لەمەجلیسەکانی نەوشیروان مستەفاوە " ٢ "

پێشەکی و ئاگایی

عەبدولڕەزاق شەریف

یەک هەفتە لەمەوپێش



 پێشەکی و ئاگایی

عەبدولڕەزاق شەریف

)لەمڕۆ بەدواوە، ئەوەی لە مەجلیس و کۆبونەوە گشتی و تایبەتەکانی نەوشیروان مستەفا، بیستومە و بینیومە، ئەینووسمەوە، بەم ناونیشانە و بە زنجیرە، هەموو رۆژێکی دووشەمەی ناوەڕاستی هەفتە، بڵاویاندەکەمەوە .

 وەک بڕوای ئەو زاتەش، چەند بتوانم لە نووسینەکاندا، خۆم لەو باسانە دەپارێزم کە کێشەی کۆمەڵایەتی یان شەخسیان لێدەکەوێتەوە .

 هیوادارم سودێکیان بۆ مێژوو! بۆ بیری نەوشیروان مستەفا و ناوەندەکانی کاری سیاسی، لەکوردستاندا هەبێت  (.

 

لەمەجلیسەکانی نەوشیروان مستەفاوە " ٢ "

  لە پلنیۆمی ٢٠٠٩ی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا لەتەلاری هونەر، مام جەلال لەخوێندنەوەی راپۆرتی سکرتێری گشتیدا، لە زنجیرە رەخنە و گلەییە توندەکانیدا، بۆسەر نەوشیروان مستەفا وتی: (لە بەغدا و لیژنەی نوسینەوەی دەستوری هەمیشەیی عێراق، نوێنەری ئێمە بوو، بەهۆی قسەکانییەوە، شیعەکانی لێ عاجز کردین! ساڵێکی ویست هەتا پەیوەندیەکانم لەگەڵیان باشکردەوە).

  بەشبەحاڵی خۆم، پێشتر هەموو هێرش و رەخنە و گلەییەکانی مام جەلال و هاوڕێکانیم لەسەر نەوشیروان مستەفا، چەندبارە بەرگوێ کەوتبوو بەڵام ئەمەیان بۆمن تازەبو! کەسیش خوڵک و دەرفەتی پرسیار و رونکردنەوەی نەبو، بۆیە "مرور الکرام"  تێپەڕی.

 دواتر خۆیشی لەکاردانەوەی قسەکانی مام جەلالدا، بەنووسین وەڵامی ئەم باس و رەخنەیەی نەدایەوە.

  چەند ساڵێک دواتر و لەدەرفەتی باسوخواسی نێوانی خۆی و مام جەلالدا، وتم:

 + کاکە مەبەستی چی بوو ؟ بۆچی وتی نێوانی ئێمە و شیعەکان تۆ تێکت داوە؟ چۆن و چی رویدا لەگەڵ نوێنەرایەتی شیعەکان لە لیژنەکانی نوسینەوەی دەستور؟

  پێش وەڵام، لەیەک چرکەیا توڕەبوون و پێکەنینم لە دەموچاویا بینی(تەنیا کەسێک لەژیانما بەرامبەرم لەیەک تەماشادا نیگایەکی توڕەی چاوەکانی و زەردەخەنەیەکی لێوی پێکەوە دەرکەوتبێ و بینیبێتم ئەو بوە) رەنگە ئەوەش هۆکاری ئەو وەسفە بێت کە زۆر لە هاوڕێکانی تەنیا نیگای ئەویان ئەبینی( بەقەولی مام رۆستەم  تەماشای دەڵێی دوای دوانزەی شەوە)  دەیانوت ئەو هەمیشە گرژ و مۆن و توڕەیە! کە لە راستیدا، وانەبو! کەم کەس هەبو لەیەک کاتدا، ئەفسونی توڕەیی و پێکەنینی ئەو پێکەوە ببینن !

 هەر بەو خەندەیەوە وەڵامی دامەوە، وتی  :

لە دانیشتنەکانی لیژنەی نوسینەوەی دەستور، لە گفتوگۆ و سیاغەکردنی بڕگەکانا، پێش بڕیاری کۆتایی هەر مادەیەک، نوێنەرێکی شیعەکان روخسەتی وەردەگرت و ئەرۆیشتە دەرەوەی هۆڵەکە، تەلەفۆنێکی دەکرد و دوای ئەوە دەگەڕایەوە بە رەزامەندی، بەرەتکردنەوە یان بەگۆڕینی دەستەواژەیەک دوا قسە و بڕیاری شیعەکانی وەک پێکهاتەی زۆرینەی عێراق رادەگەیاند .

  یەکێ لە جارەکان زۆر دوایانخستین، کاتی کۆبونەوە کەمی مابو، روو لە " عەبدولعەزیز حەکیم " وتم (ئێوە هەموتان، بە مەرجەع و ئاراستە جیاوازەکانتانەوە لێرە نوێنەرتان هەیە! کەچی هەمو جارێک پێش بڕیاری کۆتایی راماندەگرن، هەتا پەیوەندی نەکەن بڕیار نادەن! تەلەفۆن بۆ کێ دەکەن؟ )

بەدەنگێکی هێواش و لە وەڵامدا وتی :

(مەکتەبی مەرجەعی باڵا، سەید سیستانی)

 منیش بەدەنگێکی بەرز وتم (ئنجا ئێوە هەموتان کەسانی سیاسین و شارەزای شەرع و قانون و دەستورتان لە نێواندایە، ئێوە عێراقین  ...  عەیب ناکەن بۆ هەموو بڕگەیەک بڕیار و رەزامەندی لە مەلایەکی ئێرانی وەردەگرن ؟)

 هێشتا قسەکەم تەواو نەکردبوو،  سەید حەکیم بە باڵای خۆی هەستایە سەرپێ و بەهەردوو دەست مێزەرەکەی داکەند، لەسەر مێزەکە و لەبەردەمی منا داینا، چەندجارێک وتی ( خاتر اللە و خاتر اللە کاکە نەوشیروان) و هەندێ قسەیتریش کەناکرێ و نابێ بەوشێوەیە ناوی سیستانی بهێندرێ .!

  ئیتر لەو رۆژەوە نوێنەرەکانی شیعە نێوانی خۆیان لەگەڵ منا تێکدا و بۆ شکایەت و گلەییش هانایان بۆ مام جەلال بردبو ، منیش تاقەتی کۆبونەوەکانم نەما و بۆ ماوەیەکی زۆر بۆ سلێمانی گەڕامەوە .

 کە لێمپرسی،  زۆرێک لەم وردەکاریانەت بۆچی لەنوسینەکانتا بڵاو نەکردۆتەوە؟

  وتی: کێ ئەڵێ نەمنوسیون؟ زۆریانم نوسیوە، کاتی بڵاوکردنەوەیان نییە .

  ئەم وەڵامە وایکرد، تا لەژیانابم چاوەڕوانی بڵاوکردنەوەی ئەو نوسینانەبم کە نازانم بڵاودەکرێنەوە یان نا؟  ماون یان نا؟

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار