یان سیستەمی هەڵبژاردن هاککراوە، یان مێشکی خەڵک، یاخود هەردووکیان!

4 هەفتە لەمەوپێش



حەمەی مەلا

ئەوەی وا دەکات سیستەمی حکومڕانیی سەرنەکێشێت بۆ سەرکوتکاریی، ڕەچاوکردنی پرەنسیپەکانی دیموکراسییە، لە هەمان کاتدا هۆکاری سەرەکیش بۆ فریودانی کۆمەڵگە، بەکارهێنانی چەمکی دیموکراسییە وەک کڵێشە و زاراوەیەکی قەبەی بێ ناوەرۆک.

ئەوەی لە دەنگدانی ئەمجارەدا بینیمان، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە دیموکراسی لە سیاقی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێمەدا تەنیا دروشمێکی بێ ناوەرۆکە و زیاتر ئامڕازێکە بۆ چەواشەکردن و بێ نرخکردنی ڕای خەڵک و هاوڵاتیان، تا ئەوەی زەمینەساز بێت بۆ دەرکەوتنی گوتارێکی کۆمەڵایەتی تۆکمە، کە بتوانێت کاریگەری لەسەر ئاڕاستەی سیاسی دابنێت و بەشدار بێت لە گۆڕینی مۆدێلی حوکمڕانیدا.

ڕۆژی ٢٠/١٠/٢٠٢٤، پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو.

بەو پێیەی هەڵبژاردنی ئەمجارە ڕاستەخۆ لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرا، زۆرینەی حزب و لایەنە سیاسییەکان، بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە، هەر لە ڕۆژی یەکەمی دەستپێکردنی بانگەشەوە هانی خەڵکیان دەدا، کە دەنگدانی ئەم ساڵ جیاوازە لە ساڵانی پێشوو، بۆیە پێویستە هەمووان بەشداری دەنگدان بکەن و دڵنیابن لەوەی کە دەنگەکانیان دەستکاری ناکرێت و ناتوانرێت خروقات و تەزویریان تێدا بکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی ١٨/ ١٠/ ٢٠٢٤، لە دەنگدانی تایبەتدا، فشارێکی زۆر لە هێزەکانی پۆلیس و پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانی دیکە کرا و بە ئاشکرا پارتی و یەکێتی بۆ هەر گروپێکی دەکەسی ئەفسەرێکی پلەداریان کردبوو بە سەرۆکی گرووپەکە و دەبوایە بە مۆبایلی ئەو ئەفسەرە وێنەی دەنگەکانیان بگرن!

بۆیە ڕێژەیەکی زۆر لە هێزە چەکدارەکان لە دەنگدانی تایبەتدا دەنگەکانی خۆیان سوتاند، ئەمەش لە زۆرێک لە بنکەکانی دەنگداندا پشێوی دروستکرد و لە هەندێک بنکە شەڕ و پێکدادانیشی لێکەوتەوە.

لەگەڵ دەستپێکردنی دەنگدانی گشتیشدا، چەندین گرفتی سەرەکی دروستبوون و پڕۆسەکە بەو شێوەیە بەڕێوە نەچوو کە لایەنەکان و کۆمسیۆن بانگەشەیان بۆ دەکرد.

چونکە ئامێرەکان سیستەمی بەرگرییان لاوزە و کەسانی شارەزا لە هاککردن دەتوانن بە ئاسانی داخڵی ناو سیستەمەکەی ببن و دەستکاری ئەنجامی دەنگی دەنگدەران بکەن.

ئەمەش دەریدەخات ئەگەر دەستکاری ڕێژەی دەنگی لایەنە سیاسیەکان کرابێت و تەزویر و خروقاتیان تێدا ئەنجام درابێت، ئەوا لە ڕێگەی ئەو پرێنتەرانەوە کراون کە حیبرەکانی پێشووتر دەسڕێتەوە و نوسراوی نوێ دەخاتە شوێنی نووسراوەکانی پێشتر.

وەک بینیمان لە زۆرێک لە بنکەکان ئامێرەکان پەنجەمۆری هاوڵاتیانیان نەخوێندەوە و بەوهۆیەشەوە بە سەدان کەس لە مافی دەنگدان بێبەش بوون.

بە پێی یاسای کۆمسیۆنیش دەبوایە ڕێژەی ئەو کەسانەی پەنجەمۆرەکەیان کێشەی تێدابوو، دەبوایە %٥ زیاتر نەبێت، تا بتوانن تەنیا لە ڕێگەی کارتی بایۆمەترییەکانیانەوە دەنگ بدەن.

