ئایا ئەمریکا ڕۆژئاواکەی کورد دەپارێزێت؟

جواد خەلیل
4 مانگ لەمەوپێش
جواد خەلیل
پێشهاتەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی سوریا هێندە کتوپڕ و خێرا و لەناکاو بوون، کە زۆر لایەن و هێزی سیاسی و تەنانەت سەرانی دەوڵەتگەلێکی وەکو ئێران و سوریایشی خستە شۆکێکێ کتوپڕەوە، بە جۆرێک کە تاکو ئێستاش بەشێک لە شۆکی ئەو پێشهاتانە بەری نەداون و نەیانتوانیوە وێنا گشتیرەکەی ئەم شەڕە بە ڕوونی و یەکپارچەیی ببینن و لە ئامادەباشیدا بن بۆ ڕووداوە هەژێنەر و قورس و لەناکاوەکانی نێو ئەم پەلاماردانە، ئێستا ڕژێمەکەی ئەسەد تەنها کارێک کە لە دەستی بێت کشانەوە و هەڵهاتنێتی لە یەک بە یەکی بەرەکان و خەریکە دیمەشقیشی لەدەست دەردەچێت. هەرچەندە سەرچاوە هەواڵگرییەکانی هەردوو حکومەتی سوریا و ئێران ئاماژەیان بەوە دابوو کە ئەوان پێشوەختە چاوەڕوانی هێرشی لەناکاوی چەکدارانی تەحریر شام بوون بۆ سەر چەند ناوچەیەکی سوریا، بەڵام دیمەنەکە وا دێتە پێش چاو کە ئەوان هەرگیز لەو بڕوایەدا نەبووبن ئەم هێرشانە و توانا سەربازییەکانی تەحریر شام لەو ئاستە تۆقێنەرەدا بن و بەیەکجار هەموو حەلەب و زۆر ناوچەی دیکەی ستراتیژی گرنگ ڕابماڵن و بیخەنە ژێردەستی خۆیانەوە و بەرەو دیمەشق بکەونەڕێ. ئەوەی بینرا سەربازە هەڵهاتووەکانی سوپای سوریا بێ هیچ بەرەنگاربوونەوەیەکی جێ باس، یەک بە یەکی ئەو ناوچانەیان بەدەستەوەدا و گورزێکی هەرە کوشندەیان لە بەرەی هیلالی شیعی دا، گورزێک کە زۆر لە ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٥ی سوریا قورستر بە زیانی دیمەشق و تاران کەوتەوە.
کێ لە پشتی ئەم هێرشانەوەیە؟
ئەوە شاراوە نیە دەستەی تەحریری شام کە جۆلانی ڕابەرایەتیان دەکات درێژکراوەی هەمان سیاسەت و نەهج و بیرکردنەوەی ڕێکخراوی قاعیدە و جەبهەتولنوسرەن و بۆ خۆپاراستن و بەردەوامبوونیان ناچاربوون لە ژێر ناوێکی دیکەدا بێنە مەیدان، جۆلانی لە ئەزموونی قاعیدەوە کە خۆی تێیدا پەروەردە ببوو؛ تا دەگات بە ئەزموونی داعش کە جاروبار ڕەخنەی لە شێوازی پەیوەندییەکانیان دەگرت و پێشبینی نەمانیانی کردبوو ئەگەر لەسەر ئەو سیاسەتی دژایەتیکردنەی هەمووان بەردەوام بن؛ وانەی زۆر و نەخشەڕێگای نوێ فێربووە و نایەوێت بە هەمان ڕێی ئەواندا سیاسەت بکات، ئەو بۆ دروستکردنی پەیوەندی زۆر لێزانانەتر هەوڵی خۆنمایشکردن دەدات و نەرمتر لە داعش جێی خۆی دەکاتەوە، جۆلانی هەر زوو دوای هێرشەکە نیازپاکیی خۆی بۆ ئەو هێز و وڵاتانە پیشاندا کە دەترسان لەوەی تەحریری شام ببێتە مەترسی بۆ سەر ئەوانیش، بۆ نموونە عێراق، جۆلانی زۆر بە ڕوونی ئەوەی بە سوودانی گوت کە ئەوان هیچ کات نابنە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی عێراق و ئامانجیان تەنها کەوتنی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدە. ئەی کێ ڕابەری ئەم سەلەفیە جیهادییانە و هێزەکەیان دەجووڵێنێت؟ لە سەرەتای دروستبوونی تەحریر شامەوە تاوەکو ئێستا هەموو بەڵگەکان بەو ئاڕاستەیەدان کە ئەم گروپە و ڕابەرەکەی تاڕادەیەکی زۆر گرێدراوی حکومەتەکەی ئۆردۆگانن و تەنها بە فەرمانی ئەو هەنگاوەکانیان دەنێن، هەربۆیە وڵاتانی ئیقلیمی و زلهێزەکانیش لە سەرەتای هێرشەکانەوە موخاتەبەی تورکیایان کرد و داوایان لەو کرد کە ئاڵۆزییەکان لە سوریا ڕابگرێت. لەگەڵ ئەوەشدا وا دەردەکەوێت ئەمریکا و وڵاتانی ناتۆ زۆر دژ نەبووبن بەم هێرشانە و بگرە لە زۆر جێشدا ئاسانکاربووبن بۆی، چونکە لە دەرئەنجامدا هاوکارێکی باشە لە خستنی هەژموونی ئێرانی و هێندەی تر لاوازکردنی هیلالی شیعی، هەرچەندە ترسی ئەمریکیەکان لە زیادبوونی هەژموونی تورکەکان و دڵنیانەبوونیان لە سەلامەتی بەرژەوەندییەکانیان لە سوریا، خستوونیەتیە حاڵەتی ڕاڕایی و ناجێگیرییەوە و ناچاری کردوون چاودێربن بەسەر پەلامارەکانی تەحریر شامەوە و بەردەوام بن لە پێدانی هۆشداری بە تورکیا دەربارەی سنوردارکردنی دەستوەردانەکانی لە سوریا و دەست نەبردن بۆ بەرژەوەندییە ئابوری و سیاسیەکانی ئەمریکا.
