بینەر كوردی بۆ هاوڵاتی: باڵانسی هێز لە ناوچەكە لەبەرژەوەندی كوردە

11 كاتژمێر لەمەوپێش



 

- گۆڕانكاریەكانی رۆژهەڵات دەرفەتێكی زێڕینی بۆ كورد دروستكردووە لە سوريا و عێراق.

- ئەو كەسانەی ترەمپ لە پۆستە باڵاكانی ئەمریكا دیاریكردوون هاسۆزی كوردن .

- بارودۆخی سوریا و عێراق بارودۆخێكی شەڵەژاوە و نزیك لە كەوتنە و كوردیش هەلێكی زێڕین و مێژویی لەبەردەستە.

 

بینەر كوردی توێژەری كاروباری نێودەوڵەتی لە واشنتن ڕایگەیاند ئەو گۆڕانكاریە گەورە و فراوانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا روودەدەن لەبەرژەوەندی كوردە.

بینەر كوردی تایبەت بە هاوڵاتی ڕاگەیاند رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گۆڕانكاریەكی زۆر گەورە و فراواندا تێپەڕدەبێت  و كورد وەك بەشێك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سوریا بێت یان عێراق، رۆژئاوای كوردستان یاخود باكوری كوردستان، بەشێكی گرنگی ئەم گۆڕانگاریانەیە و رۆژێكی زۆر گرنگە بۆ كورد بەتێكڕای مێژوو .

وتيشى: جێوسیاسی ناوچەكە و باڵانسی هێز لە ناوچەكە لەبەرژەوەندی كوردە و دەرفەتێكی زێڕینی بۆ كورد دروستكردووە لە سوريا و عێراق. 

رونیشیكردەوە لە دوو مانگی داهاتوو ئیدارەیەكی نوێ‌ لەئەمریكا دەستبەكار دەبێت بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ، ئەو كەسانەی ترەمپ لە پۆستە باڵاكانی ئەمریكا دیاریكردوون هاسۆزی كوردن چ لە سوریا چ لە عێراق و پەیوەندی باشیپشان هەیە لەگەڵ كوردا .

ئاماژەشیكرد بارودۆخی سوریا و عێراق بارودۆخێكی شەڵەژاوە و نزیك لە كەوتنە و كوردیش هەلێكی زێڕین و مێژویی لەبەردەستە بۆ ئەوەی بڕیاریدات، بەڵام لەهەمان كاتدا كورد ڕووبەڕووی مەترسیش بووەتەوە و دەبێت وریا بن، كورد لەبەردەم ترسێكی واقعی گەورەدایە لە ڕۆژئاوای كوردستان و گەمارۆی دوو گەڕەكی كوردنشین دراوە لەلایەن گرووپە چەكدارە توندڕەوەكانەوە كە نزیكەی 100 هەزار كورد لەو دوو گەڕەكە دەژین .

باسی لەوەشكرد هەموو لایەنە ناوخۆیی و جیهانیەكان چاوەڕوانی ئەو ساتەن كە دۆناڵد ترەمپ دەسەڵات دەگرێتە دەس، بە بۆچونی لایەنەكان دەتوانن بە گەیشتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ كۆشكی سپی دانوستاندن بكەن لەسەر ئەو مافانەی كە توانیویانە لەناوچە جوگرافیەكاندا بەدەستی بهێنن، جا ئەمە بۆ ئۆكرانيا و ئیسرائیل و بۆ توركیا راستە و پێیان وایە دەتوانن لەگەل ترەمپ بچنە سەر مێزی گفتوگۆ، ئەمە تا ڕادەیەك ڕاستە و رەنگە ئەو گفتوگۆیانە بكرێت ، بەڵام دۆناڵد ترەمپ بەوە ناسراوە كەسێكی پێشبینی نەكراوە لەبەر ئەوە كەس ناتوانێت پێشبینی ئەوە بكات رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چی بەسەر دێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار