سبەی قۆناغی سێیەمی سەرژمێری دەست پێ دەکات
قۆناغی سێیەمی سەرژمێریی دەستپێدەکات
5 ڕۆژ لەمەوپێش
- پرسیار لە هاووڵاتیان دەکرێت سەبارەت بە وردەکاری ژیانیان.
- بژمێرەكانمان سەردانی سەرجەم خێزانەكان دەكەنەوە لەسەرانسەری هەرێمی كوردستان.
- بۆ وەڵامی پرسیارەكان پێویستە كەسێكی بەرپرسی خێزانەكە لە ماڵ بێت
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
سەرژمێری گشتی لە هەرێمی کوردستان دوای ئەنجامدانی دوو قۆناغ، لە سبەینێ شەممەوە 30-11-2024, قۆناغی سێیەم و کۆتایی دەستپێدەکات و پرسیار لە هاووڵاتیان دەکرێت سەبارەت بە وردەکاری ژیانیان.
وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند سبەینێ قۆناغی كۆتایی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، ئەم پڕۆسەیە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەفتە بەردەوامدەبێت كە تیایدا بژمێرەكانمان سەردانی سەرجەم خێزانەكان دەكەنەوە لەسەرانسەری هەرێمی كوردستان بۆ وەرگرتنی وەڵامی فۆڕمی پرسیارنامەی خێزانەكان بۆ ئەو 77 پرسیارەی كە لە پرسیارنامەی باری دیموگرافی و باری كۆمەڵایەتی و ئابوری و پەروەردەی و تەندروستی و كار و بێكاری و نیشتەجێبوون و كۆچ و هۆیەكانی گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوون و زانیاری كارتی نیشتمانی و فۆڕمی خۆراك رۆژی لەدایكبوون، ژمارەی ئەو كەسانەی مردوون لەنێو خێزاندا.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لەلایەكی دیكەشەوە سەبارەت بە خزمەتگوزارییەكانی ئاو و كارەبا و ئاوەڕوە و كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك و بوونی پێویستییەكانی ناوماڵ پرسیار لە تەواوی خێزانەكان دەكرێت جا شارنشین بن یاخود گوندنشین بن و بۆ ئەم مەبەستە داوا لەسەرجەم خێزانە بەرێزەكان دەكەین هاوشێوەی قۆناغەكانی پێشوو هاوكاریی بژمێرەكانمان بن.
وتيشى: بۆ وەڵامی پرسیارەكان پێویستە كەسێكی بەرپرسی خێزانەكە لە ماڵ بێت بۆ وەڵامدانەوەی كە لە كۆتایدا دەبێتە مایەی پێشكەشكردنی خزمەتكردنێكی باشتر بۆ هەمووان و هیوادارین هەمووان هاوكاریی تیمەكانمان بن لەپێناو سەرخستنی دوا قۆناغی پڕۆسەی سەرژمێری.
سەبارەت بە هاوڵاتیانمان وەزارەتەكە دەڵێت لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم،ئەوانەی لە قۆناغی دووەم گەڕابوونەوە زێدی خۆیان پێویستدەكات بۆ قۆناغی كۆتایش یەك كەس لە ئەندامانی خێزانەكانیان بگەڕێنەوە ناوەچەكانی خۆیان بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری بژمێرەكان بۆ ئەوەی مافیان نەفەوتێت و دەرئەنجامی پڕۆسەكەش بەشێوەیەكی دروست كۆتایی دێت”.
دوای هەفتەیەك لە مەشق و راهێنانی بژمێرەكان، بڕیارە سبەینێ قۆناغی سێیەمی سەرژمێری گشتیی لە هەرێمی كوردستان دەستپێبكات و بژمێرەكان زیاتر لە 70 پرسیار لە هاوڵاتییان دەكەن ئەوەش دوای كۆكردنەوەی زانیارییەكان دەتوانرێت لایەن و كەموكورتی و ئەرێنییەكان بەپێی ئامانجی پرسیارەكان دابنرێن و ستراتیژی 10 ساڵی داهاتوو لەسەر ئەو بنەمایە دابرێژرێت.
مەحمود عوسمان سەرپەرشتیاری گشتیی جێبەجێكاری سەرژمێری لە هەرێم راگەیاند، سەرژمێری بۆ دیاریكردنی لایەنە ژیاریی و مرۆییەكان و ئاستەكانی گەشەكردن و نەخشەدانان زۆر گرنگە.
بەپێی ئەنجامی راگەیەندراوی سەرژمێرییەكەی ئەمساڵ ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 6 ملیۆن و 370 هەزار و 668 كەسە.