حكومه‌تی هه‌رێم: قوربانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان
یەک مانگ لەمەوپێش
دكتۆر صه‌باحی غالیب
دیموكراتی هۆكارێكه بۆ ده‌رخستنی ڕێباز و ئاراسته‌كانی خه‌ڵكی گشتی، هاوكات بۆ ده‌رخستنی بۆچوون و دیدی هێزه سیاسییه‌كان به‌رامبه‌ر به بواره سیاسییه‌كانی كۆمه‌ڵگه و حكومه‌تداری، هه‌ڵبژاردن بۆ په‌رله‌مان له ئێستای هه‌رێمی كوردستاندا، دیارده‌ی بوون و نه‌بوون و شێوه‌ی دیموكراتی ده‌نه‌خشێنێ، به مانایه‌كی دیكه، هه‌ر حیزبێك به قه‌ده‌ر زانینی حیزبایه‌تی و كارامه‌یی سه‌رۆك و لێهاتوویی سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی ده‌چێته مه‌یدانی بانگه‌شه و خۆپێشكه‌شكردن به جه‌ماوه‌ر و به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگ و ڕه‌زامه‌ندی خه‌ڵك.
حاڵی‌بوون له دیموكراتی چ وه‌ك تیوریی و چ وه‌ك كرده‌یی، هه‌روه‌ها حیزبایه‌تی و قسه‌كردن له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا، پێده‌چێ له باشووردا ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم له‌ناو ته‌واوی كوردا، له‌وه‌ناچێ زه‌مینه‌ی ئاسایی و به پیـتی بۆ ڕه‌خسابێ و تێگه‌یشتنێكی دروستی بۆ سازبووبێ، ئه‌گه‌ر وا نه‌بوایه ئه‌وا ده‌بوایه چه‌ندان پێوانه و ده‌ستوور و دابی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئایینی، سیاسی، ڕووناكبیری، ویژدانی و زه‌وقی سه‌لیم، هیچ نه‌بێ ئه‌وه‌ی له كولتووری كۆنی كورددا هه‌بوون، له‌به‌رچاو بگیرێن. مخابن به درێژایی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان، هیچ كاتێك به قه‌ده‌ر ئێستا بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن توند و پڕ له جنێو و گاڵته‌جاڕی نه‌بووه، ئه‌وه كۆمه‌ڵێك هۆی له پشته‌وه‌یه، له‌وانه:
یه‌كه‌م، قوڵكردنه‌وه‌ی توڕه‌یی، دوژمنایه‌تی و ناحه‌زی زیاتر له ناو حیزبه‌كاندا، له‌وێشه‌وه هه‌ژاندن و نه‌هێشتنی یه‌كڕیزی له‌ناو خه‌ڵكی كورددا به گشتی، ئه‌وجا له ناو حیزبه‌كاندا به تایبه‌تی، هه‌ڵبه‌ت كاكڵه‌ی ئه‌و مه‌به‌سته ئه‌وه‌یه كه وا ده‌زانن چه‌نده توند بن له به‌رامبه‌ر لایه‌نی دیكه‌ی ڕكابه‌ر‌دا، ئه‌وه‌نده زیاتر ده‌نگ ده‌هێنن، واتا مه‌به‌ست چوونه په‌رله‌مانه به هه‌ر شێوه و نرخێك بێ، لای ئه‌و كه‌س و حیزبانه ده‌یگرنه‌به‌ر، جا با بانگه‌شه‌ی واش له‌سه‌ر حیسابی نه‌هێشتنی كه‌سایه‌تی مرۆڤی كورد و یه‌كڕیزی میلله‌ته‌كه‌ش بێ، كه ئه‌مه پێبزانرێ یا نا، باوه‌ڕی چه‌وتی میكاڤیلیانه‌یه بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات و به حكومه‌ت.
دووه‌م، نه‌خوێندنه‌وه‌ی مێژووی تازه‌ی دووبه‌ره‌كی له نێوان حیزبی سیاسی كورددا. له ماوه‌ی 60 ساڵی ته‌مه‌نماندا، وه‌چه‌ی ئێمه و مانان چ وه‌ك تاك و چ وه‌ك كوردی باشوور، هه‌میشه و به‌رده‌وام زامی دووبه‌ره‌كیمان به‌ركه‌وتووه و له ناخماندا به په‌ڵه‌یه‌كی ڕه‌شی بزووتنه‌وه‌ی سیاسی كورد ته‌ماشای ده‌كه‌ین، پاڵپێوه‌نه‌ری سه‌ره‌كی، دووره وڵاتی و په‌ڕیوی هه‌زاران كه‌س، هه‌ر یه‌كه بۆ وڵاتێكی ئه‌وروپا و دوورتر، باجی دووبه‌ره‌كی حیزبه‌كانه، ئێمه ده‌یده‌ین. ئه‌وه‌ی سووكه هه‌ستێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و ئینسانی هه‌بێ، ده‌یه‌وێ و ئاواتێتی له مه‌فته‌ن و ناو كه‌سوكار و خزم و دۆستاندا ژیان به‌سه‌ربه‌رێ، ئه‌گه‌ر خزمه‌تێكیشی پێكرا له‌وێ بیكا نه‌ك له دووره وڵاتی. (به‌رد له جێی خۆی سه‌نگینه). هه‌ڵبه‌ت به‌رده‌وامی سیاسه‌تی بنكۆڵكردنی كورد و نانه‌وه‌ی ئاژاوه و نه‌بوونی به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه‌ی به‌رپرسیارێتی له‌ناو حیزبه‌كاندا، كارێكی كردووه كه هه‌موو وا بزانین و بپرسین: چیمانكرد و چیمان چنییه‌وه؟ كێ كردی و كێ ده‌یخوا؟
سێیه‌م، هه‌ستنه‌كردن به بوونی دوژمن له حكومه‌تانی داگیركه‌ر و حیزب و كه‌سانی شۆڤێنی به‌رامبه‌ر به دۆزی كورد به گشتی و به‌رامبه‌ر به بوون و مانه‌وه‌ی قه‌واره‌ی شه‌رعییه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆته باوی له خشته‌بردنی ڵاوان و گه‌نجانی نوێ و هه‌ڕاجكردنی بیروباوه‌ڕ له مه‌یدانه‌كان و سه‌رشه‌قامه‌كانی شاره‌كانی هه‌رێم. به‌رزكردنه‌وه‌ی كۆتایی هێنان به ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم و ته‌سلیمكردنی به به‌غدا، دروشمێكی زۆر قورس و نابه‌رپرسیارێتییه، حه‌قی پێداچوونه‌وه و په‌شیمانبوونه‌وه‌یه‌كی ئازایانه‌ی هه‌یه، هه‌موومان ده‌زانین كه ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم له چه‌ندان قۆناغدا، له ده‌ست هه‌موو حیزبه‌كانی باشووردا بووه، خۆ ئه‌وه‌ش ئاشكرایه هه‌میشه یه‌كێتی و پارتی به‌شی شێریان له حكومه‌تدا به‌ركه‌وتووه، دژایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم و ڕووخاندنی كه بۆته بنێشته خۆشه‌ی سه‌ر زاری ئه‌م و ئه‌و، ده‌بوایه هێڵی سووربێ و كه‌س قودره‌تی ئه‌وه‌ی نه‌بوایه به قسه و كردار، ته‌نانه‌ت به بیر و خه‌یاڵ شتی وای لێده‌ركه‌وێ، هاندانی خه‌ڵك به‌و ئاراسته‌یه‌دا، مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و ئه‌خلاقییه، دژی په‌یام و كار و بۆچوونی حیزبایه‌تی ڕه‌سه‌نه، به‌تاڵكردنه‌وه‌ی دروشمگه‌لی ئه‌و حیزبانه‌یه كه خۆیانی پێده‌ناسێنن و شانازی پێوه‌ده‌كه‌ن، دیاره كاری به‌و جۆره، نیشانه‌ی خامۆشی و له‌بیربردنه‌وه‌ی دروشم و لۆگۆ‌ی دێرینه‌ی حیزبه‌كه‌یانه.
چواره‌م، بێ بایه‌خكردنی تێكۆشان و ماندووبوونی هه‌زاران و زیاتری خه‌ڵكی كوردستان چ ئه‌وانه‌ی ماوین و چ ئه‌وانه‌ی مردوون، تانه‌دان له خه‌بات و له ئازارچه‌شتنی جه‌ماوری پێش ئێستا، ناحه‌قی و بێ وه‌فاییه، وا وایه! ... هاتوونه سه‌ر حازری، به‌ڵام پێویسته ئه‌و حه‌قیقه‌ته بزانن، بێ هه‌وڵ و قوربانی، بێ خوێندنه‌وه‌ی حیزبایه‌تی له سه‌رده‌مه ترسناكه‌كان و كاروانی شه‌هیدانی بێ ژماره‌ی تێكۆشه‌ران، ئه‌وجا ئه‌نفال و ئه‌نفالی بارزانییه‌كان، گازڕێژكردنی هه‌ڵه‌بجه و باشوور و خاپووركردنی هه‌زاران دێهاتی كوردستان، ئه‌وانه نه‌بوونایه، هه‌رگیزا و هه‌رگیز، ئه‌وان نه‌یان ده‌توانی له شاره‌كانی باشووردا ئازایه‌تی بنوێنن و خۆیان له گرتنه ده‌سه‌ڵات خۆشبكه‌ن.
