کاک سەعدی سیحەتت باشە!
عەبدوڵڵای مەلا نوری
23 كاتژمێر لەمەوپێش
کاک سەعدی سیحەتت باشە!
عەبدوڵڵای مەلا نوری
ئەمڕۆ وتەبێژی یەکێتی لە نزیک سەری رەشەوە، داوای لە خەڵکی ناوچە کوردیە بە عەرەب کراوەکان کردووە، لە رۆژی سەرژمێری، بڕۆنەوە لە شوێنە ئەسڵیەکانی خۆیان، خۆیان تۆمار بکەن.
منیش پشتیوانی دەکەم، ئەمما:
لە ساڵی ٢٠٠٣-٢٠٠٥، بە رابەرایەتی و بڕیاری کاک مەسعود و مام جەلال، چارەنوسی کەرکوک و ناوچە کوردیە تەعریب کراوەکانی تر، بە مادەی ١٤٠، خرایە تەرازوی راپرسیەوە.
واتە بەم بڕیارە ٥٠٪ رەوایەتی خاوەنداری ئەو ناوچانە، لە کورد وەرگیرایەوە.
ئێستاش، بەم درەنگ وەختە، وەک ئەوەی کاک سەعدی (شتێکی ژێربەژێری مەترسیدار لە سەر چارەنوسی ئەو ناوچانە بزانێت و بیەوێ بەم لێدوانە، ئەستۆی یەکێتی پاک بکاتەوە)، هاتووە تۆپەکە فڕێ دەداتە ساحەی خەڵکەوە!
جا من لێرەوە، بە ناوی خەڵکەوە بەو زاتە دەڵێم: قوربان، رێگایەکی ئاسان تر هەیە، فەرموو بڕۆ بە کاک باڤڵ و کاک مەسعود بڵێ: با رێگە نەدەن لەو ناوچانە هیچ جۆرە سەرژمێریەک بکرێت.
چونکە ئەو ناوچانە بە پێی دەستوری عێراقی فیدراڵ، دۆخێکی تایبەتیان پێدراوە، وە تەنها کاتێک دەبێت سەرژمێریان تێدا بکرێ، لە پێشدا عەرەبە هێنراوەکان بگەڕێنرێنرێنەوە بۆ شوێنی ئەسڵی خۆیان و کوردە دەرکراوەکانیش ببرێنەوە بۆ سەر زەویی و شار و شارۆچکە و گوندە دەستبەسەرداگیراوەکانیان، ئەو کات دەبێ سەر ژمێری بکرێ!
بەڕێز، کاک سەعدی: ئێوە و پارتی (ئەگەر لە ژێرەوە مامەڵەیەکی حەرامتان لە سەر چارەنوسی ئەو ناوچانە نەکردبێ!)، ئەوا زۆر باش دەتوانن پرۆسەکە رابگرن.
خۆ ئەگەر ئەوەش ناکەن فەرموون وەک چۆن هەردوو حیزب، هەزاران دەفتەر دۆلارتان لە هەڵبژاردندا، بۆ کڕینی دەنگی خەڵک خەرج کرد، هەر ئاواش پێکەوە سەدان پاس بگرن و خۆتان راستەخۆ پێشی خەڵکەکە بکەون و بیانبەن بۆ خۆتۆمارکردن.
دیارە ئەمەش چارەسەر نیە، ئەگەر بەشی دووەمی پرۆسەکە جێبەجێ نەکرێ، کە ناردنەوەی عەرەبەکانە بۆ شوێنی خۆیان.
لە راستیدا، من پێشتر هەندێک گومانم لە سەرژمێریەکە هەبوو، بەڵام دوای لێدوانەکەی کاک سەعدی خەریکە بگەمە یەقین، کە ئەگەر بە مادەی ١٤٠، ٥٠٪ی خاوەنداری ئەو ناوچانە لە کورد وەرگیرابێتەوە، ئەوا بە سەرژمێریەکە ٥٠٪کەی تریشی لە کورد وەر دەگیرێتەوە!
واتە لە داهاتودا بە بەڵگەی فەرمی، کە داتاکانی ئەم سەرژمێریە دەبێ، کەیسی ئەو ناوچانە بە تەواوی بە زەرەری کورد دادەخرێ، بە هیوام وا نەبێ.
داوا لە خەڵک دەکەم ئەرکی سەر شانی خۆیان جێبەجێ بکەن، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا پارتی و یەکێتی، بە تایبەت بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی راستەوخۆ بەرپرسیارن لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو لە سەر چارەنوسی ئەو ناوچانە.
خۆ دوێنێش کاک قوباد و کاک مەسعود پێکەوەبون.