هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت داوایەك لە وڵاتانی دراوسێی عێراق دەكات
11 كاتژمێر لەمەوپێش
- داوا لە وڵاتە دراوسێ و پەیوەندارەکانی قەیرانی سووریا دەکات بەپەلە لە بەغدا کۆببنەوە.
- هاوپەیمانییەکە پشتیوانی و پاڵپشتیی خۆی بۆ هەموو هەوڵە دیپلۆماسی و ئەمنییەکانی حکومەتی عێراق دەربڕی.
- هەموو خەڵکی عێراق دڵنیادەکاتەوە کە ئامادەکاریی پێویست کراوە بۆ ئەوەی نەهێڵدرێت عێراق رووبەڕووی مەترسی بێتەوە.
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دڵنیایی دەداتە خەڵکی عێراق و دەستپێشخەرییەک رادەگەیێنێت، داوا لە وڵاتە دراوسێ و پەیوەندارەکانی قەیرانی سووریا دەکات بەپەلە لە بەغدا کۆببنەوە.
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە بەغدا کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی هاوپەیمانییەکە پشتیوانی و پاڵپشتیی خۆی بۆ هەموو هەوڵە دیپلۆماسی و ئەمنییەکانی حکومەتی عێراق دەربڕی، کە هەر لەسەرەتای قەیرانی سووریاوە داویەتی و داوا دەکات بەغدا بارەگای گفتوگۆ بەردەوامەکان بێت.
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، هەموو خەڵکی عێراق دڵنیادەکاتەوە، کە ئامادەکاریی پێویست کراوە بۆ ئەوەی نەهێڵدرێت عێراق رووبەڕووی مەترسی بێتەوە.
هەروەها دووپات لەسەر گرتنەبەری رێکارەکان دەکاتەوە، کە تێیدایە لەلایەک ئاسایش و سەلامەتیی خاکی سووریا و لەلایەکی دیکەش ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بپارێزێت، هەروەها گرتنەبەری ئەو رێکارانەش لە رێگەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراق و سووریا دا.
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، دەستپێخەرییەک رادەگەیێنێت و داوا لە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتە پەیوەندارەکانی قەیرانی سووریا دەکات، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە بەغدا بکەن.