ئەمەش کاریگەری زۆری لەسەر هاوڵاتیان دروستکرد، بەوەی کە سارد ببنەوە و دەنگ نەدەن.

پێشێلکارییەکی دیکەی ئەم هەڵبژاردنە بردنە ژوورەوەی مۆبایل بوو، زۆرێک لە دەنگدەران ڕاستەوخۆ دوای دەنگدانیان وێنەی دەنگەکانی خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکردەوە، لە کاتێکدا پێشتر کۆمسیۆن ڕایگەیاندبوو کە بردنە ژوورەوەی مۆبایل بۆ بنکەکانی دەنگدان بە هەموو جۆرێک قەدەغەیە، بەڵام لە هیچ بنکەیەک پشکنین بۆ هاوڵاتیان نەکرا و بە ئاسانی مۆبایل بەکارهێنرا.

ئەوەی شایەنی باسە و پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت، ئەوەیە کە نابێت هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و چاودێران و نوسەران و ڕەخنەگران و هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە لە ئاستی ئەم پێشێلکاریانەدا بێدەنگ بن.

چونکە وای لێهاتووە هەڵبژاردن لەم هەرێمەدا بە هیچ جۆرێک ناتوانێت گۆڕانکاری دروست بکات.

ئەوەتا هەموو خولێکی هەڵبژاردن تەنیا یەکێتی و پارتی دەبنەوە بە هێزی دەسەڵات لەگەڵ ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنانەدا کە سێبەر و داردەستی خۆیانن.

ئەگەر لە پەیوەندیدا بەو ئاڵوگۆڕەی لە ئێستادا خەریکە بەسەر ناوچەکەدا دێت، کاریگەری ئەم دیزاینکردن و تەزویراتانە بخوێنینەوە، بۆمان دەردەکەوێت بە زیانی گەورە لەسەر ژیانی خەڵک کۆتاییان دێت.

چونکە پارتی چ لە ڕابردوو و چ لە ئێستایشدا نەیشاردۆتەوە کە چاوساغی تورکیایە و هێزێکی وەک نەوەی نوێش ئۆپۆزسیۆنێکی پۆپۆلیستی و هەلپەرستە و تەریبە بە گوتاری دەسەڵات، بۆیە زیادکردنی کورسییەکانی بە زیانی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە دەکەوێتەوە، چونکە کاتێک دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنێک ببنە زۆرینەی پەرلەمان، کە تەنیا بۆ بەرژەوەندی حزبی و پاراستن و هێشتنەوەی هەژموونی خۆیان هەوڵ بدەن، بێگومان میللەت دەبێتە قوربانی و باجەکەی دەدات.

ئەمە بۆ پەیوەندی یەکێتیش لەگەڵ ئێراندا ڕاستە.

بۆیە ئەگەر خەڵک لە ئاستی ئەم هەموو پێشێلکارییانەدا بێدەنگ بن کەواتە؛ یان بۆخۆیان ئەم دوو حزبەی دەسەڵاتیان دەوێت و فریوی ئۆپۆزسیۆنێکی فاشلی وەک نەوەی نوێیان خواردووە، یان ئەم دوو حزبەی دەسەڵات هەموو پێشێلکارییەکیان بۆ سەردەچێت و بە ئاشکرا بوون بە دیکتاتۆر بەسەر میللەتەوە و هەرچییەکیان بوێت ئەنجامی دەدەن.

یاخود ئەوەتا مەنجەڵ و سەرقاپ بۆ یەکتری گونجاون و خەڵکی ئەم هەرێمە ئەم دەسەڵاتەی قابیلە.

بۆیە پێویستە هێزە ئۆپۆزسیۆنە ڕاستەقینەکان لەسەر ئەم خروقات و پێشێلکاریانە بێدەنگ نەبن و هاوڵاتیانیش بڕژێنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایی جەماوەری دروست بکەن.

تا سەنگ و قورسایی بۆ دەنگ و بەشداری سیاسی خۆیان بگێڕنەوە و چیتر ئەم سوڕە دووبارە و بێمانایەی نێوان دەسەڵات و خەڵک وەک ڕابردوو بەردەوام نەبێت، تا لەو ڕێگەیەوە هێزی گەل و هۆشیاری هاوڵاتیان بۆ دەسەڵات و هێزە ئۆپۆزسیۆنە کارتۆنییەکان دەربکەوێت و لە لایەن خەڵکەوە کۆتاییان پێ بهێنرێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار