فەرماندەیی نێوەندی سوپای ئەمریکا: تێكشكاندنی كاروانێكی چەك و تەقەمەنیان له رۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیاند
11 كاتژمێر لەمەوپێش
-ئەم بەیانییە هێزەکانی سێنتکۆم بە سەرکەوتوویی توانییان کاروانێکی چەک لە نزیک بنکەی پاڵپشتیی سەربازیمان لە دەوروبەری رووباری فوڕات لەنێو ببەن.
- بنکەکە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی سووریا و لە نزیک سنوورەکانی عێراقە.
- ئەو چەکانە مەترسیی جیدی بوون لەسەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
فەرماندەیی نێوەندی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند کاروانێکی چەک و تەقەمەنیمان لە نزیک بنکەیەکی هێزەکانمان لە دەوروبەری رووباری فوڕات تێكشكاند.
ئەمڕۆ چوارشەممە (سێنتکۆم) لە ئێکس بڵاویکردەوە، ئەم بەیانییە هێزەکانی سێنتکۆم بە سەرکەوتوویی توانییان کاروانێکی چەک لە نزیک بنکەی پاڵپشتیی سەربازیمان لە دەوروبەری رووباری فوڕات لەنێو ببەن و بنکەکە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی سووریا و لە نزیک سنوورەکانی عێراقە.
وتيشى: کاروانەکە لە سێ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر کە هاوێژەری مووشەک، تانکی تی64، ئۆتۆمبێلی گولـلەنەبڕ و چەند هاوەنێکیان تێدابوو تێکشکێندران.
رونیشیكردەوە ئەو چەکانە مەترسیی جیدی بوون لەسەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و بۆردوومانەکە بۆ بەرگری لەخۆکردن بووە، چونکە پێش ماوەیەکی کەم ژمارەیەک مووشەک و هاوەن لەو ناوچەیەوە ئاڕاستەی ئەو بنکەیان کرابوو.
سێنتکۆم ئەوەش دووپاتدەکاتەوە، هێزەکانیان و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە سووریا، بەردەوام سەرنجیان لەسەر تێکشکاندنی داعشە، لەگەڵ هێزەکانیان لە ناوچەکە لە پەیوەندیدان بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی سووریا و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە.
لە 27ی 11ی 2024ـەوە، گرژییەکانی سووریا زیادیان کردووە، دوای ئەوەى کە دەستەی تەحریر شام و گرووپەکانی نزیکی دەستیان هێرشیان کردە سەر پارێزگای حەلەب و ئەو گرووپە چەکدارانە توانیویانە زۆرینەی پارێزگاکە کۆنتۆڵبکەن و لە پێشڕەویش بەردەوامن.
لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دا، ئەمریکا نزیکەی 900 سەربازی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان هەیە. زۆربەیان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر جێگیرکراون.