مەسرور بارزانی لە ئەنقەرە لەگەڵ ئەردۆغان کۆدەبێتەوە
دوێنێ
ــ ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم و پرسە ناوچەییەکان تاوتوێ دەکرێت
ــ کاتژمێر٢ى پاشنیوەڕۆ لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار کۆدەبنەوە
بەپێى راگەیەندراوێکى ماڵپەڕی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، بڕیارە ئەمرۆ سێ شەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، سەردانى تورکیا بکات و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆبێتەوە.
بەپێى راگەیەندراوى ماڵپەڕەکەى سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، کۆبونەوەکەى ئەردۆغان و مەسرور بارزانى لەئەنقەرە دەبێت، کاتژمێر ٢ى پاشنیوەڕۆ لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار کۆدەبنەوە.
پێش کۆبونەوەى لەگەڵ ئەردۆغان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەکات، راگەیەندراوەکەى سەرۆکایەتى کۆمار تائێستا هیچ زانیاریەکى لەبارەی ناوەرۆک و تەوەرکانى کۆبوونەوەکان ئاشکرا نەکردوە.
بەڵام بە پێی ئەو زانیاریانەى ئاژانسی ئانادۆڵو بڵاویکردوەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە سەردانەکەدا پەیوەندییەکانی ھەرێم و تورکیا، ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم و پرسە ناوچەییەکان تاوتوێ بکرێت.
ئەم سەردانەى مەسرور بارزانی لەکاتێکدایە، ئەردۆغان بەردەوام هەرەشە لە شەرڤانانە کوردەکانى سوریا دەکات، لەدواین لێدوانیشدا دوێنێ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا هۆشدارییدا لە هەر جۆرە دابەشبوونێکی سوریا، جەختی لە ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دەستێوەردان کرد ئاماژەی بەوەشکرد، قۆناغێکی نوێ لە ناوچەکەمان دەستیپێکردووە.
ئەردۆغان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بازنەکە لەسەر پارتی کرێکارانی کوردستان و شوێنکەوتووانی لە سوریا بەرتەسک دەبێتەوە، کۆتایی چەکدارانی کورد لە سوریا نزیکە.
پێشتریش لە ٢٠ی حوزەیران سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتبووە ئەنقەرە و لەگەڵ سەرکۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و وەزیری دەرەوەی ھاکان فیدان کۆبوویەوە