تورکیا: سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان مژدەی خۆشمان هەیە

6 كاتژمێر لەمەوپێش



 

وەزیری دەرەوەی تورکیا

 

-توركيا ئامادەکاریی کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە.

- پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان زۆر باشن.

- هەوڵدەدەین کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر چارەسەر بکەین.

 

 

هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند ئامادەکارییان کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە.

وەزیری دەرەوەی توركيا لە دانیشتنێكی پەرلەمانی وڵاتەكەی بۆ تاوتوێكردنی بودجەی ساڵی 2025ی وەزارەتی دەرەوە رایگەیاند سەبارەت به هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە هەواڵێکی خۆش هەیە، بە تایبەت لەبارەی کردنەوەی هێڵی بۆرییەکە چاوەڕێی پێشهاتێکی باش دەکەین، ئامادەکارییەکانمان کردوون بۆ ئەوەی هێڵی بۆرییەکە بکرێتەوە.

وتيشى: پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان زۆر باشن، هەوڵدەدەین کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر چارەسەر بکەین.

 ئاماژەشیكرد تورکیا گرنگی به پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان دەدات کە لە بەندەری فاوەوە لە بەسرە دەستپێدەکات و بەنێو خاکی هەرێمی کوردستان دا دەپەڕێتەوە بۆ تورکیا. 

 لە 25ى ئادارى 2023وە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیراوە، له دوای بڕیارێکی دەستەی نێوبژیوانیی پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق دژی تورکیا.

 پێش راگرتنی هەناردەکردنی نەوت، رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی بۆڕی نەوتی عێراق - تورکیا رەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرا.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار