یوڤال هەراری و بانگەشە
2 مانگ لەمەوپێش
د. سەردار عەزیز
دوا کتێبی یوڤال هەراری ناوی نیکسۆسە، کە بە مانای گەیەنەر دێت.
بابەتی سەرەکی کتێبەکە دەربارەی زانیاریی یان ئینفۆرمەیشنە.
وەک دەزانین کە باوەڕێک لە ئارادایە کە گوایە ئێمە هەتا زانیارییمان زیاتربێت ئەوا باشتر تێدەگەین و لە ئەنجامدا باشتر بڕیار دەدەین.
یوڤال کتێبەکەی دژی ئەم تێزە نوسیوە.
ئێمە لە سەردەمێکداین کە زانیاریی و ئینفۆرمەیشن بە بڕی زۆر و خێرا بەردەست دەکەوێت.
بڕێکی زۆری ئەم ئینفۆرمەیشنانە هەڵەن، یان کەمێک لە ڕاستییان تیادایە و ئامانجیان ئاراستەکردن و لە خشتەبردن و فریودان و پێفرۆشتنە.
هەموو ئەمانە لە سەردەمێکدا ڕودەدەن کە تەکنەلۆجیا گەشتوەتە ئاستی هۆشمەندی زیرەک، هەروەها لە ڕوی سیاسییەوە ئێمە لە سەردەمی پۆپیولیزم و فاشیزمدا دەژین.
بۆ هەراری دیموکراسیی بریتیە لە بونی توانای گفتوگۆ.
ئەو دەڵێت دیموکراسیی لە مێژودا هەمیشە لە شارە-دەوڵەتەکاندا بەرجەستە بووە و بۆ جێگا و کۆمەڵگای گەورە پراکتیکیی نەبوە، چونکە توانای ئەنجامدانی گفتوگۆیان نەبوە.
بەڵام ئەمرۆ کۆمەڵگاکان بە هۆی تەکنەلۆجیا و زۆری زانیاریی و فاشیزم و پۆپۆلیزمی سیاسیی، توانای گفتوگۆیان لە دەستداوە.
بە دیدی ئەو لە کاتێکدا کە کۆمەڵگاکان توانای گفتوگۆیان نابێت دەکەونە بەردەم دوو بژاردە، شەڕی ناوخۆ یان دیکاتۆرییەت.
لەم پاشخانەوە دێینە سەر بانگەشە لە کوردستاندا، کە ئێستا کەمپەینی هەڵبژاردن تیایدا بەڕێوەدەچێت.
لە نێو زانستە سیاسییەکاندا دیدێکی باو هەیە کە بڕوای وایە بانگەشە بە گشتی کاریگەرییەکی ئەوتۆی نیە، چونکە بە گشتی ئەوەی کە دەیەوێت دەنگ بدات لە سەر بنەمای کۆمەڵێک زانیاریی و نیمچە زانیاریی بڕیاری خۆی داوە و بە ئاسانی ناگۆڕدرێت.
بەڵام لە ڕاستیدا بەو جۆرەنیە.
وەک مێژوو پێمان دەڵێت، بانگەشە، کەسایەتی و هەروەها ئامراز و ناوەندەکان کاریگەرییان هەیە لە سەر بڕیاری دەنگدەر، بە تایبەتی ئەو دەنگدەرانەی کە پارتیزان نین.
بۆ نمونە لەم ڕوەوە هەمیشە نمونەی دیبەیتەکەی نیکسۆن و کێنەدیی دەهێنرێتەوە.
ئەو دیبەیتە یەکەم دیبەیت بوو لە تەلەفزیونەوە پەخش بکرێت.
زۆر لە مێژوونوسان دەڵێن، ئەگەر بهاتایە ئەو دیبەیتە تەنها لە ڕادیووە پەخش بکرایە، ئەوا نیکسۆن چانسی بردنەوەی زیاتر دەبوو.
ئەمرۆ تەلەفزیون سەردەمی بە سەرچوە. سەردەمی ناوەندەکانی تری وەک فەیسبوک و تویتەر و تیک تۆک و یوتیوبە.
ئەم بوارانە، زۆر جیاوازن لەوەی کە توانای یاریی و دەستکاریی و بڕین و لابردن و گۆڕینی زۆر دەدەن، هەروەها دەرفەت بۆ خەڵک یان جەماوەر دەڕەخسێنن کە بەشداریی بکات.
هەموو ئەمانە کاریگەری دەبێت لە سەر ئەوەی چ جۆر زانیارییەک دەگاتە خەڵک و خەڵ چۆن ئەو زانیارییانە وەردەگرێت و بڕیاریان لە سەر دەدات.
بە کورتی چەند خەسڵەتێکی بانگەشەی ئەمجارە دەخەینە ڕوو:
یەکەم، بانگەشەکە بۆ پەرلەمان نیە.
چونکە بانگەشەی پەرلەمانی ئەندام پەرلەمان تیایدا کاراکتەری سەرەکییە، نەک سەرۆکی حیزب.
بۆیە بانگەشەکە زیاتر سەرۆکایەتییە و هەروەها گفتوگۆکان پەیوەندییان بە پەرلەمانەوە نیە، بەڵکو ئەندام پەرلەمان تەنها وەک ژمارەیەک دەبینرێت، نەک وەک نوێنەرێک یان کاراکتەرێکی سیاسی.
ئەمە لە کاتێکدا زۆربەی ئەوانەی کە زاڵن بە سەر شانۆی بانگەشەکەدا، پاش دەنگدان ناچنە پەرلەمان.
یەکێک لە خاڵە هەرە لاوازەکانی پەرلەمانی کوردستان ئەوەیە کە سەرۆکی حیزبەکان، کە زیاتر و زیاتر دەبنە کەسی یەکلاکەرەوەی بڕیارەکان، ناچنە پەرلەمان.
ئەمەش مانای وەهایە کە سیستەمی کوردستانی دیموکراسیی پەرلەمانی نیە.
دووەم، دۆخێکی بەریەککەوتنی شەخسی زاڵە بە سەر بانگەشەدا، کە زیاتر دۆخێکی ترەمپییە.
لەم دۆخە ترەمپییەدا سوککردنی ئەویتر، شکاندن، زمانی عەوام، دروستکردنی دۆخی ئاهەنگیی و شادیی، هەموو وەها دەکەن کە بانگەشە ببێتە ساتەوەختێک بۆ کات بەسەربردن لە بڕی گەیاندنی زانیاری و پەیام و دیبەیت.
بێگومان ئەم جۆرە خیتاب و شێوازانە دەگوێزرێتەوە بۆ پەرلەمان و لە ئەنجامدا پەرلەمان دەکاتە شوێنی نمایش و کۆمیدیا و بەریەککوتنی ساختە، لە بڕی گفتوگۆ و داڕشتنی یاسا و سازان و حوکمی عەقڵ.
بە گشتی بانگەشە دوورە لە بانگەشەی پەرلەمانی و هەروەها بانگەشەی کۆمەڵگایەک کە بیەوێت دەزگا بونیادبنێت یان پێکەوە گفتوگۆ بکات یان بەرژەوەندی گشتی لە بەرچاو بگرێت.
بەڵکو بانگەشەیە بۆ ململانێی کەسایەتی و سیاسیی و شەخسەکان، کە زیاتر کۆمەڵگا و سیاسەت پەرت دەکات و کۆمەڵگا لاوازتر دەکات.