ئەردۆغان: کۆتایی هاتنی چەکدارانی کورد لە سوریا نزیکە
دوێنێ
ــ تورکیا هەست بە هەڕەشە بکات، ئۆپەراسیۆن دژى چەکدارە کوردییەکان دەستپێدەکات
ــ دۆخی سوریا گۆڕاوە، پێمان وایە نەهێشتنی پەکەکە/یەپەگە تەنها پرسێکی کاتییە
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا هۆشدارییدا لە هەر جۆرە دابەشبوونێکی سوریا، جەختی لە ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دەستێوەردان کرد ئاماژەی بەوەشکرد، قۆناغێکی نوێ لە ناوچەکەمان دەستیپێکردووە.
ئەردۆغان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بازنەکە لەسەر پارتی کرێکارانی کوردستان و شوێنکەوتووانی لە سوریا بەرتەسک دەبێتەوە، کۆتایی چەکدارانی کورد لە سوریا نزیکە.
دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت لە ئەنقەرە، ئەردۆغان ئەوەى خستەروو ئەگەر تورکیا هەست بە هەڕەشە بکات، ئۆپەراسیۆنێکی نوێی سنوور بەزاندن لە ناوخۆی سوریا دژی کوتلە چەکدارە کوردییەکان دەستپێدەکات.
ئەو وتیشی "ان شاوالله توانای ئەوەمان هەیە ئەم کارە بکەین. پێویستە هەموو کەسێک لەسەر ئەم بنەمایە حیساباتی خۆی بخەمڵێنێت".
پێشتریش ڕۆژی دووشەممە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاندبوو کە نەهێشتنی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد لە سوریا "نزیکە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنقەرە بە هیچ سیاسەتێک ڕازی نابێت کە ڕێگە بە یەکینەکانی پاراستنی گەل بدات ئامادەیی خۆیان لە سوریا بپارێزن.
فیدان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا ئوردنییەکەی، ئەیمەن سەفادی ڕایگەیاند، “ئێمە لە دۆخێکداین کە ڕێگەمان پێدەدات نەک تەنها چاودێری بکەین، بەڵکو هەر جۆرە پیلانگێڕییەک لە ناوچەکەدا لەت بکەین”.
فیدان جەختی لەوە کردەوە کە نەهێشتنی چەکدارانی پەکەکە لە سوریا “مەسەلەی کاتە” وتی: “دۆخی سوریا گۆڕاوە، ئێمە پێمان وایە نەهێشتنی پەکەکە/یەپەگە تەنها پرسێکی کاتییە”.