لەمەجلیسەکانی نەوشیروان مستەفاوە " ٤
عەبدولڕەزاق شەریف
یەک هەفتە لەمەوپێش
عەبدولڕەزاق شەریف
هێڵێکی مێژویی بازرگانی گەورە لەنێوانی ئەفغانستان و دەریای سپی ناوەڕاستا هەیە، بەئێران و ناوچەکانی سێسنوری کوردستاندا، دەگاتە شام .
کورد لەمێژە وتویانە ( سەرەتا شام ... کۆتایی هەر شام ) .
لەویش کۆنتر، هێڵی بازرگانی لەنێوان ئەستەمبوڵ، کوردستان، تاران و هندستانە .
قەڵا دێرینەکان، ئەوانەی هەولێر و کەرکوکیش، بۆ پارێزگاری قافڵەکانی دروستکراون، بەڵام هێڵی ئەفغانستان، لەبەر سەختی و بەرزی چیاکانی سەرەڕێی، پێویستی بەدروستکردنی قەڵای هاوشێوە نەبوە .
سەدان ساڵە رێگەی یەکەم بۆ گواستنەوەی ئاڵوگۆڕ و بازرگانی مادەی هۆشبەر بەکاردێت، هێزە دەوڵەتی و نادەوڵەتیەکان، تەنانەت قاچاخچیەکانی ناوچەکە بەپێی بەرژەوەندی خۆیان بەکاری دەهێنن. دوای جەنگی جیهانی یەکەمیش بازرگانی چەک و تەقەمەنی " رەش " ی تێکڵاو بوە، هەتا ئێستاش هەردوو بازرگانیەکە لەگەڵ هەندێک ئاڵوگۆڕی سەردەما، بەشێوەی مۆدێرن و شێوازە کۆنەکەش، هەر بەردەوامە .
لە قسەوباسی ئەم مەسەلەیەدا، لە مەجلیسێکی نەوشیروان مستەفادا، هاتینە سەر باسی ئەو گوندە عاسی و دورە دەستانەی ناوچە کوردستانیەکانی نێوان (ئێران ، تورکیە و عێراق) . من باسی شاخی جودی، سەڵماس و شکاکایەتی و دواکەوتویی خێزان و خێڵەکانیم دەکرد ! ئەو وتی :
- تۆ چۆن ئەزانی ؟ کەی ئەو ناوچانەت بینیوە ؟
وتم: ئەوکاتەی سلێمانیم جێهێشت بەورێگەیەدا چومە ئەستەمبوڵ، ناچاربوم ماوەیەکی زۆر لەو ناوچەیە بمێنمەوە .
هەرگیز نەمبیستبو کەنەوشیروان مستەفا ساڵێکی تەمەنی لەورێگەیەدا بەسەربردبێت. ناوی گوندەکان، چیاکان، تەنانەت عەشیرەت، سەرۆک عەشیرەت و خاوەن دیوەخانەکانی باکوری کوردستانی هەمو ئەزانی، کە بەسەرسوڕمانەوە لێم پرسی :
+ ئەی تۆ ئەم شارەزاییەت لەکوێ هێنا ؟
حیکایەتێکی گێڕایەوە کە لە کتێبی (لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ)، باسی نەکردوە .
وتی: ساڵی هەفتاوشەش دیمەشقم جێهێشت، ماڵ و شوێنی مانەوەم لەگوندێکی نزیک قامیشلۆ دانا. سەرپەرشتی گواستنەوەی چەک و مەفرەزە سەرەتاییەکانم بۆ ناوچەکانی بادینان و قەندیل ئەکرد. بەناچاری و بۆ گەیاندنی چەکەکان خۆم لەگەڵ باری وڵاخەکاندا رێمدەکرد، هەر کاروانێک، هەفتەیەک و زیاتریش رێوڕۆیشتنی دەویست. شەوڕەویی لەگەڵ باری هێسترا هونەر ولێزانینی دەوێت، منیش هەموی فێربووبوم. نەجۆ " نەجمەدین بیوکا " و عەلی کەریمی هاوکار و هاوڕێم بون. لەگوندێکی عاسی ئەو شاخانە ئاغایەکمان بەناوی " حاجی زنار " وەک دۆست و پشتیوان پەیداکردبو، رێگەی ئەداین لەدیوەخانەکەیدا، پشو بدەین و بحەوێینەوە. شێوەزار و قسەکردنی ئێمە، هەرسێکمان جیاوازی هەبو! ئاغاش پرسیاری ئەکرد ( خەڵکی کوێین؟ ئەم باری وڵاخانە چین؟ بۆ کوێی ئەبەن؟ چەند پارەتان دەستدەکەوێت؟) کەزانی من عێراقیم، نەجۆ کوردی تورکیایە وعەلیش ئێرانیە. ئیتر خانەخوێ، بۆی دەرکەوت باری وڵاخەکانی ئێمە چەک و تەقەمەنیە بۆیە وتی :
(سێ کەس، خەڵکی سێ وڵاتی جیا یەکتانگرتوە! چەک ئەهێنن و ئەبەن! پێم بڵێن بەنیازی روخاندنی کام حکومەتەیانن؟ ئێران، عێراق یان تورکیا؟)
منیش ئەمویست دڵنیابێت لەوەی ئێمە ئیشی قاچاخچێتی چەک دەکەین، هیلاکیەکەمان، تەنیا بۆ پارە پەیداکردنە .
ئەویش هەر دەیویست بزانێ کاروانێکی ئێمە، دەپانزە رۆژ هاموشۆ و مەترسیە، چەندمان پارە دەستدەکەوێت .
مەبلەغێک پارەم وت، ئەو زیاتر کەوتە گومانەوە ...
ئنجا وتی:
( بۆچی شەقێک لەوچەکانە نادەن؟ وەرن لەگەڵ من ئیش بکەن، لەجیاتی ئەو هەمو باری وڵاخ و ئەزیەتە، من تەنیا یەک بار و یەک وڵاختان تەسلیم دەکەم ، هەمان رێگە و هەمان هیلاکی بەڵام دە ئەوەندە پارەتان ئەدەمێ ).
تێگەیشتم کەمەبەستی کاری هێنان و بردنی حەشیش و موخەدەراتە . کەسێکیش کڕین وفرۆشتنی چەکی قاچاخ بکات، عەرزی لەوجۆرە رەتناکاتەوە .
ترسی ئەوەشم هەبو لە رەتکردنەوەیدا ئەم بنەیەمان لێتێکبچێت و چیتر هاوکاریمان نەکات، بۆیە وتم بیری لێدەکەینەوە .
ئاغا بۆئەوەی زیاتر هانمانبدات بۆ هاوکاری ئیشەکەی خۆی ناراستەوخۆ قسەیەکیتریشی دابەگوێمانا، وتی :
(من شەش کچم هەیە و کوڕم نیە ، پێویستم بەسێ پیاوی جوامێری وەک ئێوەیە )
روم کردە عەلی و نەجۆ وتم :
فرسەتە بۆئەوەی ئەم بنەیەمان لێتێکنەچێت یەکێکتان ببنە زاوای ئەم پیاوە و کچێکی مارەبکەن . ئەوانیش ئەیانوت یان هەرسێکمان پێکەوە یان لەخۆت باشتر نیە بۆ ئەم کارە .
ماوەیەکی باشمان بەڕێکرد، ئاغاش بەهیوای شەریک و دەستخستنی مێرد بۆ کچەکانی، هاوکاری زیاتری ئەکردین .
هەتا ئەم دواییەش لەگەڵ عەلی کە باسماندەکرد ئەمانوت :
(چاکتر نەبو سەر و کچێکی ئاغامان مارەبکردایە ) .
-------------------------------------------------------------------------
چەند تێبینیەک :
١ - نوسینی ئەم زنجیرەیە هیچ پەیوەندی بە ریزبەندی ساڵ و ماکی روداوەکانەوە نیە، هەندێک لەپەیامەکان بەناراستەوخۆ لەوتار و چاوپێکەوتن و لێدوانە بڵاوکراوەکانی ساڵانی پێشوما جێگەیان هەیە و ئاماژەی ناراستەوخۆی پێدراوە .
٢ - قسەکانی ( ن . م )، چاوپێکەوتنی رۆژنامەوانی نیە، لای زۆرکەس و لەزۆر کاتدا، خۆی باسەکانی کردوە، رەنگە هەندێک باس، لەنوسینەکانیدا، جیاوازتر ئاماژەی پێدابێت یان نەدابێت .
٣ - ئەرکی من بە نوسینکردن و بەدۆکیۆمێنتکردنی ئەو قسانەیە کەپەیامێکی بەسودی بۆ کورد ، بۆ مێژونوسان تێدایە، مەحکەمەم دانەناوە شایەت ریز بکەم ! هەرکەس پەیوەندی بەو باسوخواسەوە نەبێت ناوی ناهێنم، کەسی تایبەتمەند ئەتوانێ بەدواداچون بکات. هەرکەسێکیش بۆ پرسیار و رونکردنەوە پەیوەندی بەخۆمەوە بکات، لەخزمەتیدام .
٤ - هەندێک لەهاوڕێکانم واتێگەیشتون من لەمەدح و سەنای کەسێک یان گروپێکدا بنوسم! لەراستیدا، جگە لەرۆشنکردنەوەی ژورە تاریکەکانی مێژووی ئەو روداوانە هیچ ئامانجێکیتر لە پشت ئەم زنجیرە نوسینەوە نییە .