چارەنوسی کەرکوک و سەرژمێری گشتی
د. شۆڕش حاجی
یەک مانگ لەمەوپێش
چارەنوسی کەرکوک و سەرژمێری گشتی
د. شۆڕش حاجی
ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لە کەرکوک، کە بڕیارە لە رۆژی 20ـیی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، ئومێدی گێڕانەوەی کەرکوک بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە رێکاری یاساییو دەستوری هەتا هەتایە زیندەبەچاڵ دەکات. ئەوەش دوای ئەوەی کە گەلی کورد لە رابردوودا چەندین هەلی مێژویی لەدەستداوە.
سەرکردایەتی سیاسی کورد لە مانگی نیسانی ساڵی 2003 هەلێکی زێڕینییان لەدەستدا بۆ ئەوەی کەرکوک بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان.
ئەمەش بەوەی لەسەر داوای ئەمریکا رازی بون کە پێشمەرگە لە کەرکوک بکشێتەوە و لێگەڕێن کەرکوک لەلایەن ئەمریکاوە ئازاد بکرێت و دواتریش بەپێی مادەی 158 لە یاسای ئیدارەدانی کاتی عێراق مامەڵە لەگەڵ پرسی کەرکوک کرا. لەوەش قەباعەت تر ئەوە بو، کە لە کاتی نوسینەوەی دەستوری عێراق جارێکی دی سەرکردایەتی سیاسی کورد رازی بون پرسی کەرکوکو ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان تێکەڵ بە کێشەی چەندین ناوچەی تر لە باکورو ناوەڕاستی عێراق بکرێت و چارەنوسی ئەو شارە بە جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستوری هەمیشەیی عێراقەوە بەسترایەوە.
لەوساشەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم هەنگاوی جیدی و یەکلاکەرەوەیان نەناوە بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140. ئەو هەموو ساڵە، سەرانی کورد هەر جارەی بە بیانوێک پاساویان بۆ جێبەجێنەکردنی مادەی 140 و دروستکردنی ئاستەنگ لە بەردەم یەکلاکردنەوەی چارەنوسی کەرکوک دەهێنایەوە و دەسکەوتی شەخسی و حیزبی لە بەغداو لە هەرێم لەلای دەسەڵاتدارانی کورد زۆر لە پێشەوەی پرسی کەرکوک بو. ئەنجامدانی ریفراندۆمەکەی 25ی ئەیلولی 2017 و پاشان رادەستکردنی کەرکوکو باقی ناوچە کوردستانییە دابڕینراوەکان بە سوپای عێراق لە 16ـی ئۆکتۆبەر، دوا گورزی کەمەرشکێن بوو کە لە کەرکوک درا.
ئەگەر بێتو ئەم مانگە سەرژمێری گشتی لە کەرکوک بکرێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە ژمارەی کورد بە بەراورد بە ژمارەی عەرەب و کۆی ژمارەی دانیشتوانی ئەو شارە بە کورد و عەرەب و تورکمان و کلدوئاشورییەوە بە جۆرێک دەبێ کە بە هیچ پێوەرێکی زانستی لەسەر بنەمای ئامارو فرەیی نەتەوەیی ناتوانرێت ئیدیعای کوردستانییەتی کەرکوک بکرێ تاکو ئەو شارە دێرینەی کورد بگەڕێتەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە قۆناغە هەرە گرنگەکەی مادەی 140تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە، کە بریتیە لە گێڕانەوەی عەرەبی هاوردە بۆ شوێنەکانی پێشویان و گەڕانەوەی کوردە دەرکراوەکان بۆ ناو شاری کەرکوکو گۆڕینی سنووری ئیداری ئێستای پارێزگای کەرکوک بۆ سەردەمی پێش هاتنی رژێمی بەعس و دەستپێکردنی شاڵاوی تەعریب. بەڵام ئێستاش کورد لەرووی دەستوری و یاساییەوە کارتێکی بەهێزی بەدەستەوەیە کە نابێ پێش جێبەجێکردنی مادەی 140، کە بەشێکە لە دەستوری هەمیشەیی عێراق و زۆرینەی خەڵکی عێراق دەنگی پێداوە، سەرژمێری لە کەرکوک و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان، کە لە دەستوری عێراق بە ناوچە جێناکۆکەکان ناوی هاتوە، ئەنجام بدرێ.
بۆیە لە ئێستادا ئەرکی هەر کوردێکی بێلایەن یان لایەنگری هەر حیزب و هێزێکی سیاسیییە، کە بڕوای بە کوردستانییەتی کەرکوکە، فشار بخەنە سەر سەرکردایەتی سیاسی کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێم، کە لەم ساتەوەختەدا هەموو جیاوازی و ناکۆکییەکانیان بەلاوە نێن و پێگە و پەیوەندییەکانیان لە بەغداد و تاران و ئەنقەرە بەکاربێنن بۆ ئەوەی نەهێڵن سەرژمێری لە کەرکوک بکرێ. ئەگەر بەرپرسانی کورد پێداگری لەسەر ئەم بابەتە نەکەن و رێگری لە ئەنجامدانی سەرژمێری لە کەرکوک نەکەن ئەوا هەرچیەکیان کردوە و گوتوە سەبارەت بە کوردستانییەتی کەرکوک پوشێک ناهێنێت و هەر کەس و لایەنێکیش لەو پێناوە هەر قوربانییەکی دابێ رەنج بەخەسار و مایەپوچ دەبێ!