کچێکی ئێزیدی دوای 10 ساڵ بە زیندویی گەڕایەوە لاى کەسوکارى
2 ڕۆژ لەمەوپێش
ــ باوک و برا گەورەکەى لەلایەن داعشەوە کوژراون
ــ خێزانەکەى باوەڕیان وابوو کە ئەو مردووە گۆڕێکی سیمبولییان بۆ هەڵکەند
دوای ئەوەی کە وادەزانرا لەپەلامارێکی تیرۆریستانی داعشدا لە ساڵی 2014 دا بۆ سەر گوندەکەیان کوژراوە، کچێکی ئێزدی لە پارێزگای دهۆکی هەرێمی کوردستان بە خێزانەکەی شاد بووەوە.
کچەکە کە ناوی سیلڤانا خازرە دەڵێت: باوکم و برا گەورەکەم لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە کوژران، هیچ شتێکیش نازانین سەبارەت بە چارەنووسی دایکم و برا بچووکەکەم، ئەوان هێشتا بێسەروشوێنن.
یەکێک لە کەسوکاری سیلڤانا دەڵێت: دوای گەڕانێکی زۆری بێ سوود، خێزانەکە باوەڕی وابوو کە ئەو مردووە، لەبەرئەوە لە گۆڕستانی کۆجۆ گۆڕێکی سیمبوولییان بۆ هەڵکەند.
گەڕانەوەی سیلڤانا هیوایەکە بۆ ئێزدییەکان کە هێشتا بە دوای خۆشەویستانییاندا دەگەڕێن، هەروەها بە بیر هێنانەوەیەکە لەسەر ئەو هەموو تراجیدیایەی کە چەندین ساڵ جەنگ و تیرۆر لە عێراقدا دروستیکردوون.
گوندەکەی ئەو کچە، کۆجۆ، یەکێک بوو لەو ناوچانەی ئێزدییەکان کە لە ماوەی لەشکرکێشییەکەی داعشدا لە ساڵی 2014 دا زیانێکی گەورەی بەرکەوت، لەوێ کۆمەڵکوژی و تاوانی دڕندانە ڕوویدا، بووە هۆی ئاوارەبوون و پەرتەوازەبوونی دانیشتوانەکەی و لە دەستدانی سەدان لە منداڵەکانییان.
ئێزدییەکان نزیکەی 500,000 کەسن لە عێراقدا، لەلایەن داعشەوە هێرشییان کرایە سەر کاتێک گروپە تیرۆریستییەکە خاکێکی بەرفراوانی لە سوریا و عێراقدا کۆنتڕۆڵ کرد.
لە 3 ی مانگی هەشتی ساڵی 2014 دا چەکدارانی داعش کۆنتڕۆڵی شنگالییان کرد، بەپێی ئامارەکان نزیکەی 1,290 ئێزدی سڤیل کوژران، لەو کاتەشەوە زیاتر لە 70 گۆڕی بە کۆمەڵ و ژمارەیەکی زۆر لە گۆڕی تاکەکەسی لە شنگال دۆزراونەتەوە.