سۆران عومەر بۆ هاوڵاتی: كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم پەیوەندی بە پابەند نەبونی حكومەتی هەرێمەوە هەیە بە بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی
3 كاتژمێر لەمەوپێش
- هۆی دواكەوتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان پابەند نەبونی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بە بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی و یاساوە.
- حكومەتی هەرێمی كوردستان داهاتی ناوخۆ ڕادەستی بەغدا ناكات، ئامادە نییە تەوتینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بكات و كێشەی نەوت چارەسەر ناكات.
- وەزیری دارایی حكومەتی فیدڕاڵی تێبینی ئەوەی هەیە كه حكومەتی هەرێم لە دەرەوەی دەسەڵاتی خۆیی و زیاد لە پێویست خەرجی تۆماركردووە.
سۆران عومەر ئەندامی لیژنەی ئابوری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند هۆی دواكەوتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان پابەند نەبونی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بە بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی و یاساوە.
سۆران عومەر لە لێدوانێكی تایبە بە هاوڵاتی راگەیاند هۆی دواكەوتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان داهاتی ناوخۆ ڕادەستی بەغدا ناكات و ئامادە نییە تەوتینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بكات و كێشەی نەوت چارەسەر ناكات و كات دەكوژێت.
وتيشى: حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرپێچی لە بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی كردووە و بە ئارەزووی خۆی خەرجیەكانی زیاد لە پێویست و لەدەرەوەی دەسەڵاتی خۆی تۆمار كردووە، هەروەها كێشەی لیستەكانیش تاكو ئێستا چارەسەر نەكراوە.
رونیشیكردەوە تەیف سامی وەزیری دارایی حكومەتی فیدڕاڵی میزان موراجەعەكانی هێناوە و تێبینی ئەوەی هەیە كه حكومەتی هەرێم لە دەرەوەی دەسەڵاتی خۆیی و زیاد لە پێویست خەرجی تۆماركردووە و داهاتی ناوخۆشی لەسەر حكومەتی هەرێم هەژمار كردووە و خەرجی تۆماركردووە و دەڵێت: پشكی هەرێم تەواو بووە لە بودجەدا.
لەمانگی 12ی ساڵی 2024 نزیك دەبینەوە و تاكو ئێستا فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان موچەی مانگەكانی 10 و 11یان وەرنەگرتوە.
جێگای باسە سەرەڕای بەڵێنە یەك لەدوای یەكەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی عێراق كە موچەخۆرانی هەرێم هاوشێوەی موچەخۆرانی هەموو ناوچەكانی دیكەی عێراق كێشە بۆ موچەكانیان دروست نەكرێت، بەڵام تاكو ئێستا كێشەی ئەو موچەخۆرانە چارەسەر نەكراوە و بەردەوامە.