ساڵى رابردوو ٣١ ژن لە ئێران لە سێدارە دراون

دوێنێ



ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێکی لێکۆڵینەوەدا ڕایگەیاند، لانیکەم ٢٤١ ژن لە ئێران لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ تا ساڵى ٢٠٢٤ لە سێدارە دراون. بە پێی راپۆرتەکان، تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا ٣١ ژن لە ئێران لە سێدارە دراون، کە ئەمەش ژمارەیەکی "بێ وێنە"یە.
لە ڕاپۆرتێکی لێکۆڵینەوەدا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ئەمرۆ سێ شەممە بڵاویکردوەتەوە، ژمارەی ئەو ژنانەی لە ئێران لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ تا ٢٠٢٤ (١٣٨٩ تا ١٤٠٣ی کۆچی) لە ئێران لە سێدارە دراون، تاوتوێ کردووە. 
جگە لە ڕاپۆرتە میدیاییەکان، ڕێکخراوەکە زانیارییەکانی "شایەتحاڵەکان، خێزانەکان، پارێزەران و ڕێکخراوەکانی دیکەی مافی مرۆڤ"ی بەکارهێناوە بۆ کۆکردنەوەی ئەم ئامارانە.
جەختی لەوە کردووەتەوە کە "ئەم ڕاپۆرتە تەنها باس لەو کەیسانە دەکات کە لانیکەم دوو سەرچاوەی سەربەخۆ پشتڕاستکراونەتەوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ساڵی ٢٠٢٤ زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدانی ژنان لە ئێراندا هەیە، ٣١ ژن لە سێدارە دراون. بە وتەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ، ئەم ژمارەیە بێ وێنەیە لەو کاتەوەی کە ڕێکخراوەکە لە ساڵی ٢٠٠٨ دەستی بە تۆمارکردنی  سێدارەکان کردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ژمارەیەکی نادیار لە زیندانییە ژنەکان سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە. هاوکات، تەنیا ناوی دوو لەو زیندانیانە ڕاگەیەندراوە کە تاوانەکانیان سیاسییە، ئەوانیش ڤاریشە مورادی و پەخشان عەزیزین.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایدەگەیەنێت، لەسەدا ٥٠ی ئەو ژنانەی لە ساڵانی ڕابردوودا لەسێدارە دراون، تەنیا بە سەرەتای ناویان ناسێنراون یان بە تەواوی بێ ناویان ماونەتەوە. هەروەها تەنها ٦٣ حاڵەت کە دەکاتە ٢٦%ی لەسێدارەدانەکان لەلایەن سەرچاوە فەرمییەکانەوە ڕاگەیەندراوە.
نەبوونی شەفافیەت لە ڕاگەیاندنی ئاماری لەسێدارەدان بەتایبەتی ئاماری ژنان لە ساڵانی ڕابردوودا زیادی کردووە، بەجۆرێک کە "لە ساڵی ٢٠٢١ەوە بە تێکڕا تەنها لەسەدا ١٢ی لەسێدارەدانی ژنان لە لایەن میدیای فەرمییەوە ڕاگەیەندراوە".
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠٢٤، لانیکەم ١١٤ ژن بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە سێدارە دراون و تەنیا لە سەدا ٣٢ی ئەو حاڵەتانە بە فەرمی ڕاگەیەندراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار