zhyr

بیرکردنەوە بەدەم بانگەشەوە؟!

6 ڕۆژ لەمەوپێش



د. سەردار عەزیز


لە ڕۆژانەدا کە کار لە سەر بەشی تیوری کتێبەکەی ئەندام پەرلەمان دەکەم، لە نێوان کۆمەڵێک تێزی گەورەدا ماخۆلانمە.

تێزێک کە زاڵە لە ناو نوخبەی بە ئاگادا ئەوەیە کە دەزگا سەنتەرە، ئەگەر دەزگا هەبێت کەسەکان گرنگ نین.

ئەم تێزە پڕ کێشەیە چونکە بڕوای وەهابوو کە دەکرێت گۆرانیبێژ و قەوانژەن و تەنورگەرمکەر و بارەگانشین و پاڵەوانی کارتۆنی تەلەفزیون هەبوو ببنە ئەندام پەرلەمانێکی باش.


تێزێکی تر پێی وایە کە شەخس زاڵە بە سەر کایەی سیاسی و کەلتوریدا، بۆیە دەبێت ڕۆڵی شەخس سنورداربکرێت، لە ڕێگای بونیادنانی دەزگاوە.

بەڵام جیاوازی لە گەڵ تێزی یەکەمدا ئەوەیە کە دەزگا ناچاریی و ئابوری دروستی دەکات.

جەیمس و ئاچەمئۆلۆ خاوەنی ئەم دیدەن. بەم پێیە دەزگا ڕەفتاری شەخسەکان سنوردار دەکات.


تێزی سێیەم، دەزگاسازیی نوێیە، کە ڕۆڵی ڕەفتارگەرایی و بونیاد یان دەزگا هەردوو تێکەڵ دەکات.

دەزگاکان دەکات بە دوو بەشەوە نەرم و ڕەق.
بەڵام لە بەرچاو نەگرتنی مێژو و جوگرافیا و کەلتور هەڵەن. کاتێک تۆ شتێکت نیە، لە پڕ نابیت بە خاوەنی دەبێت دروستی بکەیت، پیادەی بکەیت، بیناسێنی بیکەیتە بەشێک لە نەریت، خەڵک پێی ڕابێت و زۆر شتی تر.


لە هەمانکاتدا تۆ لەکوێی دونیادایت، خاوەنی چیت، چۆن سەقامگیریت دابین دەکەیت، کێ دۆستتەو کێ نەیار، هەموو کاریگەری هەیە، کە بەشێکن لە جوگرافیا.


بەڵام کەلتوریش لە دەرەوەی ئەم پرسە نیە.

بەکاربردنی هابیتاس لە لایەن بۆردیووە جۆرێکە لە کەلتورگەرایی. بۆ نمونە کاتێک زۆرێک لە دەنگدەر وەها دەزانێت قسەکردن بە پەلە دەتکات بە سیاسەیەکی گرنگ، یان هاوارکردن، ئەمە بەشێکە لە کەلتور.

کاتێک زۆرینەی خەڵک وەها دەزانن دەنگدان یانی سپاردنی ئەرک بە کەسێکی تر و ئیتر ڕۆڵی ئەوان تەواوبوو، دیسانەوە بەشێکە لە کەلتوری ناوچەکە، کە خەڵی ئاسایی هیچ ئەیجەنسییەک لە خۆیدا نابینێت.


من بڕوام وەهایە دەزگا گرنگە چونکە ڕۆڵی شەخس کۆتایی ناهێنێت، بەڵکو ئاراستەی دەکات. دیارە ئەم ئاراستەکردنە لە سەر جۆر و کوالیتی دەزگاکان وەستاوە، بۆیە خەڵک دەبێت ڕۆڵیان هەبێت لە داڕشتنی جۆری دەزگاکاندا، بۆیە دەزگا و نوخبە و خەڵک دەکرێت کۆببنەوە.

لە هەمانکاتدا کولتور گرنگە چونکە زۆربەی دەزگا مۆدێرنەکان لە هەناو کەلتوری ناوچەکەدا بێ مێژوو و بێ کەلتورن، کاتێک کەلتوری خۆیان بونیادنانێن، ئەوا لە گەڵ کەلتوری تەقلیدیدا تەماهی دەبن و لە مۆدێرن بوون دادەماڵرێن یان پەراوێخدەخرێن.

بۆیە دەزگا لە هەمانکاتدا پێویستی بە کەلتورە. بۆیە ئێستا خەریکی ئەدەبیاتی دەزگاگەرایی نوێم.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار