ڕامان لە ترەمپ: ئاڵووێر
د. سەردار عەزیز
د. سەردار عەزیز
2 هەفتە لەمەوپێش
ڕامان لە ترەمپ: ئاڵووێر
د. سەردار عەزیز
هاتنەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرکەوتنێکی بێ وێنە بوو. ئێستا کۆمارییەکان لە هەموو ئاستێکدا براوەن. زۆرینەی سێنات و کۆنگرێسن. زۆرینەی دەنگی دەنگدەرانن، هەروەها زۆرینەی ئیلکتۆڕاڵ کۆلیجن.
ئەمە نەک هەر سەرکەوتنێکی گەورەیە. بەڵکو بەخشینی شەرعیەتێکی گەورە و نەمانی ڕکابەرە بۆ ترەمپ. هۆکارەکانی ئەوەی چۆن ئەمە ڕویدا لە ناوەوەی ئەمریکایە و پەیوەندی بە زۆر هۆکارەوە هەیە، بە جۆرێک لە هەر ویلایەتێک پاڵنەری جیاوازی هەیە. بەڵام ترەمپ چۆن لە گەڵ دونیای دەرەوەدا مامەڵە دەکات؟
لە ساڵی ١٩٨٧ دۆناڵد ترەمپ کتێبێک چاپ دەکات بە ناوی هونەری ڕێکەوتن. لەم کتێبەدا ترەمپ چەند دیدێکی سادە دەخاتە بەرچاو، بەڵام گرنگ بۆ تێگەیشتن لە دونیابینی ترەمپ. یەکەم، بڕواکردن بە غەریزەت. بەو مانایە نابێت ئەوەندە زۆر بیر لە شت بکەیتەوە، ئەگەر بەباشت زانی بیکە و ئەگەر بە خراپت زانی خۆتی لێ بە دوور بگرە. ترەمپ لێرەدا دەیەوێت بڵێت ئەوەندە بە گوێی ئەوانیتر مەکە. ئەوەندە ڕاوێژ مەکە. ئەوەندە لێکی مەدەرەوە. تەنها پشت بە خۆت و غەریزەکەت ببەستە.
ترەمپ لە هەمان کتێبدا باس لە پێویست بونی ئیگۆ دەکات بۆ سەرکەوتن. لە شوێنێکدا دەڵێت، کەسێکی بێ ئیگۆم پێ بناسێنە، دۆراوێکت پێ دەناسێنم. بەو مانایە ئیگۆ پێویستە بۆ سەرکەوتن. کەسێک ئیگۆی نەبێت سەرکەوتوو نابێت. کردنی ئیگۆ بە کرۆکی سەرکەوتن، ترەمپ بەرەو ئەو فەلسەفەیە دەبات کە هەموو ئەوەی هەیە، نمایشە. یان شۆیە.
لەم ڕوانگەیەوە ترەمپ بروای وەها کە هیچ کێشەیەکە نیە لە دونیادا نەتوانێت چارەسەری بکات. دیدی بۆ چارەسەر بریتیە لە ئاڵووێل. ئەم دەربڕینە بەکارنەهێنراوە کوردییە بەکاردەبەم، چونکە بڕوام وەهایە دەتوانێت کرۆکی ئەوەمان پێشان بدات کە چۆن مامەڵە لە گەڵ پرسەکانی جیهاندا دەکات.
ئاڵووێر بەمانای گۆڕینەوەی شتەکان لە پێناو ڕێکەوتن. ترەمپ لەم ڕوانگەیەوە وەها دەبینیێت لە هەموو پرسێکدا دەتوانێت چی بەدەست بهێنێت و ئامادەیە چی بدات. لای ئەو ڕەهەندی قازانج و دەستکەوت ئامانجە نەک رەهەندی مرۆیی یان دادپەروەریی یان ماف یان بەها.
لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین قسە لە سەر هەندێک خەسڵەتی سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ بکەین.
یەکەم، ترەمپ هەوڵدەدات شەڕی ئۆکرانیا کۆتایی پێبهێنێت. چونکە ئەمە وەک سەرکەوتنێکی گەورە دەبینێت. لەم ڕوەوە ئامادەیە گوێ لە پوتین بگرێت. لە هەمانکاتدا ئامادەیە ئەوەی بۆی دەکرێت لە خاکی ئۆکرانیا بدات بە پوتین لە پێناو گەیشتن بە ئاشتی.
بەڵام ئەم پرسە بە تەنها نابێت، چونکە پەیوەندی روسیا و ئێران بەشێک دەبێت لەم پرسە. بۆیە ترەمپ داوا لە پوتین دەکات پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئێراندا بوەستێنێت.
دووەم، ئەگەر کەسێکی لە سەر بنەمای گۆڕینەوە و ئاڵووێڵ مامەڵە بکات ئەوا هیچ چەسپیوێک لە ڕەفتاریدا نابێت، بەڵام سەرباری ئەمە هەندێک چەسپیو لە سیاسەتی ترەمپدا دەبێت بە تایبەتی کە سێتە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. پشتیوانی ئیسرائیل و نزیکایەتی لە گەڵ نەتەنیاهوو یەکێک دەبێت لە سیاسەتە نەگۆرەکانی. گەرچی عەرەب و موسوڵمانەکانی شیکاگۆ پشتیوانی ترەمپیان کرد هەتا ئاشتی بهێنێت یان کۆتایی بە شەڕی ناوچەکە بهێنێت، بەڵام ترەمپ بە پێچەوانەوە دەیەوێت ئیسرائیل کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت وەک خۆی دەیەوێت. لەم ڕوەوە دژایەتی ئێران یەکێکی تر دەبێت لە سیاسەتە چەسپیوەکانی.
سێیەم، سعودیە و بە تایبەتی محمد بن سەلمان زۆر خۆشحاڵن بە دەرچونی ترەمپ. باڵی چەپی دیموکراتەکان دژ بە سعودیە بوو، هەرچەندە نەیانتوانی فسارێکی ئەوتۆ بکەن. لە ڕوەوە دەبێت ڕێکەوتنی ئەبراهام زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت.
ترەمپ دەزانێت کە هۆکاری سەرەکی هەڵبژاردنەوەی هەڵاوسان بوو. یان گرانبونی نرخی کاڵاکان لە ئەمریکا. ئەم فاکتەرە ناوخۆییە کاریگەری دەبێت لە سەر سیاسەتی دەرەوە، بە تایبەتی لە دوو ڕوەوە: یەکەم ترەمپ هەوڵدەدات خەرجکردنی پارە لە دەرەوەی ئەمریکا کەم بکاتەوە، دووەم، هەوڵدەدات کە نمایشی ئەوە بکات کە هەموو هەنگاوەکانی بۆ ئەوەیە کە پارە بۆ ئەمریکا بهێنێت. ئەمەش کاریگەری زۆری دەبێت لە سەر قەیرانەکنای دونیا و چۆنێتی مامەڵەکردن لە گەڵیدا. جارێکی تر لە سەر بنەمای ئاڵووێڵ ترەمپ بیر لە سود دەکاتەوە لە هەموو هەنگاوێکدا. ئمە بە تایبەتی زۆر کاریگەری دەبێت لە سەر پەیوەندی چین و ئەمریکا. سەرۆکی چینی پلانی ئابوریی خۆی دواخست بۆ ئەوەی دڵنیابێت کە کێ دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا.
کاریگەری ئەم هەڵوێستانە لە سەر عێراق زۆرن، بۆیە جارێکی تر باسی دەکەین.