پێنجه‌م، دانه‌دواوه و نه‌بینینی هیچ چاكه و ڕووناكی حیزب و لایه‌نی نه‌یار، كارێكی نه‌كرده‌یه و له فه‌رهه‌نگی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و شارستانییه‌تدا جێگای نابێته‌وه، ده‌ر‌گا پێوه‌دان به‌سه‌ر ده‌نگی ئاشتی و پێكه‌وه كاركردن و هاوخه‌باتی بۆ چاكتركردن و پێشخستنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یا ڕاستكردنه‌وه‌ی ڕێڕه‌وه‌كه‌ی، هه‌روه‌ها ناڕازیبوون به به‌رنامه‌ی هاوپه‌یمانێتی و ئاشتبوونه‌وه، كۆتییهێنانه به ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و یه‌كڕیزی خه‌ڵك، كه ئه‌وه‌ش ته‌نیا و ته‌نیا دوژمانمان پێی خۆشده‌بن و له ئامانجی پیرۆز و هه‌نگاو بۆ له خه‌مڕه‌خساندن دوورمان ده‌خاته‌وه.
ئه‌وانه و زۆر شتی دیكه له‌و جۆره بانگه‌شانه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ڕیوه‌ده‌چن، سه‌ربه‌ستی له كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك زه‌وتده‌كا و جیلی نوێ ده‌كاته كۆیله‌ی حیزب، هیچ ئاره‌زوومه‌ندێتی و سه‌ربه‌ستی بیركردنه‌وه ناهێڵن. خه‌ڵكی هۆشیار، هه‌میشه ئه‌و پرسیاره ده‌كا: ئایا ئه‌و توڕه‌یی و جنێودان و سوكایه‌تیكردنه به حكومه‌تی هه‌رێم و به‌یه‌كتركردن، به‌ڕاست ئه‌گه‌ر ئه‌و لایه‌نه یا لایه‌نانه ده‌سه‌ڵاتیان ده‌ستكه‌وت، چی‌یان لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێ كه بۆ به‌رژه‌وندی خه‌ڵك و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و داد پیاده‌ی بیكه‌ن؟
بیركردنه‌وه له تاك حیزبی و ته‌نیا هه‌ر خۆ به نوێنه‌ری خه‌ڵك زانین و بڵین كه ته‌نیا خۆیان ده‌توانن فه‌رمانڕه‌وایه‌تی كوردستان ڕاستكه‌نه‌وه، ئه‌وه خۆی له خۆیدا ماكی تاكڕه‌وی و تاكپه‌رستی و زۆردارییه. هه‌ڵبه‌ت (به ئێمه ده‌كرێ)، مانای ئه‌وپه‌ڕی تێنه‌گه‌یشتنه له واقیعی هه‌رێم و باشوور، مانای حیساب نه‌كردنه، له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا، ئه‌وانیش بێ حیساب ده‌مێننه‌وه.
به هه‌ر حاڵ، له‌و جۆره بیركردنه‌وه، وتار و كردارانه‌ی له بانگه‌شه‌ی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستاندا له‌م ڕۆژانه‌دا به‌ڕێوه‌ده‌چن، ده‌بێته بێ بناماكردنی په‌رله‌مانی ئاینده و لاوازكردنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و قوربانیدان به مێژوویه‌كی دوور و درێژی تێكۆشان و ئازار و چه‌وسانه‌وه‌ی به‌شێك له نه‌ته‌وه‌یه‌كی هاوار لێ هه‌ستاوی ده‌ستی كورد خۆی. ئه‌گه‌ر خودانه‌خواسته كار وا بڕوا، ئه‌وا ئه‌و جۆره بانگه‌شه و حیزب و ڕێكخستنه سیاسیانه‌ی هه‌رێم ده‌یسه‌لمێنن كه ئه‌وان نه مانای حكومه‌ت و قانوون ده‌زانن نه ده‌شتوانن حكومه‌تدارێتی به نوێنه‌رایه‌تی میلله‌ت بكه‌ن.
حه‌یف و مخابن.
9ی تشرینی یه‌كه‌می 2024
له‌نده‌ن