هەڵبژاردن و بونیادنانی دەزگا
یەک مانگ لەمەوپێش
د. سەردار عەزیز
ئەم بەیانییە کە هەواڵی بردنەوەی خەڵاتی نۆبێڵم لە لایەن دارین عەجەمئۆغلۆ و هاوەڵانییەوە پێگەیشت سەرتا دڵخۆش بووم، پاشان بیرم بۆ لای پرۆژەکەم چوو، دەربارەی ئەندام پەرلەمان وەک کەسایەتیەکی سیاسی مۆدێرن لە ناو کایەی سیاسی کوردستاندا، هەروەها دوو مۆدێلی جیاواز لە بونیادنانی سیستەم. مۆدێلی یەکەمیان دەگەڕێتەوە بۆ بیرمەندی گەورەی ئەمریکی سامۆئێل هانتنگتۆن. هەنتنگتۆن یەکێکە لە بیرمەندە گەورەکانی ئەمریکا کە کاریگەرییەکی زۆری هەبوە لە سەر ئاراستە و مامەڵەی ئەمریکا لە دونیادا. هەرچەندە ئەو لە دونیای ئێمەدا بە کتێبی بەریەککەوتنی شارستانییەکان ناسراوە، بەڵام خاوەن تێزی تری زۆرە لە بواری سەربازی و مەدەنی و سیستەمی سیاسی و گەشە و تەشەنەکردنی دیموکراسیدا.
لە ساڵی ١٩٦٨ کتێبەک دەنوسێت بە ناوی نیزامی سیاسی لە کۆمەڵگای گۆڕاودا. لەم کتێبەدا هەنتنگتۆن جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە بۆ ئەوەی گەشەکردن ڕوو بدات لە وڵاتانی وەک جیهانی سێ، زۆر گرنگە کە سیستەمێکی سەربازیی ئاسایشی بەهێز دروست بکرێت هەتا زەمینەی پیادەکردنی سیاسەت ئامادەبکات.
ئەم تێزە بە تێزی گۆرانکاریی لە سەرەوە ناسراوە. بەو مانایە کە دروستکردنی دەزگاکان و شۆرکردنەوەیان بۆ خوارەوە ڕێگایەکی سەرکەوتوە بۆ سەقامگیریی و گەشەکردن. عەجەمئۆغلۆ و هاوڕێکانی ئەم تیورەیە بە گونجاو نازانن، بەڵکو وەهای دەبینن کە سەپاندن یان بەکارهێنانی زەبر لە ئەنجامدا نابێتە مایەی گەشە، بەڵکو ئەگەری زۆرە کە لە ناو کۆمەڵگادا پەرچەکردار دروست بکات، وەک ئەوەی لە ئەفغانستان و هەتا ئاستێک لە عێراق ڕویدا. بە دیدی ئەوان دەبێت دەزگاکان پشتیوانی خەڵک و جەماوەر بە دەستبهێنێت هەتا بتوانێت خۆی لە سەر پێ بگرێت و گەشە بکات. بۆیە سازان و کرانەوە و بەشداریی خەڵکی گرنگە، بە تایبەتی لەو کۆمەڵگایانەی کە فرە کەلتوریین.
با بێینە سەر پرۆژەکەی من لەمبارەیەوە. ڕۆژانی داهاتوو خەڵکی کوردستان دەچن بۆ دەنگدان. دەنگدەدەن بە کاندید و حیزب و کەسایەتی. بەڵام لە هەمانکاتدا دەنگدەدەن بە پەرلەمان، بە حکومەت، بە جۆری بەڕێوەبردنی وڵات. هەرچەندە هەموو ئەمانە ڕون نیە لە پرۆسەی دەنگداندا.
مادەم لە هەناو پرۆسە سیاسییەکەدا دەنگدان و هەڵبژاردن هەیە، ئەوا هەموان تیایدا بەشدارن، بە ئەوانەی کە دەنگ دەدەن و ئەوانەش کە دەنگ نادەن. ئەم بەشداریی و بەشدارینەکردنە دەرئەنجام حکومەتی لێدەکەوێتەوە، کە بڕیارەکانی کاریگەری لە سەر هەموان هەیە.
بەڵام هەڵبژاردن نەبوەتە مایەی بەهێزکردنی دەزگاکان، لە نێویاندا پەرلەمان. بۆ ئەم بەهێزنەبونە کۆمەڵێک فاکتەر هەیە، بۆ نمونە، خەڵکی ناتوانن هەموو بەشەکانی پرۆسەکە پێکەوە ببینن. کاتێک خەڵکی سەرۆکی حیزبێکی بەهێزیان دەوێت، ئەوە نابینن کە پاشان پەرلەمانێکی لاواز دێتە ئاراوە، یان پەرلەمانێک دەبێت کە پەرلەمانتار تەنها ڕۆڵێکی سنورداری حیزبی دەبینێت نەک نوێنەرایەتی. بۆیە لە ئەنجامدا کاری چاودێری و لێپرسینەوە و یاساداڕشتن لاواز دەبێت.
لە پاشخانی هەموو ئەمانەدا پرسەکە رەگی لە ئاگاییدایە. چۆن لە شەخسەوە دەگوێزیتەوە بۆ دەزگا؟ ململانێکەی نێوان هەنتنگتۆن و عەجەمئۆغلۆ و هاوڕێکانی ناکرێت لە ڕاست و هەڵەدا کورت بکرێتەوە. نە تەنها هێز دەتوانێت بە تەنها وەرچەرخان و گۆرانکاریی بەرهەم بهێنێت، نە دەزگا، بەڵکو گۆرانکاریی لە ئەنجامی تێکەڵەیەکی هاوسەنگ لە هەردووکیانەوە دێتە ئاراوە.
بەڵام کوردستان هیچ کام لەوانەی نیە. لەوە خراپتر ئەوەیە کە نوخبەی دەسەڵاتدار ناکەونە ژێر فشار بۆ ئەوەی هێز یەکلایی بکەنەوە و دەزگای وەک پەرلەمان بەهێز بکەن. بەڵکو بە پێچەوانەوە زۆرینەی خەڵک قەناعەتی پێکراوە کە پێویستیان بە دەزگا نیە. ئەم قەناعەتە ئاسانە، چونکە خەڵکی بە ژیان لە سایەی دەزگادا ئاشنا نین. بۆیە ئاسانە بۆیان، وێنای دونیا تەقلیدییەکە بکەن و دەستبەرداری هەر نوێیەک ببن.
خەڵکی دەچن بۆ دەنگدان کە پرسی بژێویی و نەفرەت و بێزاری پرسی زاڵن. هیچ کام لەم پرسانە بونیادنەرنین. هەر پەرچەکردارێکیش بەرامبەر ئەم پرسانە تەنها درێژەدان بە دۆخەکە بەرهەم دەهێنێت.