ئێران و روسيا هەڵوێستی خۆيان لەبارەی شەڕەكەی سوریا ڕاگەیاند
2 كاتژمێر لەمەوپێش
- ئێران: هێرشی گروپە چەکدارەکان بۆسەر ریفی حەلەب و ئیدلیب پێشێلکردنی رێکەوتنی ئەستانەیە.
- روسيا: لە هێرشەکەی چەکدارانی بەرەی نوسرە له سوريا لانی کەم ٤٠٠ چەکدار بە هاوکاری هێزی ئاسمانی روسیا کوژراون.
دوای ماوەیەی چەند ساڵێک لە ئاگربەستی ناچاری رانەگەیەنراو لە نێوان لایەنە ناکۆکەکانی سوریا، جارێکی تر شەڕ و پێکدادانی خوێناوی دەستی پێکردەوە و چەکدارەکانی بەرەی نوسرە و تەحریر شام و هاوپەیمانەکانی هێرشیان کردە سەر شارەکانی حەلەب و ئیدلیب و سوپای سوریاش دەڵێت لانی کەم ٤٠٠ چەکداریان کوشتووە.
لەوبارەیەوە جێگری سەرۆکی سەنتەری ئاشتی روسیا لە سوریا ئۆلیگ ئاکناسیوک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند: لە هێرشەکەی چەکدارانی بەرەی نوسرە بۆ سەر ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سوریادان لانی کەم ٤٠٠ چەکدار بە هاوکاری هێزی ئاسمانی روسیا کوژراون.
بەپێی زانیارییەکانیش لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا چەکدارەکانی بەرەی نوسرە ١٣ هێرشیان کردۆتە سەر سوپای سوریا ١٢ هێرشیان بۆ سەر شاری ئیدلیب و هێرشێکیش بۆ سەر شاری حەلەب بووە و لەو هێرشانەدا چەکدارەکانی بەرەی نوسرە زیانی گەورەیان بەرکەوتووە.
لای خۆیەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئیسماعیل بەقایی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا دەڵێت: هێرشی گروپە چەکدارەکان بۆسەر ریفی حەلەب و ئیدلیب پێشێلکردنی رێکەوتنی ئەستانەیە و هەرجۆرە دواکەوتنێک لە بەرەنگاربوونەوەیان ناوچەکە دووچاری خولێکی نوێی شەڕ و پێکدادان و ناسەقامگیری دەکاتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران راشیگەیاند: ئەو پەلامارە نوێیە بەشێکە لە پیلانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ تێکدانی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە.
هاوکات مەرسەدی سوری دەڵێت چەکدارەکانی تەحریر شام و گروپە چەکدارەکان بە ئامانجی فراوانکردنی ناوچەی دەسەڵاتیان هێرشی فراوانیان دەستپێکردووە و چەندین گوندیان لە دەوروبەری شارەکانی ئیدلیب و حەلەب کۆنتڕۆڵ کردووە، بە گوتەی خۆشیان مەبەستیانە ئامادەکاری بکەن بۆ گەڕانەوەی هاوڵاتیان بۆ ناوچەکانیان.
دوای نزیکەی ١٣ ساڵ لە شەڕ و پێکدادانەکانی سوریا و کوژرانی نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەس و ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان، ئێستا ئەو وڵاتە دابەشبووە بەسەر چوار بەشدا بەشێکی وڵات لە لایەن کوردەوە حوکمڕانی دەکرێت بەشێکی تریشی لەلایەن هێزە جیهادییەکان و بەشێکیش لەلایەن ئەو چەکدارانەوە کۆنترۆڵ کراوە کە تورکیا پشتیوانیان دەکات، بەڵام تا ئێستاش نزیکەی لەسەدا ٧٠ی وڵات لەژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دایە کە لەلایەن روسیا و ئێران پشتیوانی تەواوی لێ دەکرێت.