ههسهده: دهیان چهكدارى تورکیامان كوشتووە
24 كاتژمێر لەمەوپێش
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئهمڕۆ سێشهممه له بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، سەرەڕای هاوکاری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاو بەکارهێنانی تانک و زریپۆش هێزەکانمان زیانێکی زۆریان بە هێزەکانی تورکیاو بەکرێگیراوانی گەیاندو ژمارەیەک چەکدار کوژران.
هێزەکانی سوریای دیموکرات دەشڵێت: لە ئێوارەی یەکشەممەوە تا بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە ئاسمانی گوندەکانی بەنداوی تشریندا دەسوڕانەوە، لە هەمانکاتدا ناوچەکە بە تۆپ و مووشەک تۆپباران دەکران.
هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە ڕۆژی شەممە هێزەکانی تورکیا و چەکدارەکانی هێرشیانکردە سەر گوندەکانی عەلوش و تل ئریش، هێزەکانمان وەڵامی هێرشەکەیان دایەوە و ئۆتۆمبێلێکی سەربازییان تێکشکاند.
هەروەها کۆبوونەوەی چەتەکان لەلایەن یەکینەکانی شەهید هارونەوە کرایە ئامانج، شەڕێک ڕوویدا کە ٢ کاتژمێری خایاند و ئەوەندەی کە زانراوە دوو چەتە کوژراون و ئەوانی تریش لە بەرەکانی شەڕ هەڵاتوون.
هێزەکانمان دوای شکاندنی هێرشەکە بە چەکی قورس هێرشیان کردە سەر کۆبوونەوەکانیان، بەڵام ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی چەتەکان و زیانەکانیان نەزانراوە.