گرووپە چەكدارەكان رێگەی سەرەکیی نێوان دیمەشقی پایتەخت و حەلەب کۆنترۆڵ دەكەن
2 كاتژمێر لەمەوپێش
- تائێستا بەهۆی شەڕەکەوە لە ناوچەکانی باکووری سووریا زياتر له 400 کەس کوژراون.
- هێرشی چەکدارانی گرووپەکانی سەر بە تەحریر شام لە شاری ئیدلب لە رۆژئاوای سووریایەوە بۆ سەر پێگەکانی سوپای سووریا چڕتر بووەتەوە.
- چەكدارەكان لە نزیک دەروازەکانی رۆژئاوای شاری حەلەبی دووەم گەورەترین شاری سووریان.
هێرشی چەکدارانی گرووپەکانی سەر بە تەحریر شام لە شاری ئیدلب لە رۆژئاوای سووریایەوە بۆ سەر پێگەکانی سوپای سووریا چڕتر بووەتەوە و رێگەی سەرەکیی دیمەشق بۆ حەلەبیان پچڕاندووە.
ئەبو زوبێر شامی فەرماندەی هێزەکانی تەحریر شام دەڵێت: "دووژمن خەڵکی ئێمەی کردە ئامانج لە ناوچە ئازادکراوەکان و زیانێکی زۆری پێگەیاندن، خەڵکەکەی رووبەڕووی کوشتن و ئاوارەکردن کردەوە، ئێمە لە ئیدارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، بەرپرسیارێتی هەڵدەگرین لە رووبەڕووبوونەوەی هەموو دووژمنکارییەک و کۆتاییهێنان بەو دەستدرێژییانەی رژێمی تاوانبار دەیکات و پارێزگاریکردن لە خەڵکەکەمان، ئەوەی دووژمن لە هێزەکانمانی بینی، تەنیا سەرەتا بوو".
بەپێی زانیاریەكان ئەو گرووپە جیهادییە لە هێرشەکانیاندا لە 48 کاتژمێری رابردوودا، توانییان پێشڕەوی بەرچاو بکەن و رێگەی سەرەکیی نێوان دیمەشقی پایتەخت و حەلەب لە باکووری سووریا کۆنترۆڵ بکەن و ئێستا ئەوان لە نزیک دەروازەکانی رۆژئاوای شاری حەلەبی دووەم گەورەترین شاری سووریان و تەنیا دوو کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری حەلەبەوە دوورن.
لە دوای پێشڕەوییەکانی گرووپە چەکدارەکان، فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا و سووریا 63 هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر گوندەکانی هەردوو پارێزگای حەلەب و ئیدلیب کردووە و بەهۆی ئەو بۆردوومانانەشەوە زياتر له 400 كەس كوژراون.
ئەمە گەورەترین شەڕ و ئاڵۆزییە لە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای سووریا، لە ساڵی 2020وە، لەدوای رێککەوتنی تورکیا و رووسیا بۆ ئاگربەست لەو ناوچەیە. رێککەوتنەکە بۆ ئەوە بوو سوپای سووریا هەوڵی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری ئیدلیب نەدات کە بە پایتەختی دیفاکتۆی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا ناسراوە.
شەڕ و پێکدادان سێ رۆژە لەسەر رێگەی نێوان پارێزگای دیمەشق و حەلەبی سووریا لەنێوان گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکان و سوپای حکومەتی سووریا بەردەوامە و بەهۆیەوە هەزاران كەس ئاوارەبوون و نزیكەی 250 كەسیش كوژران.
سەرچاوەكانی هەواڵ ئاشكرایان كردووە شەڕەکە لەنێوان هێزی ئۆپۆزیسیۆنی تەحریر شام و هاوپەیمانەکانییەتی دژی به سوپای سووریا هەڵگیرساوە.
بەگوێرەی سەرچاوەكان، هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان دەستیان بەسەر چەندین گونددا گرتووە و سوپای وڵاتەکەش بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی ئەو ناوچانەی هێزەکانی تێدان.
ڕۆژی چوارشەممە ڕابردوو لە پارێزگای حەلەب شەڕ و پێکدادان لە نێوان چەند گرووپێکی چەکدار و هێزەکانی حکومەتی سووریا درووست بوو.
چالاكوانانی حەلەب دەڵێن: ژووری ئۆپەراسیۆنی فەتح موبین، کە دەستەی تەحریر شام، ئەحرار شام، جەیش عەززە و ژمارەیەک گرووپی دیکە لە خۆدەگرێت شەڕێکی راگەیاندوه و ناوی نا راگرتنی شەڕانگێزی، لەو شەڕەدا ژمارەیەک گوند و ناوچە لە رۆژئاوای حەلەب دەستی بەسەردا گیرا، لەوانە گوندی عەین جارا، عاجل، عوێجل ، قوبتان جەبەل، هۆت، ئۆرم سوخرا و ئۆرم کوبرا.
لەلایەن خۆیەوە سوپای سووریا رایگەیاند، لەگەڵ هێزە هاوپەیمانەکانی رووبەڕووی هێرشەکانی هێزە چەکدارەکان بوونەتەوە و زیانی گەورەیان لێداون.
دوای ئەوەی رژێمی سووریا لە چەند ئۆپەراسیۆنێکدا لە ساڵانی 2018 بۆ 2020 ناوچەكانی رۆژئاوای حەلەبى کۆنترۆڵ کرد، بە هاوکاری لەگەڵ چەکدارانی ئێران، نزیکەی ملیۆنێک کەس كۆچیان كردوو ئاوارەبوون، بەشێکیان لە تورکیا یان وڵاتانی ئەورووپا بوونە پەنابەر و بەشێکیش بوونە ئاوارەی نێوخۆ لە شارە جیاکانی وەکو عەفرین و ئیدلب.
ساڵی 2011 جەنگی نێوخۆیی لە سوریا هەڵگیرسا و بووه هۆی ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس و کوژرانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس.