تورکیا: پاککردنەوەی خاکی سوریا لە تیرۆر کارى سەرەکى ئەمساڵمانە
4 هەفتە لەمەوپێش
هاکان فیدان وهزیری دهرهوهی توركیا، رایدەیەگەنێت، بهردهوام دهبن له شهڕی تیرۆر، وتى: پاککردنەوەی خاکی سوریا لە تیرۆر یەکێک دەبێت لە ئەولەویەتە سەرەکییەکانی ساڵی 2025، چیرۆکەکەمان له سوریاش تازە دەستیپێکردووە.
پاشنیوەڕۆى ئەمرۆ هەینى، لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا لە ئەستەنبوڵ، هاکان فیدان وهزیری دهرهوهی توركیا، ڕایگەیاند کە ناوچەکە ئێستا لە شەڕو ململانێکان بێزار بووە و وتی، "ئێمە لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە ئاشتی و هاودەنگی و هاوکاریی بەردەوام هەیە.
ئەو، جهختیكردهوه له درێژهدان به شهڕ له ڕۆژئاوای كوردستان و به ناوهێنانی یهكینهكانی پاراستنی گهل (یهپهگه) وتی، "تیرۆر له سوریا مهترسییه بۆ سهر توركیا و دهبێت خاكی سوریا له تیرۆر پاكبكرێتهوه".
وەزیرەکەى تورکیا، هیوای ئەوەى خواست پرۆسەی گواستنەوە لە سوریا لە داهاتوودا بە لێکتێگەیشتنێکی هەمەلایەنە لەسەر بنەمای پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵات و یەکگرتوویی تەواو بێت.
وتیشى: ئامانجی یەکەمی سەرجەم ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ئەم ناوچەیە هەمیشە تورکیایە، بەشێوەیەکی سروشتی وڵاتەکەمان بەهەمان شێوە کاریگەرترین شەڕی دژی تیرۆر بەڕێوەدەبات.
بەوتەى هاکان فیدان، ئەوان وەک تورکیا، ئەو دەسەڵات و تواناو ئیرادەیان هەیە بۆ نەهێشتنی هەموو هەڕەشەکان، وتى: ئەمڕۆ گەیشتوینەتە کۆتایی لە چاوی ڕێکخراوە جوداخوازەکەو درێژکراوەکانی لە سوریا هیچ شتێک وەک جاران نابێتەوە چی تر.
فیدان بە ئاماژە بەوەی کە ئەو وڵاتانەی هەڵوێستی دووفاقییان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا نیشانداوە، پێویستە وانەیەک لە هێرشە تیرۆریستییەکانی ئەم دواییە وەربگرن، ڕایگەیاندووە کە ئێستا پێویستە هەمووان بزانن کە تیرۆر هیچ ئایین و نەتەوەیەکی نییە، هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەوروپا، ئەمریکاو تورکیادا نییە بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان.
فیدان ڕایگەیاند، لە داهاتوودا بە هەمان ئیرادە و بێ جیاوازی بەردەوام دەبن لە شەڕکردن لەگەڵ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی داع.ش و پ.ە.کەکە.
وەزیرى دەرەوەى تورکیا، ئاماژەی بەوەشکرد، پرەنسیپەکانی سیاسەتی دەرەوەی تەنها لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر نییە، بەڵکو پاڵپشتیکردنی ئەو وڵاتانەش دەگرێتەوە کە بەرەنگاریی تیرۆریزم دەکەنەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ئاسایش و سەقامگیری عێراق بە جیا لە ئاسایش و سەقامگیری تورکیا نابینن.
فیدان بە ئاماژە بەوەی کە تورکیا سەرنجی لەسەر دامەزراندنی هاوبەشی بەهێزە لەگەڵ دراوسێکانی، جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا بەردەوامە لە بەهێزکردنی هاوپەیمانییەکانی لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە، دیپلۆماسییەکی چڕو چالاکانە بەڕێوەدەبات.
ناوبراو لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، هێماى بۆ ئەوەکرد، ئەوان لە ماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوودا زۆر ماندوو بوون لەسەر سوریا، وتیشى: بێگومان بینینی ئەم ئەنجامە هەموومانی دڵخۆشکردووە. دەتوانم بڵێم چیرۆکەکەمان لەسەر سوریا تازە دەستپێدەکات. گەلی سوریا ڕووبەڕووی تەحەدای گەورەی جۆراوجۆر دەبێتەوە لەم قۆناغەدا، بەتایبەتی ئاوەدانکردنەوەی وڵات.