ئیسرائیل ڕووبەڕووی گۆڕانکاریی ستراتیژی دەبێتەوە لە سوریا

ئیلان بێرمان

22 كاتژمێر لەمەوپێش



نوسینی: ئیلان بێرمان

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن دی سی

وەرگێڕانی: قاسم محەمەد فەتاح

 

ئیسرائیل لەپڕ کێشەی سوریای بۆ دروست بوو

ساڵانێک بوو بەرپرسانی ئۆرشەلیم (قودس) پشتیان بە هاوسەنگی هێز بەستبوو کە بە شێوەیەکی ڕێژەیی پێشبینی دەکرا لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەدی دراوسێیان لە دیمەشق. سەرەڕای دوژمنایەتی بەردەوامی ئەسەد بەرامبەر دەوڵەتی جولەکە و سروشتی لاوازی رژێمەکەی، دۆخێکی نیمچە سەقامگیر لە نێوان هەردوو وڵاتدا دروست بووبوو، کە دەکرا بە شێوەیەکی گشتی پێشبینی بکرێت دیکتاتۆری سوریا چۆن ڕەفتار دەکات. ئەمەش لە خزمەتی ئەو سەرچاوە نائارامییەدا بوو لە ماوەی 14 مانگی ڕابردوودا، کاتێک کە ئیسرائیل سەرقاڵ بوو بە هەڕەشەکانی حەماسەوە لە کەرتی غەززە و بەم دواییانەش لەگەل حیزبوڵڵا ی لوبنانی.

بەڵام لێرە بەدواوە ئەوە نەما، داڕمانی خێرای ڕژێمی ئەسەد لە مانگی کانوونی یەکەمدا لە بەرامبەر ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆییدا کە توانییان بە زەبری هێز دۆخی کۆنی شام لەناوبەرن. لە شوێنی ڕژێمەکەی ئەسەد جیهان سەرهەڵدانی هاوپەیمانێتییەکی هەمەجۆری لە گروپە توندڕەوە سوننەکان بەخۆوە بینی کە (دەستەی تەحریر شام) و سەرکردە کاریزماییەکەی ئەبو محەمەد جۆلانی، کە ڕۆژانێک سەر بە قاعیدە بوون، ڕابەرایەتیان دەکات.

لەوانەیە ئەم سیستمە نوێیە لە سەرەتادا وا دەرکەوێت کە سوودبەخشە بۆ ئۆرشەلیم. بەهەر حال، ڕووخانی ئەسەد یارمەتیدەر بوو بۆ نەهێشتنی ئێران لەسەر سنووری باکووری ئیسرائیل کە دەیان بنکەی سەربازی و هەزاران چەکداری بیانی لێ جێگیرکردبوو. هەزاران هاوڵاتی سڤیلی ئێرانی ژێر کۆنترۆڵی سوننەکان، لە ترسان سوریایان بەجێ هێشتووە، ئێران بۆ سەلامەتی خۆی ناچار بووە پشت بە ڕوسیا ببەستێت بۆ گواستنەوەی هێزە سەربازییەکانی. گرنگیش ئەوەیە لە ئێستادا پردی وشکانی نێوان تاران و بەیروت بە شێوەیەکی کاریگەر پچڕاوە؛ کە ڕژێمی ئێران چەندین ساڵە بۆ دابینکردنی چەک بۆ حیزبوڵڵا لوبنانی بەکاری دەهێنا.

لەگەڵ ئەوەشدا لێکۆڵینەوەیەکی وردتر ئەوە دەردەخات کە گۆڕانکارییەکانی سوریا ئاڵنگاریەکی ستراتیژی گەورەیە بۆ ئیسرائیل کە لە ئێستادا دەوڵەتی جولەکە هەوڵی چارەسەرکردنی دەدات.

ژەنەراڵی خانەنشین "ئێران ئۆرتاڵ" کە پێشتر سەرۆکی دەزگای هزری ناوخۆی سوپای ئیسرائیل بوو و ئێستا گەورە شرۆڤەکارە لە سەنتەری بیگن -سادات بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیجیەکان لە زانکۆی بار ئیلان، بە نیوزویکی ڕاگەیاند و وتی: "پێم وانییە لەم قۆناغەدا  ئیسرائیل ستراتیژێکی توکمەی داڕشتبێت بەرامبەر بە سوریا. لە جیاتی ئەوە لە ئێستادا ئیسرائیل لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخەکە دەکات و ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی خۆی، وەک جێگیرکردنی یەکەکانی سوپای بەرگری ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلان لە سوریا."

