پەیوەندی نێوان سەرکردە و ڕاگەیاندن ، بەدەم جوێنم پێدەدات و بەچاو پێم دەڵێت وەرە!
محمد خۆشناو
یەک هەفتە لەمەوپێش
ئەگەر بگەڕێمەوە یەڵدز، هەموو سەرنووسەری ڕۆژنامەکان دەخەمە ناو کورەی کبریت .
سوڵتان عبدالحمید لە مەنفا
محمد خۆشناو
پەیوەندی نێوان هەندێک لە سیاسەتمەداران و ڕاگەیاندنەکان پەیوەندییەکی ئاڵۆز و تێکچڕژاوە وەک ئەو پەندە میللیەیە کە دەڵێت «خۆشم ناوێیت و ناشتوانم لێت دووربم» جا جاری واهەیە پەیوەندییەکە ڕەهەندی دوژمنکارانەی بەدوادادێت و هەندێک جاریش هاوبەشی و هاوکاری. لە زۆربەی جاردا سەرکردەکان حەزیان لەوەیە لە شاشەکانەوە دەرکەون و زۆر حەزدەکەن شەو و ڕۆژ لە میدیاکاندا قسە بۆ خەڵک بکەن، بەڵام حەزناکەن عەیب و کەموکوڕییەکانیان دەربخەن. کەرتێک لە سەرکردەکان لەو بڕوایەدان کە ئامرازەکانی ڕاگەیەندن ڕۆڵێکی گەورەیان هەیە لە پتەوکردنی بەرژەوەندیەکانیان یان بەرژەوەندی نیشتیمانەکەیان. لەلایەکی ترەوە ژمارەیەکی زۆریشیان لەو بڕوایەدان کە هەندێک لەو مومارەسانەی کە لەمیانی دەزگاکانی ڕاگەیاندندا دەخرێنەڕوو لەوانەیە زەرەریان پێبگەیەنێت یان هەوڵەکانیان تێکبدات، بەڵام هەندێک لە سەرکردەکان لەوانە «خرۆشۆف»ی سەرکردەی سۆڤیەتی ڕۆژنامە بە «چەکێک» لە جەنگدا دادەنێت و «گۆبڵز»ی وەزیری بەناوبانگی پڕوپاگەندی هیتلەر ڕۆژنامەی بە «تۆپهاوێژ» دادەنا کە توانای بەرگریی ئیفلیج دەکات .
نکوڵی لەوە ناکرێت کە ڕاگەیاندن ڕۆڵی کاریگەری هەیە بۆ هۆشیارکردنەوە و پێشخستنی کۆمەڵگا و هەڵبژاردنەکان؛ بۆ نموونە لە هەڵبژاردنەکانی وڵاتەیەکگرتووەکاندا، «ترەمپ» سوودێکی زۆری لە هەندێک ئامرازەکانی ڕاگەیاندن بەتایبەتی سەکۆی « X »ی ئیلیۆن ماسک وەرگرت و سەرۆکایەتی بردەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ترمپ دوژمنی زۆرە کە دوژمنی ژمارە یەکی ئەو پیاوە ڕۆژنامەیە هەروەک پێشتر بە دوژمنی گەل وەسفی دەکرد. ترمپ لەم هەڵبژاردنە و ئەوەی پێشووتریش چوبووە ناو جەنگێکی بێکۆتاییەوە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و دامەزراوەکانیان و پێگەی هەواڵەکانیان و تۆڕی تەلەفزیۆنەکانیان، ئێستا ترەمپ وەک کاوبۆیەک کە سواری ئەسپێکی سووری ئەفسانەیی بووە و بەسەرکەتوویی هاتووەتە مەیدان، سوورە لەسەر بەرەوپێشبردنی جەنگەکەی و تۆڵەکردنەوە لەوانەی رەخنەیان لێدەگرت یان هزر و سیاسەتەکەیان ڕەتدەکردەوە. هەر لە ئێستاوە داوادەکات کە مۆڵەتی پەخشکردن لە هەندێک تۆڕە تەلەفزیۆنە بەناوبانگەکان بسێنرێتەوە، بە بیانووی ئەوەی کە هەڕەشەن بۆ سەر دیموکراسیەت و ئینحیازکردن بۆ کامێلا هاریس، هەروەها ترەمپ باسی بەندکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانەش دەکات کە سەرچاوەی زانیاریەکانیان ئاشکرا ناکەن، لە ساڵی «2020» هەڕەشەی ئەوەیکرد کە ئەگەر ڕۆژنامەنووسێک بەهۆی ڕەتکردنەوەی ئاشکراکردنی سەرچاوەی زانیارییەکانییەوە بچێتە بەندینخانەوە لەوانەیە لەلایەن زیندانییەکانەوە دەستدرێژی بکرێتە سەر. لەڕاستیدا و لە واقیعدا زۆر قورسە ئەو هەڕەشانەی لە ڕاگەیاندندا دەیکات بۆی بچێتەسەر، چونکە لە دەستووری ئەمەریکادا هاتووە کە حکومەتی فیدراڵ قەدەغەی ئەوەیکردووە کە نابێت ڕۆژنامەنووس ناچاربکرێت بۆ ئاشکراکردنی زانیاریەکان تەنها لە کاتی تیرۆر و توندووتیژی لەناکاودا نەبێیت .
شەڕی سەرۆک ترەمپ و پەیوەندیەکانی بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە لە وڵاتەکەیدا، بابەتی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت و لەمیانەیدا موفاجەئاتی سەمەرە دەتەقێتەوە و پێکدادان لەگەڵ ژمارەیەک دامەزراوەی گرنگ و بەناوبانگ ڕوودەدەن، کە ئەمەش مەترسییەکی گەورە بۆسەر ئازادی ڕاگەیاندن و وێنەی وڵاتەیەکگرتووەکان دروستدەکات.