جومانە غەلای بۆ هاوڵاتی: تۆماركردنی بایۆمەتریی دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە

23 كاتژمێر لەمەوپێش



 

جومانە غەلای

 

- لە ئەمڕۆوە تۆماركردنی بایۆمەتریی دەنگدەران لە هەرێمی كوردستان دەستى پێكردووەتەوە.

- بۆ ئەومەبەستەش 173 بنكە له هەرێمی كوردستان كراوە دەبن.

- كارتی بایۆمەتری بەسەر ئەو كەسانەشدا دابەش دەكرێت كە پێشتر بایۆمەترییان كردووە.

 

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند لە ئەمڕۆوە دەستمان كردووەتەوە بە تۆماركردنی بایۆمەتریی دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان.

جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنەكە تایبەت بە هاوڵاتی ڕاگەیاند دوای كۆتایی هاتنی سەرجەم كاروبارەكانی تایبەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لە ئەمڕۆوە تۆماركردنی بایۆمەتریی دەنگدەران لە هەرێمی كوردستان دەستى پێكردووەتەوە ، بۆ ئەومەبەستەش 173 بنكە له هەرێمی كوردستان كراوە دەبن و پرۆسەكە دەست پێ دەكاتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، جگە لەوەی كە تۆماری بایۆمەتری دەستپێدەكرێتەوە لەهەمان كاتیشدا كارتی بایۆمەتری بەسەر ئەو كەسانەشدا دابەش دەكرێت كە پێشتر بایۆمەترییان كردووە و بەڵام هێشتا كارتی دەنگدانەكانیان وەرنەگرتووەتەوە.

رونیشیكردەوە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نزیكەی 120 هەزار كارتی بایۆمەتری لەلایەن هاووڵاتییانەوە وەرنەگیرابوونەوە، بەڵام لە ئەمڕۆوە هاووڵاتیان دەتوانن سەردانی بنكەكانی كۆمیسیۆن بكەن بۆ وەرگرتنەوەی ئەو كارتانە، چونكە لە دەنگدانی ساڵی داهاتووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەبێ‌ كارتی دەنگدان هیچ كەس مافی دەنگدانی نابێت.

پێشتر عیماد جەمیل سەرۆكی تیمی ڕاگەیاندنی كۆمسیۆنەكە تایبەت بە هاوڵاتی ڕايگەیاند لە دوای كۆتایی هاتنی ئەركەكانمان سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت.

وتيشى: كارەكانمان لە هەرێم لەڕێگای هەر سێ‌ نووسینگەكانمان و ناوەندەكانی تۆماركردن كە پێكهاتوون لە 173 ناوەند لەهەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت، بەمەبەستی تۆماركردنی داتاكانی بایۆمەتری دەنگدەرانی نوێ‌ بۆ خۆ ئامادەكردن بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوویی ئەنجومەنی نوێنەران.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار