ئاوایە هەڵبژاردنەکەی
4 هەفتە لەمەوپێش
د. سەردار عەزیز
هەڵبژاردن کرا.
هەندێک پێش هەڵبژاردن نیگەران بوون، نیگەرانییان ڕەوایەوە. هەندێکی تر پڕ ئومێدبوون نائومێدبوون.
خەڵکی بە ژمارەی زیاتر بەشداربوون.
ژمارەیەکی زۆر دەنگیان بە پارتەکانی خاوەن دەسەڵاتدا و زۆرێکیش بە ئۆپۆزسیونێکی بێ دید.
بە کۆکردنەوەی ئەمانە هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت.
لە وەڵامی ئەمەدا دوو تێز هەیە، یەکێکیان دەڵێت، نالۆجیکیە کە دۆخەکە وەک خۆی بمێنێتەوە، بۆیە دەکرێت گزیی یان تەزویر کرابێت.
تێزێکی تریش دەڵێت ئەوە خەڵکەکەیە.
هەردوو تێزەکە پڕ لە کێشەن، بە تایبەتی ئەگەر بمانەوێت ووردتر و قوڵتر تێبگەین لە پێناو ئەوەی وەڵامی پرسیاری وەک، ئایا چی ڕویدا و بۆ؟ هەروەها ئایا دەبێت چی بکرێت لە داهاتودا؟
پێش ئەوەی بێمە سەر هەوڵی تێگەیشتن لە خەڵک، دەمەوێت بڵێم تەزویرکردن بە تێڕوانین لە واقیعەکە ڕاڤە ناکرێت.
بەڵکو بۆ پێشاندانی تەزویر بەڵگە و بنەما پێویستن.
بۆیە لای من یان تەزویر کراوە، کە هیچ هەڵبژاردنێک بەبێ جۆرێک لە تەزویر نەبووە.
یان نەکراوە، بەو مانایەی بەو ڕێژەیە کراوە کە هێندە کاریگەر نیە.
بۆ ئەوەی لە خەڵک تێبگەین نابێت لەو ڕوانگەیەوە بنواڕین کە ئایا بۆچی خەڵک وەها دەنگیان دا؟ چونکە پێش دەنگدان ئێمە دەبێت قسە لە سەر دۆخی ئابوریی و سیاسی کوردستان بکەین.
ئەگەر ڕۆژنامەوانی باشمان هەبوایە دەبوو هەموو ئەو پرۆسە زەبەلاحەی پارە بەخشینەوە و پاداشتکردنەمان بۆ ڕاپۆرت بکرایە.
لە دونیادا سەرچاوەی دارایی حیزب کێشەیەکی گەورەیە بۆ دیموکراسیی. پارە دەتوانێت دیموکراسیی بکڕێت، وەک ناونیشانی کتێبە بەناوبانگەکەی گرێگ پالاست پێمان دەڵێت.
پارە و شێوازەکانی بەکارهێنانی ڕۆڵی گەورەی بینی لە هەڵبژاردنی ڕۆژانی پێشوودا.
پارە بە چەندین شێواز ڕۆڵی بینی، وەک کارتی فشار بە سەر ئەوانەی کە لە حیزب و حکومەت سودمەندن.
وەک سەرچاوەیەک بۆ کڕین، هەروەها وەک ئامرازێکی ڕاکێشان و ڕازییکردن.
جگە لە دابینکردنی توانای تەکنەلۆجیی و میدیای و چەکداریی.
بەڵام دۆخی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای باشور ئەم دۆخەی مامەڵەی دیموکراسیی و پارەی قبوڵە یان ناچارکراوە قبوڵی بکات.
بۆیە بەبێ ئازادکردنی ئابوریی، ئەستەمە دیموکراسییەکی گونجاو گەشە بکات.
پاش پارە دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسیی شەڕی ناوخۆ دێت.
بانگەشە وەها کرا کە دوو بەرە هەن یەکێکیان دەیەوێت ئەویتر لەناو بەرێت یان لە دەسەڵات دووری بخاتەوە.
ئەم خیتابی شەڕی ناوخۆیە ڕەگی هەیە لە یادەوەریی و سایکی خەڵکدا.
خەڵک بە هەست و نەست پێی ئاشنان.
بۆیە کارێکی گەورە کە دەبێت بکرێت ناسینەوەی ئەم خیتابەیە لە پێناو هەڵتەکاندنیدا.
کاتێک دوو هێزە سەرەکیەکە خیتابیان بەرامبەرت یەکتر توندکرد. خەڵک و هەواداری یەکتریان لە دەوری خۆیان کۆکردەوە.
خەڵک دەبێت درک بە ئەوە بکات هەتا خوازیاری ئەو جۆرە مامەڵەیە بێت، دۆخەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە.
با کەمێک قسە لە سەر خەڵک بکەین. خەڵک بریتین لە کۆی تاکەکان.
ئەم تاکانە خواست و خەونی تاکیانەی خۆیان هەیە لە گەڵ خەمی گشتیدا.
بە گشتی خەمی تاکیانە زاڵترە بەسەر خەمی گشتیدا، چ لە ڕوی کەلتور و چ لە ڕوی کۆمەڵایەتییەوە.
ئەمەش وەها دەکات پرسی گشتی بە ئاسانی نەیەتە ئاراوە.
بۆ نمونە پرسێکی وەک موچە، کە پرسێکی سەرەکی هەڵبژاردن بوو، لەو جۆرە پرسانەیە کە چەندێک رەهەندی گشتیی هەیە چەند هێندە ڕەهەندی تاکیانەی هەیە.
کردنی پرسی موچە بە پرسی سەرەکی هەڵبژاردن هەڵەیەک بوو ئۆپۆزسیون خراپ مامەڵەی لە گەڵدا کرد.
چونکە موچەخۆر چەندێک ناڕازیی بێت، لە دوا ئەنجامدا دەتوانرێت ڕازیی بکرێت کە دەنگ بە ئەوە بدات کە موچەکەی بە دەستە.
هەرچەندە دەگوترێت کە موچە لە دەست یەکێتی و پارتیدا نەماوە، بەڵام لە واقیع و ئاگاییدا وەها نیە.
لە پاش جەنگی جیهانی دووەم، زۆر دیدی فیکریی لە ڕۆژئاوا توشی کێشەبوون. یەکێک لەوانە دیدی بە پۆزەتیف سەیرکردنی خەڵک.
بیرمەندانێک کە بینییان چۆن هیتلەر لە ڕێگای دیموکراسییەوە هاتە سەر دەسەڵات، باوەڕیان بە پشت بەستن بە دیموکراسی و لیبرالیزم لاوازبوو.
یەکێک لەو دیدانە هاتە ئاراوە، دیدی ئایشمان بوو، کە هانا ئارێنت داڕێژەریی بوو.
بەپێی ئەم دیدە خەڵکانێک هەن چەندێک سیستەمەکە خراپ بێت، هەوڵدەدەن کاری خۆیان بە باشی تیایدا بەڕێوەبەرن و تەنها بیر لە خۆیان بکەنەوە، نەک لە کاریگەریی کارەکەیان لە سەر ئەوانیتر.