ئەگەر ساختەکاری کرابێت ترسناکە و ئەگەر نەکرابێت ترسناکتر

4 هەفتە لەمەوپێش



کاوان فەرەج

هەروەک چۆن تائێستا بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە بۆ سەلماندنی ئەوەی ساختەکاری ئەلەکترۆنی کرابێت و دەستکاری ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کرابێت، لەهەمان کاتدا بەڵگەی ئەوەش لەبەر دەستدا نییە کە نەکرابێت.

لەڕوی تەکنەلۆژیەوە هێرشی سایبرانی و هاککردنی سیستەمەکە و شوێنگۆڕکێوە مۆرە ئەلەکترۆنییەکان کاری موستەحیل نین و مومکینن... لەروی مۆراڵی سیاسیشەوە و پاشەڵی حیزبەکانی دەسەڵات لەهەڵبژاردنەکانی رابردوودا هێندە پاک نییە و هەرچی لەتوانایاندا بوو بێت کردوویانە بۆ مانەوەیان لەسەر کورسی دەسەڵات. ساختەکاری ئەلبیسەکەی سلێمانی و رێژەی دەنگدانەکانی دهۆک و سەرکەوتنی حیزبێکی کوردی لەناوچە عەرەب نشینەکانی دەوروبەری کەرکوکدا لەساڵی ٢٠١٨ دا، بەڵگەی حاشا هەڵنەگری رەفتاری دەسەڵاتن لەهەڵبژاردنەکاندا.

ئەگەر ساختەکاری ئەلەکترۆنی گەورە کرابێت، ئەوا ئەم میللەتە ئەخاتە بەردەم دوو ڕیان، یان قبوڵکردنی ئەنجامە ساختەکانی هەڵبژاردن و ژیانی ژێردەستەیی و کولەمەرگی لەژێر چەتری دەسەڵاتی خۆماڵیدا، یان قبوڵ نەکردنێتی و گەڕانە بەدوای چارەسەرێکی تردا بۆ رزگاربوون لە مۆتەکەی دەسەڵات، واتە رێگای سێەم کە ڕێگای دێمۆکراسیانە و جارێکی تر چوونە بەردەم سندوقەکانی هەڵبژاردنە خۆری ئاوا بوو.

ئەگەر ساختەکاریش نەکرابێت کارەساتەکە گەورەترە و دۆخەکە مەترسیدار ترە، نیشانەی ئەوەیە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژیەتی جەماوەری کۆمەڵگای کوردستان لەباشوردا، نەک تەنها کۆمەڵگەیەکی ناسیاسی و بێ هیوایە، بەڵکو دەتوانرێت بوترێت کۆمەڵگەیەکی ماسۆشیە و و لەزەت لەژێردەستەیی وەردەگرێت و هێشتا رۆحی ئازادی تێدا بەرجەستە نەبووە و تا قامچی زیاتر بەر جەستەی بکەوێت خۆشحاڵتر و گوێڕایەڵتر دەبێت بۆ ئاغاکانی دەسەڵاتی کوردی.

کەواتە بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، سیناریۆکان هەرکامێکیان بێت، رۆڵی ئازادیخوازان و رۆشنبیران و دەستەبژێر لە کۆمەڵگەی کوردیدا پێویستی بەسەرلەنوێ داڕشتنەوەیە و لەساڵەکانی داهاتوودا پێویستیان بەنەخشە و پلانی نوێ هەیە، کاتی ئەوە هاتووە کە ئەو گوتارانەی رۆڵیان بەسەر چووە بیگۆڕن.

ئەو راستیە بزانن کە هەتا کۆمەڵگەیەکی تەندروستی خاوەن دەروونێکی زیندوو و سیاسی چالاک دروست نەبێت، زحمەتە بتوانرێت ئازادی بەدەست بێت و گۆڕانکاری گەورە لە کۆمەڵگەدا بکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار