دەعوەتنامەكانی ئەلینا خاتون و كاك ستیڤن
ڕەحمان غەریب
یەک هەفتە لەمەوپێش
دەعوەتنامەكانی ئەلینا خاتون و كاك ستیڤن
ڕەحمان غەریب
هەندێ دیداری دوو هەفتەی رابردوو كە مۆركی ئاهەنگێڕان بوون، سەدان كەس تیایدا بەشداربوون، بەڕاست و چەپدا چاوت بگێڕایە، نەتدەبینی، دوو كادری پێشكەوتووی یەكێتی و پارتی، ئۆپۆزسیۆن و ئەوانی تر، پێكەوە لەسەر مێزێك بدوێن و دوو قسەی خۆش، بۆ یەكتر بكەن.
هەردوو شەوە ئاهەنگی رۆژی سەربەخۆیی ئەمریكا، كە كونسڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر رێكیخستبوو، (ئەلینا رۆمانۆوسكی) باڵوێزی وڵاتەكەیان لە بەغدا ئامادەیی هەبوو، هەروەها رۆژی لەدایكبوونی پاشای شانشینی یەكگرتوو چارڵسی سێیەمیش كە كونسوڵی گشتی بەریتانیا ستیڤن هیتچن، پێشوازی لە میوانان دەكرد، نەیتوانی بەربەستەكە بڕوخێنێت.
دیوارە دەرونییەكان، كە بانگەشە هەڵیچنیون، كاریگەرییان هەر ماوە، وەك بۆنەی ساڵانی تر، (میم سین) و بڕیادەرەكانی یەكێتی و پارتی لە ریزی VIP دا پێكەوە نەبوون، خەتای ئەلینا خاتون و كاك ستیڤن نییە. بەڵام لە سیاسەتدا ئەوەش تێدەپەرێ.
دڵنیابووم كە سەركردە دیارەكانی (ی ن ك)، وەك سەرۆكی یەكێتی بافڵ تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران قوباد تاڵەبانی و هەندێک لە سەركردە و وەزیرەكانیان بۆ ئەم بۆنانە بانگهێشتكرابوون، دیارە زۆربەیان پێیان باش بووە ئامادەی ئەو ئاهەنگانە نەبن.
بێ ئەوەی بە هەموو هۆكارەكانییەوە سەرقاڵتان بكەم، ئەوەی بانگەشە دروستیكردوە، كاتی دەوێ کۆتایی پێ بێت، هاوڕێیەکم پێی ووتم: گەشبین.. تەماشاكە بەریتانیای عوزما و ئەمریكا نەیانتوانی لەیەك ئاهەنگدا كۆیانبكەنەوە!
منیش بۆ ئەوەی بیسەلمێنم هەر گەشبینم وتم: ئیتر وایە پێكەوە دەركەوتن، سڵاوكردن لە یەكتریش، با بۆ كۆبونەوەكانی پێكهێنانی حكومەت هەڵیبگرن نەك بۆ بەردەم زوومی كامێرای ئاشكرا و شاراوە.
بەڵام ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و تیمەكەی لە دوا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەشێكە لە هەوڵی شكاندنی بەربەست و كارێكی ئێجگار باشی كرد، بێگومان بەبێ ئەوەی وای تەفسیربكەین ئامادەبوونی بەڕێزیان و تیمەكەی بە واتای ئەوە بێت: تەمەنی حكومەتی كاربەڕێكەر درێژتر دەبێت.
جگە لە میدیای بەكرێگیراو، زۆرینەی لێدوانەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانیش پێمان دەڵێن پارتی و یەكێتی لە لوتكەی ناكۆكی توند و تەنەنانەت خوێناویشدا، لەكۆتاییدا هەر پەنایان بۆ مێزی گفتوگۆ بردووە، هەنگاوی كردارییان ناوە تا پرۆسەی ئاشتەوایی سەركەوتوو بێت، بەڵام لەسەر بنەمای بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان نەک لە پێناو چاکەی گشتیدا.
مەرجی هەبوونی ئیرادەی سیاسی كە پشت بە دیالۆگ و ئاشتەوایی و گفتوگۆ و گەڕان بەدوای چارەسەری سیاسی ناكۆكییەكان دەبەستێت بۆ هاوڵاتیان گرنگە، بەتایبەتیش لەم هەلومەرجە مەترسیدارەی كە لە ئەنجامی بارودۆخی نوێی نێودەوڵەتی و ناوچەیی دروست بوون، كە پێشبینی دەكرێت عێراق ببێتە گۆڕەپانێكی نوێی ئەو ململانێیە و ئاسایش و سەقامگیری كوردستانیش بخاتە مەترسییەوە.
هاوڵاتییەكی ئاسایی درك بەو مەترسیانە دەكات، ئەی ئێوە کە گوایە سەرتان لە سیاسەتدا سپی كردوە، دركی پێناكەن؟ چاوەڕێی چین؟