لە مەجلیسەکانی نەوشیروان مستەفاوە "٥"

10 مانگ لەمەوپێش



 عەبدولڕەزاق شەریف

 ئەو، زۆرجار تەلەفۆنێکی بچوک، لە گیرفانی قەمسەڵەکەی نەم شەڕواڵەکەیا بوو، کە وەڵامی زەنگەکەی ئەدایەوە وەک چەرخی  جگەرەکەی دەستی، لەناو مشتیا، ون ئەبوو .

 وەک هەمو جارێک لەیەکەم وەڵامدا، وتی :

من باشم ، ئێوەباشبن .

 ئیتر بەردەوام بوو و وتی:

- من چیت بۆ بکەم؟ لەناو یەکێتی ئەمێنیتەوە مینبەر و کوتلە دروستدەکەیت، شەڕ دەکەیت، پشتیوانیت ئەکەم ...

 دێیتە دەرەوە لەیەکێتی، حیزب دروستدەکەیت هەر پشتیوانیت دەکەم ...

 ئەگەر دێیتە لای ئێمەش، وەک رێکخەری گشتی بزوتنەوەکە، شوێنەکەی خۆمت بۆ جێدەهێڵم .

 نەوشیروان مستەفا، ئەو قسانەی کرد و تەلەفۆنەکەی داخستەوە .

 هێشتا تەواو دەستی دانەگرتبو، پێم وت :

+ کاکە ئەوە کێ بوو ؟

وتی: بەرهەم ، بەرهەم ساڵح . وەزعی لەناو یەکێتی خراپ بوە .

وتم: ئنجا تۆ بەراستت بوو، جێگەکەی خۆتی بۆ جێدەهێڵی؟

وتی: من هەرگیز لەگەڵ هاوڕێکانمدا، درۆم نەکردوە. بەڵێ داوای هاوکاری لێکردوم هەرئەوەندەم پێدەکرێت ، هەرئەوەشم هەیە بیدەمێ ! ( مژێکی جگەرەکەی چەند چرکەیەک رایگرت) ئینجا وتی : بیرت نەچێت شای ئێران شاپەرستەکان خستیان، پێشوەخت ئەوان لێی هەڵگەڕانەوە، خومەینی هاتە سەر حازری !

وتم: هاوڕێکانمان لەناو بزوتنەوەکە ، قبوڵی دەکەن ؟

وتی: بەرهەم،  مەترسی لەدوو کەسی ئێمە هەیە ! منیش ئەو دوانە ئەنێرمە بەردەرگای گردەکە بۆ پێشوازیکردنی، وێنەکانیش بڵاو ئەکەینەوە ئیتر ترسەکەی ئەڕەوێتەوە، خۆشم شەش مانگ لەگەڵیا دەمێنمەوە ، هەتا تەواو گەنجەکانیشمان لەگەڵیا رادێن .

وتم: ئەی غەزەبی ماڵی مام جەلال ؟

وتی: هێرۆ چەند جارێک پێی وتوم بەرهەم بەرە لای خۆت بانەڕوات بەملاولادا .

 لەجوغزێکی بچوکی دەوروپشتی هاوڕێکانماندا، بەچەند جۆرێک هەواڵەکە ئەملاولای کرد، ئیتر باسی لێ نەکرایەوە .

 ئەو شەڕ و زویربونەی بەرهەم ساڵح، دوای ماوەیەکی کەم، لەناو یەکێتیدا، ( ناوەندی بڕیار ) ی وەک مینبەرێکی جودا، لێکەوتەوە .

 دوای مەرگی نەوشیروان مستەفا، بەرهەم ساڵح بەتەواوەتی لەیەکێتی جیابۆوە، هاوپەیمانیەتێکی بەسەرۆکایەتی خۆی دروستکرد .

 پێش هەڵبژاردنی دووهەزاروهەژدە، پەیامێکی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان نارد، تیایدا ئامادەیی خۆی و هاوپەیمانێتیەکەی بۆ یەکبون و یەکگرتنی بێ مەرج لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بەیانکردبوو، وتبوشی کاندیدەکانی حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکی لیستەکەش هەموی بزوتنەوەی گۆڕان دیاریانبکات . وەک بیستمان خۆی تەنیا داوای سەرۆکایەتی قەوارە پەرلەمانیەکەی کردبوو .

لە کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانیا، پەیامەکە، بەپێشەکیەکی شەفەهی سەید عومەرەوە، کەتیایدا وتی ( بەرهەم ئەیەوێ بێت و دەست بەسەر بزوتنەوەکەمانا بگرێت و بمانخوات ) خرایە دەنگدانەوە . حەمە تۆفیق رەحیم بەتوندی پشتیوانی سەید عومەر و رەتکردنەوەی پەیامەکەی بەرهەم ساڵحی کرد .

لەبەر ئەوەی من پێشتر هەوڵی یەکەم و حیکایەتی پێشوازیەکەی ساڵانی پێشوم ئەزانی، لەو کۆبونەوەیەدا، بۆم دەرکەوت ئەو دوو کەسەی نەوشیروان مستەفا  وەک مەترسی بۆ هاتنی بەرهەم ساڵح باسیکردن، ئەم دوانەن کە ئێستا دەسەڵاتی یەکەم و دوەمی بزوتنەوەی گۆڕانیان لەدەستدایە.

 کاشکێ کۆنوسی کۆبونەوەکان وەک خۆی مابێتن چونکە بە موداخەلەیەکی کورت لەسەر پێشەکیەکەی سەید عومەر و قسەکانی حەمە تۆفیق وتم ( دەی ئەگەر ئەم بزوتنەوەیە هێندە لاواز بێت ، بەرهەم ساڵح لەهاتنیدا قوتمانبدات، یارەبی عافێتی ئەو بین، وتیشم  کەعێراق و ئێران و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، ئەویان وەک سەرۆک کۆماری ئایندەی عێراق پێشنیاز کردوە! لەو حاڵەتەیا کاندیدی سەرۆکی کۆمار، ئێمە دیاریدەکەین و لەبزوتنەوەی گۆڕان دەبێت ) .

 حەمە تۆفیق هەمیشە لەکینەی شەخسی خۆیەوە شیکردنەوەی بۆ روداوە سیاسییەکان ئەکرد! هەربۆیە چەندجارێک لەوەڵامی ئەم قسەیەی مندا ئەیوت ( شتی وا رونادات سەرۆک کۆمار ئەمجارە بۆ عەرەبی سوننە دەبێت ) .

 ساڵی دواتر، بۆئەوەی پێشنیازی پۆستی سەرۆک کۆماری لەدەست نەچێت! بەرهەم ساڵح بەناچاری گەڕایەوە ناو یەکێتی و بەکورسی سەرۆکایەتی گەیشت .

   ساڵ تێپەڕی و بەسەرۆکی و  لەدیدارێکدا، باس و شایەتیم لەسەر ئەو گفتوگۆیانەی پێشوو، هەوڵەکان و روداوەکان، بۆ دەگێڕایەوە، باسی هەڵەی رەتکردنەوەی ئەو پێشنیازەی نەوشیروان مستەفام کرد ! خواهەڵناگرێ تائەوکاتەش بەرهەم ساڵح بەهانەی بەهێزی بۆ نەبون بەرێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هەبوو .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار