکراسی زۆر زیاتر لە ناوەوە دەترسێت هەتا لە دەرەوە.
کاتێک ماوەیەک لەمەوپێش ئیسماعیل هەنییە لە تاران کوژرا، ئیسرائیل بۆی دەرکەوت کە ئێران خواستی وەڵام دانەوەی نیە، ئەگەر ناچار نەکرێت. لە ڕاستیدا چەند ڕۆژێک لەمەوپێش لە دیدارێکی یەک کاتژمێریدا لە گەڵ ئیان برێمەر، جەواد زەریف ڕاکێشانی ئێرانی بۆ ناو شەڕی لە گەڵ ئیسرائیلدا وەک تەڵەیەک ناوبرد.
تەڵە بەو مانایە کە ئێران نایەوێی خۆی لێبدات و بە مەترسی دەبینێت و هەروەها بە ناپێویست تەماشای دەکات. لەم ڕووەوە ئیسرائیل لەوە دڵنیابوو کە ئێران مەترسی نیە، کە بە کرداریی یانی بەرەی موقاوەمە درزی گەورەی تێکەوت، چونکە غەیرە ئێرانییەکان بە کوشت دەدرێن و ئێرانییەکان خۆیان دەپارێزن. بۆ ئێسرائیل ئەمە یانی ساتەوەختێکی گونجاوە، کە ئەوەی پێدەڵێن ئەختەبوتی ئێران لاواز بکات ئەگەر لە ناوی نەبات.
ئێستا کە ئیسرائیل دەچێتە باشوری لوبنان، ئامانجی ئەوەیە کە هێندەی تر حیزواللە لاواز بکات و ژێرخانەکانی تێک بدات و لە سنوری ئیسرائیل دووری بخاتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە حیزب اللە بەهێزترین دۆستی ئێران لە دۆخێکی لەدەستدان و پەشۆکان و داڕمانی بێوێنەدایە. هەرچەندە بوترێت دەربارەی باوەڕ و دەزگایی حیزب اللە لە کۆتاییدا کەسێکی وەک نەسرواللە دڵی ڕێکخراوی حیزب اللە بوو بە ئاسانی جێگەی ناگیرێتەوە.
ئەم لاوازبونەی حەماس و پاشان حیزب اللە، ئەگەری ئەوەی هەیە کە ئیسرائیل هەوڵی لێدانی هەموو ئەوانەی تریش بدات کە هەوڵی هێرشیکردنیان داوە بۆ سەری، لە نێویاندا میلیشیاکانی عێراق. هەر لە ئێستاوە میلیشیاکانی عێراق سێ بەشن، ئەوانەی خۆیان بە دوور دەگرن وەک سەدرییەکان، ئەوانەی تەنها بە بەیاننامە ناڕەزایی دەردەبڕن، وەک چوارچێوەی هەماهەنگی لە گەڵ ئەوانەی کە ئامادەن بجەنگن وەک نوجەبا و ئەوانیتر. ئەگەری هەیە ئیسرائیل ئاراستەی سیاسەتی بگۆڕێت و داوا لە حکومەتی عێراقی بکات کە بەرپرسیارێتی بگرێتە ئەستۆ، بۆ ئەوەی فشاری ئابوری و داراییش دروست بکات. وەک ئەوەی سەرکردەی پێشووی موساد داوای دەکات کە لە لوبنان ئەنجام بدرێت.
ئێستا ئێران تەنها یەک بژاردەی هەیە کە بەهێزی بکات ئەویش بژاردەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمییە. بەڵام ئەم بژاردەیە ئاسان نیە چونکە ئەمریکییەکان بە ئێرانییەکانیان گوتوە ئەوە ئەو هەنگاوەیە کە ڕوبەڕوی شەڕتان دەکاتەوە. ئێرانیش ئەوەی ناوێت. لە هەمانکاتدا بە هەبونی ئەو هەموو دەستوەردانە لە ناو سیستەمی ئێرانیدا ناتوانرێت هەنگاوێکی وەها گەورە بشاردرێتەوە.
ئیسرائیل دەیەوێت خیتابێکی وەها بەرهەم بهێنێت کە بەرەی موقاوەمە کۆتایی هاتوە، ئەوەی هەیە بەرەی میانڕەوی ئاشتیە، هەرکەس لەم بەرەیەدابێت دەگەشێتەوە. عێراق وەک وڵاتێکی زیاتر لە چل ملیونی ناتوانێت بە ئاسانی بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات چونکە باجەکەی قورس دەبێت. ئێران ئەگەر بتوانێت دەستبەرداری حەماس و حیزب اللە بێت نایەوێت بە ئاسانی دەستبەرداری عێراق بێت. ئایا ئەمە ئەوە دەکات کە عێراق بە سەقامگیر بمێنێتەوە؟
ئەگەر ترەمپ بێتەوە، عێراق و ئێران وەک یەک پاکێج مامەڵە دەکات، ئەوەش سەخت دەبێت بۆ عێراق، بە تایبەتی لە ڕوی ئابورییەوە. بەڵام ئەوەی گومانی تیادانیە هەموو نوخبەی ئەمریکی لاوازبونی ئێران و دۆستەکانی ئێرانیان پێباشە.
لاوازبونی ئێران لای بڕێک لە کورد بە باش دەبینرێت و لای هەندێکی تری بە خراپ. ئەمە بۆ لاوازبون و بەهێزبونی ئیسرائیلیش ڕاستە.