نادیە موراد و ژینا مودەڕیس چوونە نێو لیستێكی جیهانیەوە

11 كاتژمێر لەمەوپێش



 

-نادیە موراد هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و ژینا مودەڕیس گۆرجی چالاكوانی رۆژهەڵاتی کوردستان، چوونە نێو لیستێكی جیهانیەوە.

- نادیە موراد كاردەكات بۆ لێپرسینەوە لە داعش و یارمەتیدانی بنیاتنانەوەی کۆمەڵگە و داکۆکیکردن لە قەرەبوکردنەوەی ڕزگاربوان.

- ژینا مودەڕیس ئەندامی کەمپەینی کۆکردنەوەی ملیۆنێک واژۆ بوو، بۆ چاكسازی یاساكانی ئێراندا و كۆتاییهێنان بە جیاكاری لە دژی ژنان.

 

لیستی ئەو ژنانە بڵاوكرایه‌وه‌، کە ساڵی 2024 بونەتە سەرچاوەی ئیلهام و کاریگەرییان لەسەر جیهان هەبوە، لە لیستەكەدا ناوی 100 ژن هەن، كە دووان لەوان كوردن و بریتین لە نادیە موراد، هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و ڕزگاربوی دەستی داعش و ژینا مودەڕیس گۆرجی، چالاكوان و رۆژنامەنوسی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان.

تۆڕی هەواڵی BBC-ی بریتانی لیستی 100 ژنە كاریگەرەكانی ئەمساڵی بڵاوكردەوە، كە هەریەكە لە نادیە موراد، چالاكوان و هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و هاوكات ڕزگاربوی دەستی داعش و داکۆکیکاری مافی ئەو ژنانەیە کە روبەڕوی توندوتیژیی بونەتەوە، هەروەها ژینا مودەڕیس گورجیش لە لیستەكەدا هەیە، كە چالاكوان و ڕۆژنامەنوسێكی كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و یەكێكە لەوانەی داوای ریفۆڕمی یاسای ژنانی لە ئێران كردوە و ئێستا لە زیندانیكراوە.

نادەیە موراد براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیە و ئێستا داکۆکیکاری ڕزگاربوانی توندوتیژی سێکسیە، چالاکوانی مافی مرۆڤ و  ڕزگاربوی جینۆسایدی ئێزیدییەكانە لە عێراق، كاتێك کە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە ساڵی 2014  ئەنجامیدا.

به‌گوێری تۆڕی هه‌واڵی BBC چەکدارانی داعش نادیە موراد دەگرن و ناچاری بە كۆیلایەتی دەكەن و دەستدرێژی دەكەنە سەری، بەڵام دوای سێ مانگ نادیە توانی ڕزگاری بێت و بە شێوەیەکی بوێرانە و بێترس، باسی لەو ستەم و دەستدرێژییانە کرد کە لەو ماوەیەدا دژی ئەنجامدرابون. 

بەگوێرەی تۆڕەكە، نادیە كاردەكات بۆ لێپرسینەوە لە داعش و یارمەتیدانی بنیاتنانەوەی کۆمەڵگە و داکۆکیکردن لە قەرەبوکردنەوەی ڕزگاربوان، 10 ساڵ دوای کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان، هێشتا نادیە وەکو سیمبولی داکۆکیکردن لە مافی ژنان دەبینرێت.

تۆڕی هەواڵی BBC لەبارەی "ژینا مودەڕیس گورجی"یەوە دەڵێت، "چالاكوان و دامەزرێنەری ڕێكخراوی ژیڤانۆی ژنانە لە ساڵی 2019، كە لەڕێگەی پەروەدەردە و پشتوانی كۆمەڵایەتیەوە داكۆكی لە مافەكانی ژنان دەكات و بەرەنگاری توندوتیژی لە دژیان دەبێتەوە. 

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، ژینا مودەڕیس لە دەستپێکی جوڵانەوەکانی (ژن، ژیان، ئازادی) لە ئێران دوجار دەستبەسەرکراوە و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە لە دژی رژێم" دادگایکرا و سزای 21 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام دواتر سزاکەی بۆ 2 ساڵ و 4 مانگ كەمكرایەوە و ئێستا زیندانیە.

بەگوێرەی تۆڕە بەریتانیەكە،  ژینا مودەڕیس ئەندامی کەمپەینی کۆکردنەوەی ملیۆنێک واژۆ بوو، بۆ چاكسازی یاساكانی ئێراندا و كۆتاییهێنان بە جیاكاری لە دژی ژنان، ئەو هاوکات نمونەیەکی تایبەتە بۆ ژنانی کورد و ژمارەیەك بەرهەمی لەو بوارەدا هەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار