بۆ هاوتاكردنی مووچەی توێژێك شاندێكی هەرێمی كوردستان لە بەغدادن

14 كاتژمێر لەمەوپێش



 

وەزیری کار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئەمڕۆ بەفەرمی داوا دەكات ئەو هاوتاكردنە خاوەن پێداویستییەكانی هەرێمیش بگرێتەوە.

 

ئامادەکردنی هاوڵاتی:

 

بەمەبەستی هاوتاكردنی مووچەی خاوەنپێداویستییە تایبەتەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ مووچەی خاوەنپێداویستییە تایبەتەكانی عێراق، ئەمڕۆ شاندێك بە سەرۆكایەتیی وەزیری كار و کاروباری كۆمەلایەتی سەردانی بەغدایان كردووە بۆ ئەوەی مووچەكانیان لە 100 هەزارەوە بكرێت بە 250 هەزار دینار.

بەگوێرەی زانیاریانەی دەست هاوڵاتی کەوتووە ئەمڕۆ سێشەممە شاندێكی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی گەیشتوونەتە شاری بەغدا و وا بڕیارە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی عێراقی پرسی هاوتاكردنی مووچەی خاوەنپێداویستییە تایبەتەكانی هەرێم تاوتوێ‌ بكەن، بە ئاراستەی هاوتاكردنی مووچەكانیان هاوشێوەی خاوەن پێداویستییەكانی عێراق.

ئاماژە بەوەشكراوە، بەگوێرەی یاسای خاوەنپێداویستیی تایبەتی ژمارە 38ی ساڵی  2013ی هەمواركراو مووچەی خاوەنپێداویستییە تایبەتەكان لە عێراق لە 170 هەزار دینارەوە بۆ 250 هەزار دینار زیاد كراوە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان مووچەیان 100 بۆ 150 هەزارە و تاوەكو ئێستا هاوتا نەكراوە، بۆیە وەزیری کار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئەمڕۆ بەفەرمی داوا دەكات ئەو هاوتاكردنە خاوەنپێداویستییەكانی هەرێمیش بگرێتەوە.

هەر لە زانیارییەكانی هاوڵاتی ئەوەش هاتووە كە لە ئێستادا زیاتر لە 13 هەزار خاوەنپێداویستی تایبەت لە هەرێم مانگانە مووچە وەردەگرن، بەجۆرێك ئەوانەی هیچ مووچەیەكیان نییە مانگانە 150 هەزار دینار وەردەگرن و ئەوانەشی كە مووچەی دیكەیان هەیە مانگانە بڕی 100 هەزار دینار وەردەگرن، بە هاوتاكردنی مووچەكانیشیان لەگەڵ بەغدا ئەوا سەرجەمیان دەبنە 250 هەزار دیناری مانگانە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار