ئەنەکەسە: لەگەڵ بارزانى باسى ئەوەمانکرد پ.ەکە.کە لە سوریا دەربکرێت
13 كاتژمێر لەمەوپێش
ــ ڕاگرتنی پێشێلکاریەکان بەرامبەر ئەنەکەسە لە سوریا
ــ قۆستنەوەی ئەو هەلە مێژووییەی کە بۆ کورد هاتووەتە پێش لە سوریا
ــ وڵاتەکەمان ئارام بێت، نەک بیانوو بدەینە وڵاتانی دەرەوە ئارامی تێکبدەن
ئەندامێکی ئەنجومەنیی نیشتمانی کورد سوریا، (ئەنەکەسە) ناوەرۆکى کۆبونەوەکەیان، لەگەڵ مەسعود بارزانی ئاشکرا دەکات، ، خاڵی هەرە گرنگ باسی ئەوە کراوە چۆن بتواندرێت (پ.ەکە.کە) بە زووترین کات لە سوریا بچێتە دەرەوە، وتى: هاوکات هێزە دەرەکیەکان لە سوریا هەمووی بچنە دەرەوە.
دەشڵێت جەختیان لەسەر چوار خاڵی تایبەت بە داهاتووی کورد لە سوریا کردووەتەوە.
سەبارەت بە خاڵەکان بریتین لە یەکهەڵوێستی سیاسی کورد، ڕاگرتنی پێشێلکاریەکان بەرامبەر ئەنەکەسە لە سوریا، کردنە دەرەوەی پەکەکەو هێزە دەرەکییەکان لە سوریاو قۆزتنەوەی ئەو هەلە مێژووییەی کە بۆ کورد هاتووەتە پێش لەو وڵاتە.
ڕامان مەلا، ئەندامی نوێنەرایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) لە هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە، "لەسەر داخوازی بارزانی کۆبوونەیەک ئەنجامدرا، چەند تەوەرێکی سەرەکی تایبەت بە مافی کورد لە سوریا کرا، چونکە بارزانی بە گرنگییەوە لە دۆخی سوریا دەڕوانێت."
ئەو بەرپرسەى ئەنەکەسە وتیشی، "باس لەوە کرا چۆن یەکڕیزی ماڵی کورد، یەک هەڵوێست و یەک خیتابی سیاسی کورد هەبێت لەسەر بنەمای پاراستنی مافی کورد؛ وە چۆن دەتوانین چالاکتر لەگەڵ پێکهاتەکانی تر بە جیاجیا پەیوەندی ببەستین.
بەرپرسەکەی ئەنەکەسە ئاماژە بەوەش دەکات، خاڵی هەرە گرنگ باسی ئەوە کراوە چۆن بتواندرێت (پەکەکە) بە زووترین کات لە سوریا بچێتە دەرەوە، وتى: هاوکات هێزە دەرەکیەکان لە سوریا هەمووی بچنە دەرەوە، ئەوەش گرنگی تایبەتی خۆی هەیەو بتوانین ڕێگە لە بیانووی هێرشی دەرەکی بگرین بۆسەر ڕۆژئاوا؛ خەڵکی ئێمەو وڵاتەکەمان ئارام بێت، نەک بیانوو بدەینە وڵاتانی دەرەوە ئارامی ڕۆژئاوا تێکبدەن."
بەپێى وتەکانى ئەو تەوەرەکى دیکەى کۆبونەوەکە باس لە پێشێلکاریەکانی پەیەدە بەرامبەر ئەنەکەسە کراوە، لە دەستگیرکردنی بەرپرسەکان و سووتاندنی بارەگاکانی ئەنەکەسە بۆ پێشێلکردنی مافی ڕاگەیاندن و دەستگیرکراوەکانی لای پەیەدە.
وتیشى :خاڵیکی تریش جەختکردنەوە بوو لە قۆستنەوەی ئەو هەلە مێژوویەی کە لە سوریا بۆ کورد هاتۆتە پێش و پێویستە تێیدا کورد یەک ڕیز و یەک هەڵوێست بێت."
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، دوێنێ، چوارشەممە، 8ی مانگی یەکی 2025، لە سەڵاحەددین مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتى کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە کردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی بارەگای بارزانیدا هاتووە، "لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریا و هەروەها هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان لەمەڕ گۆڕانکارییە هەنووکەییەکان ئاڵوگۆڕ کرا.
وێڕای ناکۆکیەکانی نێوانیان، ڕۆژی 23ی مانگی 12 بە نێوەندگیری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەی نێوان لایەنە ناکۆکەکانی ڕۆژئاوا ئەنجامدرا.
دوای کۆبوونەوەکەش هەریەک لە هەسەدەو ئەنەکەسە کۆبوونەوەکەیان بە ئەرێنی ناوبرد، جەختیان لە گرنگی بەردەوامی کۆبوونەوەی هاوبەش کردەوە بە مەبەستی گەشتن بە ڕێککەوتن و بە هاوبەشی بەشداریکردنیان لە دانوستانەکان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سوریا.