لەگەڵ ئەوەشدا، وێنەی دوای ئەسەد لە سوریا ئالنگارییەکی چەمکی بۆ حکومەتی ئیسرائیل دروست دەکات، کە لە دە ساڵی ڕابردوودا سەرنجی خستبووە سەر هەڕەشەکانی ئێران و بریکارە جۆراوجۆرەکانی. ئۆرتاڵ ئاماژەی بەوەشدا خێرایی جۆش و خرۆشی لە باوەشکردنی جۆلانی و هاوپەیمانەکانی ئەلقاعیدە جێگەی نیگەرانییە، چونکە جولانی و هاوپەیمانە یاخیبووەکانی بەوە ناسراون کە جیهادیین و ئیسرائیل تازە لە خەونی ڕازیکردنی رژێمێکی جیهادیی وەك حەماس لە غەززە بەخەبەر هاتووە. بە واتایەکی تر، بێ گوێدانە گوتاری ئاشتبوونەوەی ئێستای جۆلانی، ئیسرائیل بەتەواوی چاوەڕێی ئەوە دەکات کە ئەو و گرووپە گرێدراوەکانی لە نزیکترین دەرفەتدا بگەڕێنەوە سەر ئەنجامدانی کاری توندڕەویی خۆیان.

هەرچەند ئەمە نیگەرانترین بەش نییە لە دینامیکی ستراتیژی نوێ کە باکوری ئیسرائیل لە خۆدەگرێت. ئۆرتاڵ ڕوونیکردەوە "ئەگەری باوەڕپێکراو لە ئارادایە کە هەژمونی تورکیا لە سوریا جێگای هەژموونی ئێران بگرێتەوە." هیچ کەس نازانێت ڕۆڵی تورکیا لەسەر سنوورەکەمان چی دەبێت. کە هێزێکی گەورەی ناوچەیی و ئەندامی ناتۆیە، هاوکات خاوەن پیشەسازیی بەرگریی گەورە و یاریزانێکی ئەوپەڕی ئیسلامی و دژە ئیسرائیلیشە. لە ئێستادا هەوڵەکانی ( سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب) ئەردۆغان دیارن بۆ بەکارهێنانی ڕژێمی نوێی سوریا بۆ زیادکردنی داخوازییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.

بەڵام هەموو ئەمانە چی دەگەیێنن؟ ئۆرتاڵ دەڵێت: "لە کۆتاییدا وێنە گەورەکە ئەوەیە کە کێبڕکێی ناوچەیی دەچێتە قۆناغێکی نوێوە. هەرێمەکەمان دەگەڕێتەوە بۆ کێبڕکێی ئیمپریالی،  ئیسرائیل لە ناوەڕاستدا گیر دەخوات".

بەهەمان شێوە، واشنتۆنیش هەمان شت دەکات، وەڵامی ئیدارەی بایدن بۆ ڕووخانی ئەسەد بە پەلە و تا ڕادەیەکی زۆریش بێ ڕەخنە بوو لە مامەڵەکردن لەگەڵ جۆلانیدا.

ئەوەی پێویست بوو لە نێو شتەکانی تردا، پاشەکشەی سزا سەپێنراوەکانی سەر دەسەڵاتی بریکاری دیفاکتۆی نوێی سوریا؛ بە دوای خۆیدا هێنا. ئەم هەنگاوانە بە ئامانجی گریمانەی دروستکردنی متمانەیە لەگەڵ هێزە نوێیەکان لە دیمەشق بۆ ڕێگەدان بە ئەمەریکا دوای چەندین ساڵ لە کشانەوە، تا بتوانێ زیاتر شوێن پەنجەی بە ئەرێنی دیار بێت لە وڵاتەکەدا.

بەڵام ئەوەی ئەوان نایکەن پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا. ئەمە ئەرکی داهاتووی ئیدارەی ترەمپ دەبێت بۆ بڕیاردان کە چ ڕۆڵێک بگێڕێت لەو گەمە ستراتیژییە نوێیەی لە ئێستادا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوزەر دەکات و چۆن دەتوانێت بە باشترین شێوە پاڵپشتی هاوپەیمانە هەرێمیەکانی بێت وەک ئیسرائیل کە لە ئێستادا هەستیان بە کاریگەریەکانی کردووە.

 

 

سەرچاوە: گۆڤاری نیوس ویك، گۆشەی بیرو ڕا، بەرواری ١ ی کانونی دووەم سالی ٢٠٢٥

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار