کشانەوە لە پەرلەمان
4 هەفتە لەمەوپێش
هادی حەمە ڕەشید
بەو پێدراو و فاکتانەی کە سەردەمانێکە ئەیخەینەڕوو، باشتر بوو کە ئەم هێزانەی دەرەوەی دەسەڵات(کە ئێستا ئیتر دەسەڵات سێکوچکەی پارتیی، یەکێتیی، نەوەی نوێ ـیان پێکهێناوە) بەشدارییان لە گاڵتەجاڕیی هەڵبژاردن نەکردبا، ئێستا نەختێک ڕێگاکەیان نزیك ئەکردەوە، بەڵام کە نەشکرا، ڕەنگە سەربەخێر بێت و ببێت بە هۆی خێراکردنی بەرهەمهێنانی گوتارێکی نوێ کە پێداویستیی قۆناغەکە بێت.
ئەو هێزانەی کە تا ئێستا بڕیاری یەکلاکراوەیان هەیە بۆ دەستبەرداربوونیان لە کورسییەکانی پەرلەمان و ڕەتکردنەوەی ئەنجامەکان، ڕێگا ڕاستەکەیان هەڵبژاردووە و حەق نییە دوودڵ بن لێی.
پێویست ناکات (بلە)گووتەنیی (دڵیان بلەرزێت)، چونکە ئەو پەرلەمانە نە یاسادانان و نە متمانە بەخشین و لێسەندنەوەی، نە چاودێریی کردن، هیچیانی بە ڕێژەییش ئەنجام نەداوە.
هۆکارەکەشی بە سادەیی ئەوەیە؛ کە بنەمای ململانێکە فشەڵە. فشەڵە چونکە هەرێمێکی بێ دەستووری گرەنتییکاری پڕۆسەی سیاسیین. ئەوە ڕاستە کوردستان هەرێمێکە لە چوارچێوەی عێراقدا و دەستووری وڵاتەکە دانی پێداناوە، بەڵام بەو بەرخوردە پڕ لە لادانەوە لە یاسا و بەو بن پێخستنەی بەندە دەستوورییەکانەوە لەلایەن دوو زلحیزبەکەی کوردستان و چاوپۆشیی هێزە سەردەستەکانی ناوەندەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەرکی مرۆڤی ئازادیخواز گرانە و پێویستە سەرەتا و ڕادیکاڵانە بیر لە گۆڕینی (بنەماکانی یاریی)ـەکە بکاتەوە.
کێشە(بنەماکە)یە، چونکە حیزبی خاوەن دید و مرۆڤی خاوەن دۆز، ناچێتە ناو ململانێیەکەوە کە(هەموو شتێك) لای حیزبێك بێت و(هیچ) لای ئەوانیتر، کەچی بڵێن ئەچینە ناو یارییەکەیشەوە!
ناکرێت(پارە و پۆست و پاوەر)لای دەسەڵات بێت و بشڵێت: من ئازادییم بە دیاریی بۆ ئێوە هێناوە!
بە تۆپزی خەڵك ناچار بکات دەنگ بدات و قۆناغ بە قۆناغ دەنگەکەشیان ساختە بکات و بڵێت: من دیموکراسییم بەدیاریی بۆتان هێناوە!
بودجەی گشتیی و هێزە چەکدارەکان و هەواڵگریی و دامودەزگای مەدەنیی و بازاڕ و مزگەوت و زانکۆ و زەوی و ئاسمان لەخزمەتی ئەودا بێت و بڵێت: من یەکسانییم بەدیاریی بۆ کۆمەڵگا هێناوە!
بەم بنەما و (سیستم)ـە حیزبۆکراتییەی ناو ئەم دوو زۆنەوە، پڕۆسە ساسییەکە بە بنبەست گەیشتووە، گوێ لە(حیزبی سەفەقاتی دەرباریی دوو حیزب) و ئەفەندییەکانی پەراوێزیشیان مەگرن، ئەوان عەیامێکە لەم حیزب بۆ ئەو حیزب و لە دەرباری ئەم بەرپرسەوە بۆ ئەو دەربار، بە دەستەواژەی دیکە فریای دەسەڵات کەوتوون تا کۆمەڵگا لەو دۆخەدا بهێڵنەوە، بەڵام نە لۆژیکی دەوڵەتداریی و نە ویژدانی مرۆڤی نیشتیمانپەروەر ئەوە ناسەلمێنێت کە ئەمە جگە لە کۆیلایەتیی بۆ دوو خێزانی سیاسیی هیچیتر بەرهەم بهێنێت!
دوودڵ مەبن، بەڵام پێویستە ئێوە ڕابەرایەتیی کۆمەڵگا بکەن بۆ دەرباز بوون لەم قۆناغە، ئەزانم بەراوردکردنی ئەمریکا بە هەرێم(قیاس مع الفارق)ـە، بەڵام کۆمەڵێك سیاسیی لە کۆتایی سەدەی هەژدەیەمدا هەستان لەو وڵاتەدا سنوورێکیان بۆ داگیرکاریی بەریتانییەکان دانا، ئەوان کە پاشتر بە(باوکانی ئەمریکا) ناوزەدکران، دەستووریان بۆ وڵاتەکە دانا، دەستوورێك کە بازووی سەربازیی و هەواڵگرییان چەندە بەهێز بێت، کۆمپانیا چەكفرۆشەکان و باندە بازرگانییەکان چەندە دەستڕۆیشتووبن ناتوانن ئەو دەستوورە ببەزێنن.
دەستوورێك کە ملیۆنان مرۆڤی وەك(ترەمپ)ی شەڕەنگێزی جڵەوکردووە، گۆڕەپانی سیاسیی بۆ دەستەبەر کردووە، بەڵام سنوورەکان ئەوەندە تۆخن کە نەتوانێت تێیان پەڕێنێت!
دوودڵ مەبن، جگە لە(پاشکۆیەتیی)سەرانی هەردوو زۆنەکە، هیچ بوارێکیان بۆ کارکردن نەهێشتووەتەوە، ئەو کورسییانەی کە جێیئەهێڵن، ئەبێت بە گەورەتریین شانازیی بۆتان.