تورکیا بۆچی پشتیوانی لە تەحریر شام دەکات و چی لەمە دەست دەکەوێت؟
لەدوای دروستبوونی کۆماری تورکیاوە، ئەم وڵاتە بە دەستی دوو کێشەی گەورەوە دەناڵێنێت، کە ئەوانیش کێشەی بوونی کورد و کێشەی لەدەستدانی هەژموونە عوسمانیەکەیەتی. تورکەکان ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر کار بۆ زیندووکردنەوەی میساقی میللی دەکەن و لە هەموو کاتێکیش زیاتر ترسیان لە بەهێزبوونی کوردە لە سوریا. بۆیە لە ڕێی پشتیوانی کردنەوە لە هێزێکی وەک تەحریر شام، دەیانەوێت بەشێکی گەورەی هەردوو کێشەکە چارەسەر بکەن، لە لایەکەوە بە گرتنی ناوچەکان لە لایەن تەحریر شامەوە بەر بە فراوانبوونی هیلالی شیعی بگرن و هەژموونی خۆیان لەڕێی کرێگرتەکانەوە لە سوریا بسەپێنن، هەمیش بتوانن وەک کارتێکی فشار بۆ دانوستانەکانی داهاتوو لەگەڵ حکومەتەکەی ترەمپ و پووتین بیخەنە سەر مێزی گفتوگۆ، لە لایەکی تریشەوە بەم پشتگیرییەیان ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردەکان (ئەگەر نەتوانن کۆتاییشی پێ بهێنن) ئەوا سنورداری بکەن تا ئاستی لاوازبوون و ڕێگرتن لە دەست گەیشتنیان بە دەریا و دروستکردنی قەوارەیەکی بەهێز لە ناوچەکە و بوونیان بە هۆکاری دنەدانی کوردانی باکور، کارێک کە لە ئێستادا تەحریر شام هەنگاوی بۆ دەنێت و شەوی ڕابردوو لە مەنبج زەنگی ئاگادارکردنەوەی بۆ ڕۆژئاوا لێدا.
ئایا ئەمریکا ڕۆژئاواکەی کورد دەپارێزێت؟
ڕۆژئاوا و شێوازی حکومدارییەکەی، ڕۆژئاوا و تێڕوانینی بۆ ئینسان، ڕۆژئاوا و بەرنامە فراوانەکەی بۆ ئازادی و بۆ ماف و بۆ پێکەوەژیان و بۆ کۆی کایەکانی دیکەی ژیان، یەکێکە لە ئەزموونە هەرە پرشنگدارەکانی نێو مێژووی ئەم ناوچەیە، ئەو سۆڵەیەیە کە هێشتا تووڕەیی گشت؛ هێشتا بەربەریزمی ڕۆژهەڵاتیی نەیوێراوە زەفەری پێ بەرێت و توخنی بکەوێت، ڕۆژئاوا ئەو بەشە پرشنگدارەیە کە هێزە تاریکەکەی ئەم ناوچەیە سڵی لێ دەکەنەوە و نایانەوێت بەر ڕۆشناییەکەی بکەون، بەڵام ئایا هەموو ئەم خاڵە پشنگدارانە بەسن بۆ مانەوەی ڕۆژئاوا و پاراستنی ئەزموونەکەی؟
ئەگەر بە وردی تەماشای شێوازی کارکردنی مەزڵوم کۆبانێ و هێزە پتەوەکەی پشت ئەم ژەنەڕاڵە بکەین، تێدەگەین لەوەی ڕۆژئاوا خۆیشی درکی بەوە کردووە کە هەبوونی هەموو ئەم مەرجانە بە تەنها بەس نین تاوەکو حکومەتێکی کەرامەتداری ئینسانی زامنی مانەوەی خۆی پێ بکات، بەڵکو بۆ مانەوە پێویستە لە شێوازی یاریکردنی گەورەکان تێبگەیت؛ لە تێڕوانینی ئەمریکا و چین و ڕوسیا بۆ هاوسەنگی هێز تێبگەیت؛ لە پێویستی هەبوونی بەرژەوەندی هاوبەش بۆ درێژەدان بە دۆستایەتی تێبگەیت! ئەوان لە ڕابردوودا تا ڕادەیەکی باش لەمەدا سەرکەوتووبوون، بەڵام هێشتا ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئەوان هەمیشە وا بە بەهێزی بمێننەوە، لەبەر هۆیەکی زۆر سادە، چونکە ناوچەکە خۆی ناوچەیەکی نائارام و پڕ کێشمەکێش و ئاڵۆزییە، ئەوەی تا ئێستا کورد لەوێ کردوویەتی دروستکردنی هاوسەنگی بووە لە نێوان بەرەی هیلالی شیعی و خۆپاراستن لە شەڕفرۆشییە بەردەوامەکانی تورکیا و خۆگونجاندن لەگەڵ هەریەک لە ئەمریکا و ڕوسیادا. ڕۆژئاوا دەزانێت لەنێوان ئەم هەموو هێزە جۆراوجۆرانەدا، ئەمریکا دەشێت کەمترین ویستی لێدانی هەبێت لە ڕۆژئاوا و پاڵپشتییەکانی ئەم زلهێزە جیهانییە دەکرێت باشتر بەقازانجی کورد بشکێتەوە، بەتایبەتی بوونی پەیوەندی و هاریکاری ئاشکرا لە نێوانیاندا و سەرسامبوونی بەشێک لە سێنتاتۆرەکان و تەنانەت خودی ترەمپیش بەم ئەزموونە، لێ ئەوەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕۆژئاوا پێیدا تێپەڕی، بەتایبەتی لە دوای لەدەستدانی عەفرینەوە، ئەو ڕاستیە تاڵە بوو کە دەشێت ئەمریکاش زۆر بە ئاسانی لە ساتێک لەساتەکاندا بگۆڕدرێت بۆ دوژمنێکی بێزارکەر و لەنێوبەر. لەم دۆخەدا گرنگە درک بەوە بکەین ئەوەی ڕۆژئاوا دەپارێزێت لێزانیی و توانای تێگەیشتنێتی لە یاساکانی یارییەکە، کورد دەبێت لە بەکارهێنراوەوە ببێت بە بەکارهێنەر، هیچ نەبێت لە شەڕەکانیدا با هەندێک جار بەوەکالەتیش بن بیر لە سەپاندنی هەژموون بکاتەوە، بەتایبەتی لەسەردەمی سەرۆکێکی وەکو دۆناڵد ترەمپدا.
ئەوانەی ئاشنای کتێبەکانی ترەمپن؛ ئەوانەی ئاشنای تێڕوانین و شێوازی کارکردنی ئەم سەرۆکە بازرگانەن، دەزانن کە ترەمپ هەر لە کتێبی ( هونەری ڕێککەوتن)ەوە تا دەگات بە کتێبی ( ئەو ئەمریکایەی ئێمە دەمانەوێت) هیچ کات سڵی لە گوتنی ئەو باوەڕەی خۆی نەکردۆتەوە کە پێی وایە مانەوە بۆ بەهێزەکانە و لە شەڕی مانەوەشدا بەرژەوەندی خۆت دەبێت لەسەرووی هەر بەرژەوەندییەکی دیکەوە ببینیت! ڕۆژئاوا چۆن دەتوانێت لەو شەڕی مانەوەو خۆبەهێزکردنەوەیەدا هاوئاڕاستەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و سەرۆکێکی وەکو ترەمپ خۆی بسازێنێت؟ لە زۆر ڕەهەندەوە دەکرێت وەڵامی ئەم پرسیارە بدرێتەوە، بەڵام دواجار کردنی بەرژەوەندی خۆت بە ئەمری واقیع و ناچارکردنی ئەوانی دی بۆ داننان پێیدا، یارییەکە دەبێت ڕۆژئاوا لێزانانە بەشداری تێدا بکات و ئەنجامی بدات، جەنگێکە بۆ مانەوەی خۆی ناچارە تێیدا ببێتە جەنگاوەرێکی ڕاستەقینە. بەتایبەتی کاتێک دەزانرێت ئەمریکا ناتوانێت هەروا و لەخۆڕا دەست لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی خۆی لەگەڵ تورکیادا هەڵبگرێت، ئەم زانینە ڕێگاکە لە بەردەمی ڕۆژئاوادا زەحمەتتر و مەترسیدارتر دەکات، بەڵام ڕۆژئاواش دەستەوەستان نیە و بە گرتنی ٤۰٪ ی خاکی سوریا و پێشڕەوییەکانی ئەمدواییەی، دەکرێت لەسەر ئاستی ململانێکان وەک هێزێک کە خاوەنی بەهێزترین کارتی فشارە ببینرێت و ئەمریکا و ڕوسیا و تەنانەت تورکەکانیش ناچار بکات بە ڕێککەوتن و داننانی زیاتر بە ڕۆژئاوا و خۆگونجاندن لەگەڵ ئەزموونەکەیدا.
