هەسەدە: لە بەنداوی تشرین و گوندەکانی منبج ٣٧ چەتەى تورکیا کوژران
12 كاتژمێر لەمەوپێش
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەسەدە رایگەیاند، لە ئەنجامی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاو میلیشیاکانى بۆ سەر بەنداوی تشرین و گوندەکانی منبج زیاتر لە ٣٧ چەتە کوژراون و چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازی تێکشکێندراون.
بەپێی راگەیەندراوەکە کاتژمێر ١٠:٤٠ی پێشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە دەوڵەتی تورکیا، بە پێشەنگایەتی فڕۆکەی شەڕو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، هێرشێکی چڕی کردووەتە سەر گوندەکانی عەلوش و تل عەریش، هەروەها گردی سریاتل لە دەوروبەری بەنداوی تشرین کە دەکەونە باشوری رۆژهەڵاتی منبج.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئەنجامی شەڕی نێوان شەڕڤانان و چەتەکاندا، بە دەیان چەتە کوژراون، ئەوەی پشتڕاستکراوەتەوە، بینینی تەرمی ٣٧ چەتە بووە، ئەمە جیا لە برینداربوونی ٤ چەتە.
هەروەها توانراوە تانکێک و ٤ ئۆتۆمبێلی سەربازی چەتەکان تێکشکێندراون و گورز لە ٣ ئۆتۆمبێل لە جۆری ب ئێم بی وەشێندراوە.
هەر بە گوێرەی راگەیەندراوەکەى هەسەدە، شەڕڤانان لە نزیک گردی سریاتل بۆسەیان داناوە و چەندین چەتە کوژران و ژمارەیەکی زۆریشیان هەڵاتوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە پێکدادانەکان تا درەنگانێک بەردەوام بوون و تەرمی چەتەکان بەهۆی گورزی قورسی شەڕڤانانەوە لە ناو گۆڕەپانەکاندا کەوتبوون و چەتەکان نەیاندەتوانی تەرمەکان هەڵبگرنەوە.