هەڵوێستی ئێران سەبارەت بە دۆخی سووریا
3 ڕۆژ لەمەوپێش
چارەنووسی سووریا دەبێت لەلایەن خەڵکی خۆیەوە دیاری بکرێت
پێویستە دیالۆگێکی نیشتمانی بە بەشداری هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا دەست پێبکات
جەخت لە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکاتەوە
ئامادەکردنی هاوڵاتی:
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی لەوە کردەوە کە چارەنووسی سووریا دەبێت لەلایەن خەڵکی خۆیەوە دیاری بکرێت، بەبێ هیچ دەستێوەردانێکی دەرەکی.
وەزارەتەکە ڕایگەیاند کە چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا پێویستی بە کۆتاییهێنان بە ململانێ سەربازییەکان و ڕێگرتن لە کردەوە تیرۆریستییەکان هەیە، هەروەها پێویستە دیالۆگێکی نیشتمانی بە بەشداری هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا دەست پێبکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئێران پشتگیری لە پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان دەکات کە نوێنەرایەتی هەموو گەلی سووریا بکات. هەروەها جەخت لە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکاتەوە کە ڕێگەچارەیەکی سیاسی بۆ دۆخی وڵاتەکە دەخاتەڕوو.
لە کۆتاییدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و پابەندبوون بە یاسای نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، کە بە وردی چاودێری پێشهاتەکانی سووریا و ناوچەکە دەکات و بەپێی هەڵسوکەوتی لایەنە کاریگەرەکان، هەڵوێستی گونجاو دەگرێتەبەر.